جەبار یاوەر: عێراق ڕازیە بە جموجۆڵی هێزەکانی تورکیا لە هەرێمدا بۆیە لێی بێدەنگە

هێرشی تورکیا لە سلێمانی

ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت ئەگەر پێشتر تورکیا لە ڕێگەی ئاسمانیەوە هاوکاری گەیاندبێتە بارەگاکانی لە هەرێم لە ئێستادا بەڕێگەی وشکانی دەیکات و نە پرس بە حکومەتی هەرێم و نە حکومەتی عێراقیش دەکات. دەشڵێت دەبێت عێراق لەم پرسەدا هەڵویستی هەبێت وا دیارە ڕازییە بە بوونی ئەو هێزە بۆیە بێدەنگە، چونکە وەک هەرێم نە لە ڕووی یاسایی، نە لە ڕووی سەربازی و نە لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە توانای ڕێگری نییە لەو هێزەی تورکیا.

فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، شارەزای بواری سەربازی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بێگومان پێشتر توركيا به هۆی هێلیکۆپتەرەوە پێویستی هێزەکانی لە ناو هەرێم و عێراق دابین دەکرد، بەڵام ئێستا ڕێگای کردۆتەوە بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکان و تانک و زرێپۆشەکانی بە ڕێگای وشکانی، تەنانەت پێویستی بە دەروازەی سنووری نییە بۆ هاتنە ناو خاکی هەرێم و عێراق وە ئەم جوڵەیەش بێ پرسی حکومەتی هەرێم و عێراق دەکات."

جەبار یاوەر، شارەزای بواری سەربازی


وتیشی" هەرێمی کوردستان نە لە ڕووی یاسایی، نە سەربازی نە نێودەوڵەتی توانای ڕێگری نییە لەو هێزەی تورکیا، پاراستنی هەرێم لەو هێزە ئەرکی عێراقە، بەڵام عێراق بێ هەڵویستە و خۆی بێدەنگ کردووە."

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی ئەمەریکایی سی پی تی، تورکیا لە مانگی دوازدەی ساڵی 2017ەوە تا مانگی چواری 2022 نزیکەی 64 بنکە و بارەگای سەربازی لە خاکی هەرێمدا لە قوڵایی 40 کیلۆمەتر بۆ 12 کیلۆمەتر دروستکردووە، سەرەڕای بوونی ئەو بارەگایانەش بەردەوام هێرشی سەربازی دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان.

بە گوێرەی ڕێکخراوی سی پی تی، تەنها لە ساڵی 2023 تورکیا 1548 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگییەوە بوون کە ژمارەیان 1159 هێرشبووە. هەروەها 228 جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و ئەوانی دیکە بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردنەوە بوون. وڵاتی ئێرانیش 101 جار بۆردومانی خاکی هەرێمی کوردستانی کردووە، سەرەڕای ئەوەی تەنها لە چوار مانگی ئەمساڵدا 8 هاوڵاتی سڤیل کوژراون کە چواریان لە گوندەکانی نزیک گارا بوون.

چەند ڕۆژێکە تورکیا بە هێزێکی زۆری سەربازی و چەک و جبەخانەوە لە سنورەکانی سەر بە پارێزگای دهۆکەوە هاتۆتە هەرێمی کوردستان، لە دوو ڕۆژی ڕابردووشدا دەنگی ئەمەریکا وەک یەکەم میدیا ڤیدیۆی ئەو هێزانەی لە نزیکەوە بڵاو کردەوە و دیمەنی بازگە و سەربازگەکانی تۆمار کرد.

هەرچەندە بە پێی ڕێکەوتنی هاوبەشی نیوان ئێران، عێراق و تورکیاوە لە مانگی 3ی ساڵی ڕابردوودا هێزەکانی پاسەوانی سنور لە سنورەکان جێگیرکراون، بەڵام بە ڕای جەباری یاوەر عێراق "بێ هەڵوێستە" و هۆکارەکەشی "بەرژەوەندی" نێوان ئەو دوو وڵاتەیە.

جەباری یاوەر دەڵێت،" ئەو هێزانەی ئێستا لەسەرتاسەری سنورەکانی هەرێم و تورکیا و ئێرانن هەمووی هێزی پاسەوانی سنورن کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقن، بەڵام عێراق خۆی بێدەنگ کردووە لەئاست ئۆپەراسیۆن و جموجوڵەکانی هێزەکانی تورکیا کە ئەمە پێشێلکردنی سیادەی عێراقە."

وتیشی،" هۆکاری بێدەنگیەکە، پێویستی عێراقە بە تورکیا و لە بابەتی ئاو و فرۆشتنی نەوت و ئەو ڕێگە تیجاریەیە کە دروست دەکرێت، یەکجار کۆمەڵێک گەشتیاری عێراق کرانە ئامانج عێراق کردیە هەڵا و وتی شکات ئەکەم، دەبێت هێزەکانی تورکیا لەو ناوچانە بکشێنەوە، بەڵام دوای سەردانەکەی ئەردۆغان و شاندە باڵاکە هیچ لایەنێکی عێراقی داوایان نەکردووە کە تورکیا بکشێتەوە، عێراق ڕازیە بە بوونی تورکی و جمووجوڵی هێزەکانی لە هەرێم، لە سەردانەکەی ئەردۆگان 26 ڕێکەوتن واژۆ کراوە بەشێکیان تایبەتە بە پاراستنی سنور."

بەشیکی زۆر لە ڕای گشتی هەرێمی کوردستان هاتنی ئەم هێزانە بەو چەکە قورسانەوە بە مەترسی لەسەر هەرێم دەزانن و تەنانەت ترسیان هەیە بە هۆی ئەگەری شەڕ و ئۆپەراسیۆنی نوێوە پرسی هەڵبژاردنی هەرێمیش دوا بکەوێت.

جەبار یاوەر دواکەوتنی هەڵبژاردن بەهۆی هێزەکەی تورکیاوە بە دوور دەزانێت.

جەبار یاوەر وتی،" ڕاستە ناوچەیەکی زۆری سنوری چۆلکراون و هێزەکانی تورکیای تێدایە کە زیاتر لە هاویندا ئەم پرۆسە سەربازیانە ئەنجامدەدەن، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم بتوانن کاریگەری گەورە و نێگەتیڤیان لەسەر هەڵبژاردنی هەرێم هەبێت."

وتیشی،" هەرێم دەبێت هەوڵبدات لە کێشەی نێوان پەکەکە و تورکیا بێ لایەن بێت، هەرێم ڕۆلی ئیجابی ببینێت لەم کێشەیەدا."