‎سالار مەحمود: هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ یەکێتی گرنگە بۆ دەربازکردنی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم لە قۆرخکاری

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی هەڵبژاردنی ئەمجارە بە چارەنووسساز دەبینێت بۆ "ڕاستکردنەوەی نا هاوسەنگی سیاسی و دەربازکردنی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم لە قۆرخکاریی." دەشڵێت، لەم هەڵبژاردنەدا کەمکردنەوەی ناوی ساختە و مردوو دەرفەتی ساختەکاری کەمترکردووەتەوە، بۆیە حزبەکەی چاوی لەسەرکەوتنە بە ئاستی یەکەم لە هەرێمی کوردستاندا.

سالار مەحموود ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی ئەو حزبە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "یەکێتی بەردەوام لە ئامادەکاریدایە، ئەم هەڵبژاردنە بە چارەنوسساز دەزانین بۆ راستکردنەوەی نا هاوسەنگی سیاسی و دەربازکردنی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم لە قۆرخکاریی."

وتیشی، "یەکێتی سەرکەوتنی خۆی لە سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە دەبینێتەوە بە پلەی یەکەم؛ تموحمان ئەوەیە دەنگی زیاتر و کورسی زیاتر لە هەڵبژاردنی پێشوو بەدەست بهێنین، بۆ ئەم بابەتەش لە ئامادەکاری بەردەوامداین. دڵخۆشین ناوی دووبارە و ناوی مردوو و ناوی وەهمی لە لیستی دەنگدەراندا زۆر کەمکراوەتەوە، ئەمەش پانتایی ساختەکاری کەمتر دەکاتەوە."

ڕۆژی چوارشەممە، 26ی شەشی 2024، بۆ پێنجەم جار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشانکرد و بڕیاریدا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی دەی 2024 بەرێوەبچێت.

بەهۆی ناکۆکی سیاسی نێوان لایەنەکان لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لە ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، تایبەت بە کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێم و کورسی پێکهاتەکان و دابەشکردنی هەرێم لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە بۆ چوار بازنە، سەرۆکایەتی هەرێم دوای چوار جاری سەرنەگرتووی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ پێنجەم جار وادەکەی دیاری کرد و بە فەرمی مەرسوومێکی تری سەرۆکایەتی دەرکرد بۆ 20 ی مانگی دەی ئەمساڵ.

گۆڕانکارییەکان لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمدا پێدەچێت گەڕی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە بخاتە بەردەم ململانێیەکی قورسی نێوان لایەنەکان بە تایبەت دوای ئەوەی پارتی پێشتر بە گۆڕانکاریەکانی یاساکە ناڕازی و بایکۆتی هەڵبژاردنی کردبوو. هەرچی یەکێتیە بەو پێیەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلا کردەوە، بانگەشەی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرتر لە دەنگدانەکانی پێشووتری حزبەکەی دەکات.

سالار مەحموود دەڵێت، "ویست و ئیرادەی یەکێتی سەرکەوتووبوو لە ئەمساڵدا هەڵبژاردن بکرێت، هیوادارین هیچ رووداوێکی نەخوزراو ڕونەدات کە بە زیان بە قەوارەی هەرێم و خواستی گشتی بکەوێتەوە. هەڵبژاردن باشترین خۆ تاقیکردنەوەیە لەبەردەم ڕای گشتی، سەرکەتنی پرۆسەکە بۆ ئێمە گرنگە."

وتیشی،" یەکێتی پێی باش بوو هەڵبژاردن زووتر بکرایە، هەڵبژاردنی پەرلەمان درەنگیش بکرێت باشترە لەوەی کە هەر نەکرێت. ئەم حکومەتە قۆناغ و ناسنامەی کاربەڕێکەریشی تەجاوز کردوە، بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن قۆناغێکی نوێ لە حوکمڕانی کوردستان دەستپێدەکات. زاندراوە کە یەکێتی و هەرە زۆرینەی لایەنەکان پێکەوە دژی دواخسنی هەڵبژاردن بوون و لە هەوڵدابووین هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و زاندراویشە چی لایەک دەیویست هەڵبژاردن هەر نەکرێت.