کۆریای باکوور دەڵێت تاقیکردنەوەی سەرکەوتوانەی مووشەکی ئەنجام داوە

میدیای فەرمی کۆریای باکوور دەڵێت وڵاتەکە سەرکەوتووانە ژمارەیەک تاقیکردنەوەی موشەکیی کردووە لەسەر ئەو جۆرە موشەکانەی توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکییان هەیە.

ئەو تاقیکردنەوە موشەکیانەش هاوکات بووە لەگەڵ ناردنی دەیان باڵۆنی پڕ لە پیسیی و خاشاک بۆ ناو خاکی کۆریای باشوور.

پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەردوو کۆریا، لە نزمترین ئاستیدایە بە بەراورد لەگەڵ چەندان ساڵی ڕابردوودا، هاوکاتی چڕکردنەوەی تاقیکردنەوە چەکییەکانی پیۆنگ یانگ و ناردنی باڵۆنە پڕکراوەکان لە خاشاک و پیسیی بۆ کۆریای باشوور.

کۆریای باکوور دەڵێت ئەوەی دەیکات "بەرسڤێکی هاوشێوەی ئەو ڕەفتارانەیە کە چالاکوانان لە باشورەوە دەیکەن لە بەرامبەر باکوور."

پێۆنگ یانگ، لە میدیای فەرمی خۆیەوە ڕایگەیاندووە "تاقیکردنەوەکانی سەرکەوتووانە بەڕێوەبردووە بۆ جیاکردنەوە و کۆنترۆڵ و ئاڕاستەکردنی کڵاوە ناوکییەکان."

لەشکری کۆریای باشوور دەڵێت "ئەو تاقیکردنەوانەی کۆریای باکوور، پێدەچێت لەسەر ئەو جۆرە موشەکە بووبێت کە خێراییەکەی لە خێرایی دەنگ زیاترە، موشەکەکە هەڵدراوە، بەڵام لە ئاسماندا تەقیوەتەوە."

ڕۆژی پێنجشەممە وتەبێژی سەرۆک هێزە هاوبەشە لەشکرییەکانی کۆریای باشوور ڕاگەیاندنەکەی کۆریای باکووری بە "فێڵ و زیادەڕەوی" لەقەڵەم دا.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس