ڕەوایی و گۆڕانکارییەکانی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران

دەشێت دەنگدانەکەی ڕۆژی هەینی، 28ی مانگی 6ی ئێران بە دەنگدانێکی نائاسایی ببینرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئێران، لەو ڕوانگەیەوەی ئەمجارەیان یەکێک لەوانەی دەستنیشانکراون بۆ بەشداریکردن بە کەسایەتییەکی سەر ڕیفۆرمخوازەکان ناودێر دەکرێت.

دکتۆر مەهدی ئەبوبەکر، پسپۆڕی سیاسی دەڵێت "ئەگەر هەڵبژاردنەکە لەلایەن ئۆفیسی ڕابەری کۆماری ئیسلامییەوە دەستێوەردانی تیادا نەکرێت و هەروەهاش ئەگەر باڵی توندڕەو لە ئێراندا کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دانەنێت، ئەوا دەتوانم بڵێم بە دڵنیاییەوە مەسعود پزیشکیان وەک نوێنەری باڵی ڕیفۆرمخوازانی ئێران سەرکەوتوو دەبێت و زۆرینەی خەڵکی ئێران، ئەوانەی دەنگ دەدەن و ئەوانەیش کە دەنگ نادەن پێشوازی لەو سەرۆکە نوێیەیان دەکەن کە سەر بە باڵی ڕیفۆرمخوازەکان دادەنرێت."

دکتۆر ئەبوبەکر، دەڵێت "لەوبڕوایەدام، دانانی ئەمجارەی کاندیدێکی ڕیفۆرمخواز لە هەڵبژاردنەکەی ئێراندا، پەیامێکی دەسەڵاتی سیاسی و باڵی توندڕەوەکانە تا بە خەڵکی ئێران و بە وڵاتانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش بڵێن، ڕێگەدراوە بە هەموو باڵە سیاسییەکانی ناو ئێران و هەروەهاش دەیانەوێت بە هەر شێوەیەک بێت بۆیاخێکی دیموکراتیانە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خۆیان بسون و بێ لەوانەش بە هێنانە ناوەوەی مەسعود پزیشکیان، دەیانەوێت ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا بەرز بکەنەوە."

دکتۆر حەیدەر سەلمان، پسپۆڕ و شیکەرەوەی سیاسی، گەشبین نییە بەوەی هەڵبژاردن لە ئێراندا گۆڕانکارییەک بە دوای خۆیدا بێنێت و دەڵێت "لەوبڕوایەدام زۆربەی خەڵکیش بڕوایان نییە بەوەی تەنانەت ئەگەر ڕیفۆرمخوازەکانیش بگەنە دەسەڵات لە ئێراندا، شییانی گۆڕانکارییەک لە سیاسەتە بنەڕەتییەکانی ئەو وڵاتەدا بێتە ئاراوە، بەتابەتیش کاتێک دەبینرێت ئاڕاستەکانی سیاسەتە دەرەوەییەکانی هەردوو لایەنی ڕیفۆرمخواز و پارێزگارانیش، هاوشێوەیە و ئەمە بێ لەوەی بوونی ڕابەری باڵا وەک دەسەڵاتێک لە سەرو هەموو دەسەڵاتەکانی ترەوە تەگەرەیەکی گەورەیە لەبەردەم ئەو گۆڕانکاریانەی پێویستن."

دکتۆر سەلمان، دەشڵێت ئەگەریش گۆڕانکارییەک چاوەڕوان بکرێت، ئەوا زۆر کەمە و تەنها لەوانەیە لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێراندا بێت، وەک "مافەکانی تاکە کەس و ئازادیی ژنان و ئاستی پشتیوانی لە توێژەکانی کۆمەڵگە؛ بەڵام دۆسێ سەرەکییەکانی وەک بەرنامەی ناوکیی و لەشکریی و پاوانخوازیی ئێران و ئەو بابەتانەی پەیوەندییان هەن بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، لەوبڕوایەدام هیچی ناگۆڕدرێن و لەوانەشە لە پەیوەندی بەو دۆسێیانەوە، ڕیفۆرمخوازەکان زۆر توندتریش بن لە کۆنەپارێزانی ئێرانی."

دوای کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی پێشووی ئێران و زیاتر لە 10 کاتژمێریش بەر لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی ڕەئیسی لەو ڕووداوەدا، ئایەتوڵا خامنەئی، ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەجێ ڕایگەیاند " هەرچییەک ڕووبدات هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بەڕێوەبردنی وڵاتەکە نابێت." بەڵام وەک زۆرێک لە ئێرانییەکان لە دەرەوە و لە ناوەوە دەڵێن "مردنی ڕەئیسی گورزێک بووە لە بەرنامەکانی خامنەئی و تواناییەکانی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەیشی کەمکردۆتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناڕەزاییەکانی خەڵک."

دکتۆر ئەبوبەکر لەبڕوایەدایە ناکرێت لەم هەڵبژاردنەدا ڕەوشی ناوخۆیی ئێران نادیدە بگیرێت و دەڵێت "بارودۆخی ئێران لە هەموو ڕووەکانەوە پەرێشانە و بێزارییەکی زۆریش هەن لە سیاسەتەکانی باڵی توندڕەوەکانی ئێران، ئەمەش وەها دەکات پێشبینییەکان زۆر بن لەسەر ئەوەی دەنگدەرانی ئێران بە پێچەوانەی سیاسەتەکانی کۆنەپارێزانی ئێرانەوە بەشداری لە دەنگدانەکەدا بکەن؛ لە هیچ کاتێکیشدا هێندەی ئێستا، بارودۆخەکە گونجاو نەبووە بۆ سەرکەوتنی کاندیدێکی ڕیفۆرمخواز."

دکتۆر حەیدەر سەلمان دەڵێت "ئێران بە ڕەوشی زۆر قورستر و خراپتردا تێپەڕیوە لەمەی کە ئێستا هەیە، تەنانەت لە سەروەختی بەڕێوبەرایەتییەکەی دانۆڵد ترامپدا و کوژرانی قاسم سولەیمانی، ئێران کەوتە ڕەوشێکی هات و نەهاتەوە، وەک توندکردنی سزاکانی سەر ئێران و چەندان شتی تریش، بەڵام ئێران لێی دەرباز بوو. بۆ ئێستایش، بەڵێ ڕەوشەکە ئاڵۆزە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران کاری لەسەر دەکەن و جا سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕیفۆرمخواز بێت یان کۆنەپارێز، ئەوا سەرۆکی وڵاتێک دەبێت لە بەرەی ڕۆژهەڵات و ئەمەش هێزێکی پێدەدات تابتوانێت بەرگە بگرێت."

دکتۆر مەهدی ئەبوبەکر، ئاماژەش بەوە دەکات کە باڵی ڕیفۆرمخواز لە ئێراندا بەدەر نییە لە کۆی سیستەمی سیاسی ئێران و بڕوابوون بە وەلی فەقێ، بەڵام دید و بۆچونێکی تری هەیە، وەک دەڵێت "سەبارەت بە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و بڕواشیان بەوەیە تا ئاستێک کرانەوە لە کۆمەڵگەی ئێرانی و کرانەوە لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەیی ئێراندا بێنە ئاراوە، بەوە هیوایەی گەشەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی لە ئێراندا بێنێتە ئاراوە."

تەواوی دەسەڵاتی بڕیاری یەکلاکەرەوە لە ئێراندا لای خودی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانە، وەک دکتۆر مەهدی ئەبوبەکر دەڵێت "هەربۆیە ئەستەمە و قورسیشە سەرۆکی کۆمار لە ئێراندا جا سەر بە هەر باڵێکی سیاسی بێت، بتوانێت لابداتە دەرەوەی ئەو سیاسەتە فەرمییەی ئێران کە لە ئۆفیسی ئایەتوڵا خامنەئییەوە دادەڕێژرێت؛ تەنانەت ئەگەر سەرۆکێکی سەر بە باڵی توندڕەوانی ئێرانیش بێت و بیەوێت هەنگاوێک بنێت پێچەوانەی سیاسەتەکانی بەیتی ڕەهبەر، ئەوا بۆی ناچێتە سەر، نمونەش زۆرن و لەوانە مەحمودی ئەحمەدی نەژاد، کە لە خولی دووهەمی سەرۆکایەتییەکەیدا هەندێک جموجۆڵی کرد پێچەوانەی ڕوانینەکانی ببەیتی ڕەهبەر بوون، هەربۆیە وەک دەبینین ئێستا خراوەتە دەرەوەی سیاسەت لە ئێراندا."

لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئێراندا، ڕێژەی کەمیی بەشداری دەنگدەران، کێشەی ڕەوایی هەڵبژاردنی هێناوەتە ئاراوە. ئێستاش نکوڵی ناکرێت لەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران لەژێر فشاردان و دەشیانەوێت لە ڕێی هەڵبژاردنەوە ڕەوایی خۆیان بسەلمێنن لە کاتێکدا، وەک دەگوترێت کێشەی خەڵک لە ئێراندا لەگەڵ هەڵبژاردندا نییە، بەڵکو کێشە هەرە سەرەکییەکەیان، ئەم سیستەمە سیاسییە فەرمانڕەوایەی ئێرانە، وەک زۆرینەی گەلی ئێران لە شۆڕشی ژینادا بە یەک دەنگ داوای ئازادی و مافیان دەکرد.

وەک سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژەیان پێکردووە نزیکەی 61 ملیۆن و 500 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە لەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی ئێراندا.