مەترسییەکانی ڕێگای کۆچی نایاسایی

ساڵ نییە چەند جارێک هەواڵی دڵتەزێن نەبیستین لە بارەی کۆچکردنی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکێکی زۆر ملی ئەو ڕێگایە دەگرن بەبێ لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی، لەوانە خنکان لە نێو ئاوی دەریا، سەرما و گەرما و بێ خۆراک و ئاوی ڕێگا و تووشبوونی نەخۆشی و تێکچوونی باری دەروونی، تەنانەت حاڵەت بووە کۆچبەران ڕووبەڕووی لێدوان و دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە لەلایەن قاچاخچییەکانەوە.

دەپرسین:

1- ئایا لەلایەن وڵاتان و ڕێکخراوەکانەوە وەک پێویست هۆشیاری خەڵک کراوەتەوە لە مەترسییەکانی ئەم ڕێگایە؟

2- بۆچی لای خەڵکی باو نییە ڕێگە یاساییەکان بگرنەبەر بۆ کۆچکردن بۆ وڵاتان؟

3- دەزگاکانی ڕاگەیاندن توانیویانە ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن؟ بۆ نمونە ڕێنمایکردنی خەڵکی کە چۆن دەتوانن بە فەرمی کۆچ بکەن و چ وڵاتێک و وڵاتێک بە فەرمی کۆچبەران وەردەگرێت.

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ چەند ڕووداوێکی دڵتەزێنی ئەم ڕێگەیە دەخەینە ڕوو بە میوانداری:

مژدە عومەر، یەکێک لە ڕزگاربووانی بەلەمەکەی ئاوی ئازاد لە ئیتاڵیا .

ئاریا ڕەشاد، ڕۆژنامەنووس و پەنابەر لە ئەڵمانیا کە پێشتر بەو ڕێگایە گەیشتووەتە ئەوروپا.

ڕێکان عەبدوڵڵا حەمە ئەمین، برای قوربانییەکی ئەو ڕێگایە.

Your browser doesn’t support HTML5

مەترسییەکانی ڕێگای کۆچی نایاسایی

مژدە عومەر:

بەڕاستی ئێمە دۆخمان خراپ نەبوو لەڕووی ئابورییەوە، چونکە مێردەکەم زەڕەنگەربوو، تەنها بۆ دابینکردنی داهاتووی مناڵەکانمان لەڕووی خوێندن و گوزارەنیان دەمانویست بگەیەنە وڵاتانی ئەوروپا، لە خانەوادەکەم کە شەش کەس بوین چوار کەسمان تیاچوون لە ڕووداوی نوقمبوونی بەلەمەکەی ئاوی ئازاد کە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە نزیک سنورەکانی ئیتاڵیا نوقمبوو، سێ مناڵ و هاوسەرەکەم، لەماڵی خوشکەکەشم تەنها خوشکەزایەکم ماوەتەوە، دوای نوقمبوونی بەلەمەکە، یەکێک لە کۆچبەرەکان کە ئەویش لەگەڵ منداڵ و ژنەکەی هاتبوو، لەبەرچاوی خۆمدا کچە شانزە ساڵانەکەی کوشتم.

ئەو کەسەی لەسەر بەلەمەشکاوەکە کچەکەمی کوشت، خۆی یەکێک بوو لە سەرنشینانی بەلەمەکە، هیچ کێشەی دەرونیمان لێ بەدی نەدەکرد، ئاسایی بوو، دەگەڕا بەسەر خەڵکی بەلەمەکە پێش نوقمبوون داوای ئاوی بۆ شیری منداڵەکەی دەکرد لەگەڵ داوای ترش، یا لیمۆ، زۆر ئاسایی بوو، بەڵام چوارەم ڕۆژ پاش ئەوەی لەشەوی پێشتر مێردەکەم و دوو منداڵم مردن، کە زیاتر دوو منداڵەکەم ڕەقبونەوە، ڕاستە کچە شانزە ساڵەکەم بەهۆی شەپۆلی ئاوەکەوە ماندوو بوو هێنابومەنە سەر لایەکی بەلەمە نوقمبووە شکاوەکە درێژم کردبوو، دۆخی باشبوو، بەڵام ئەو پیاوە هات لەسەر سنگی دانیشت تا کەف لەدەمی هاتە دەر و چاوی دەرپەڕی و گیانی لەدەستدا ئیتر هەستایە سەرپێ کەزانی کچەکەمی خنکاندووە وتی ئۆخەی دڵم ئیسراحەتی کرد، دوو پیاوی سەرنشینی بەلەمەکە و خۆشم هاوارم کرد بۆ وادەکەی وامەکە! بەڵام ئەو دوو پیاوەش دەرەقەت نەهاتن چ جای من !ئیتر دوو پیاوەکە هاتن وتیان دادە هیچ ناکرێت لەترسی ئەوەی خۆشمان فڕێنەدا و کوڕێکەی ترم کەئێستا تاکە مناڵمە لە ژیانم ئەویش نەکوژێ نەمانتوانی هج بکەن، ئەو دوو پیاوە وتیان تەرمی کچەکەت فڕێدە ئاوەکە خۆمان ئەگەری هەیە دەرنەچین ئیتر فڕێمدایە ئاوەکە، ئەو پیاوە مناڵەکەی خنکا، سەرنشینانی ڕزگاربووی یەختەکە دەڵێن، ژن و مناڵەکەی خۆشی خنکاندووە، بەڵام من ئەوەیان نازانم چونکە بەچاوی خۆم نەمدی، ئەوەی بینیم ژنەکەی سەری لەئاوەکەدا بوو شەپۆل لێی دەدا لەبەردەمیدا بوو، وتم کاکە بۆ سەری خێزانت دەرناکەی لەئاوەکە، وادەخنکێ ڕزگاری بکە، ئینجا دەستی برد سەری دەرهێنا بەڵام ژنەکە گیانی لەدەستدا.

کاتێک پۆلیسی فەرەنسا ڕزگاری کردین، من لەدوو ڕزگاربوم پرسی، ئەوانە پۆلیسن سکاڵام هەیە، ئیتر هاتە لامەوە وتی، بەس سکاڵام لەسەر تۆمار مەکە پارەت دەدەمە و دەشتنێرمەوە کوردستان، من پێم وت لاکەوە بانەتبینم.

ئێستا خوشکەزایەکم لە ماڵی خوشکەکەم کە ئەوانیش لەناو بەلەمەکە بوون بەتەنها ئەو ماوە، بەڕاستی ئەو کچەم کە ئەو کەسە کوشتی دۆخی زۆرباشتر بوو لەم خوشکەزایەم ئەوەتا شکور خوشکەزاکەم ماوە و چارەسەر دەکرێت، کچەکەم دۆخی باشبوو، پاش ئەوەی باوکی و دوو برا و خوشکەکەی گیانیان لەدەستدا دڵی منی دەدایەوە دەیوت، دایە ئەوەتا ئێمە ماوین ژیانێکی نوێ و خۆش من و تۆ براکەم دەستپێدەکەینەوە.

بەداخەوە کوڕەکەم هێندە دۆخی دەرونی خراپە، نەک هەر ئەو هەموومان توشی نەخۆشی دەرونی بوین، کوڕەکەم دوێنێ شەو لەخەو ڕاپەڕی هاواری کرد وتی دایە، هاتە لامەوە سەری نا بەسنگمەوە، هاواری دەکرد دایە ئەها کەوتە ناو ئاوەکە ڕزگاری بکەن، کەوەڵامم دایەوە، وتم کوڕم هەستە بچۆرەوە سەر جێگای خۆت ئیتر سەیرێکی کردم و وەک ئەوەی دڵنیابێتنەوە من ماوم هەستا چوەوە سەر جێگاکەی خۆی.

کوڕێکەم تاساوە، هەر بێدەنگە و لەسوچێکدایە، ئەو ڕۆژە دەگرییا چونکە وێنەی باوکی لە تیکتۆک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بینی کە بڵاوکرابووەوە.

تاکە شتێک ئێستا دەمەوێ و بۆی دەژم ئەوەیە مافی کچەکەم وەربگرمەوە لەو تاوانبارەی کچەکەمی کوشت، شاهێدم هەیە، ئەوانەی ڕزگاریان بووە شاهێدیان بۆ داوم لای پۆلیسی ئیتاڵیا، بەڕاستی کوشتنی ئەو کچەم لەسەر بەلەمەکە زۆر قورستر و سەختر و ناخۆشترە بۆم لە خنکانی دوو منداڵ و هاوسەرەکەم، چونکە ئەوان بەئەمری خوا بوو خنکان، بەڵام کچەکەم لەبەرچاوی خۆم ئەو کەسە خنکاندی، هەمیشە دێتەوە بەرچاوم کە کەف لەدەمی هاتەدەر و چاوی دەرپەڕی.

ڕێکان عەبدوڵڵا حەمە ئەمین:

لە ٨\١١\٢٠٢١ دوو خانەوادە، کە یەکێکیان ماڵی براکەم بوو، ئەوی تریان دراوسێمان، بەرەو تورکیا بەڕێکەوتن، دوای ٣٦ ڕۆژ لە تورکیا تێلفۆنیان کرد سێ ڕۆژ پێش بەڕێکەوتنیان بە بەلەمەکە، بەمن و باوکم و ئەوانیان وت، دەگەڕێینەوە لێرە بێزار بوین، چونکە بەنیسب نابێ بەڕێبکەوین، ماڵمان بۆ بشۆن و ئامادەبکەن دەگەڕێیینەوە کوردستان، بەداخەوە لەوکاتەی ویستییان بگەڕێنەوە قاچاخچییەک ڕازی کردون کەئەو یەختی تایبەتی خۆی هەیە تەنها ٤٥کۆچبەر دەخاتە ناو یەختەکە و بەکەمتر لە سێ ڕۆژ دەیانگەیەنێتە ئەوبەر، هەر قسە و بەڵێنێک ئەو قاچاغچیە دابووی بە ماڵی براکەم و ئەوانی تر ڕاست نەبوو درۆ بوو، تەنانەت لەناوەڕاستی دەریادا کاتێک سوکانی یەختەکە گیرببوو لە ناوەڕاستی دەریاکە یەختەکە دەخولایەوە و بەر شەپۆلە توندەکان دەکەوت براکەم و کۆچبەرەکان چەندین جار پەیوەندییان بەقاچاغچیەکە دەکرد کە بەفریایان بکەوێ، یەختی تر بنێرێ بۆ هاوکارییان بە وێنە و ڤیدیۆ داوای هاوکاریان دەکرد، بەڵام قاچاغچیەکە تیلفۆنی بەسەردا داخستن ئەوەبوو یەختەکەیان نوقم بوو ئەو کارەساتە گەورە ڕوویدا.

تەنانەت داوایان لە پۆلیسی یۆنان کردبوو بۆ هاوکاری من خۆم چومە لایان مامۆستای برازاکەم بە بەرپرسی پۆلیسی یۆنانی وت، ئەگەر ئێوە بچونایە بەفریایان ئەو کۆچبەرانە نەدەخنکان، بەڵام ئەو وتی، لەدوای دوانزە و نیوی شەو لەسەروخۆم دەبێت پێم بوترێ دەرچم بۆ هاوکاری، بەڵام دواتریش وتی، ئێمە ئەگەر بچین بۆ ڕزگارکردنی هەر بەلەم و یەختێکی نایاسایی کۆچبەران کە پەیوەندیمان پێوە دەکەن ئەوکات دەبێتە هاندان بۆ هاتنی کۆچبەری زیاتری نایاسایی بۆیە بەئەنقەست لە چەند بەلەمێک و یەختێک دانەیەک دەچین بەدەمیانەوە.

بەڕاستی قاچاغچی ڕاست ناکات لەگەڵ کۆچبەرەکان،کاتێک دەڵێ یەختی خۆم هەیە، چوب یا هەر شتێک ڕاستناکات هیچ قسە و بەلێنێکی ڕاست نیە، کە کۆچبەریش لێی دەقەومێ نەک هەرناچێت بەدەمیانەوە هەوڵی ڕزگارکردنیان بدات، تەلەفۆن دەکوژێنێتەوە بەسەریاندا.

لەو یەختەی ماڵی براکەمی تێدابوو لە کۆی 63 کۆچبەر یانزە دوانزە تەرم دۆزراونەتەوە کە سێ کەسییان کورد بوون ئەوانی تر عەرەبن لە ساڵی 2021وە تاکو ئێستا تەرمی 51سەرنشینی بەنادیاری لەژێر ئاوەکەدا ماوەتەوە، براژنی خۆم دوای چوار مانگ دۆزرایەوە بەڵام زۆر تێکچوبو تەرمەکەی بەهۆی (دی ئێن ئەی) ناسراویەوە، ئێمە تائێستاش چاوەڕێی دۆزینەوەی تەرمی براکەمانین لەساڵی 2021، هەر ئەو ساڵە پێییان ڕاگەیاندنین بەپێی ئامارەکان تەرمی 3521 کۆچبەری کورد کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی پشدەر ن و بتوێنن، لە ژێر ئەو ئاوەدان، بەداخەوە کەچی تائێستاش ڕۆژانە خەڵک هەر دەڕۆن بەهۆی ئەو دۆخەوە.

بەداخەوە هۆشیاریکردنەوەی خەڵک کەمە، هەر خودی حکومەت خۆی پێی خۆشە ڕۆژی بیست یەخت بڕوات هەمووی کورد بێت و هیچییان لە دەریای ئیجەدا نەیەنەوە، خەڵکیش دەڵێ لەبەر ناڕازی بون لەو دۆخە دەڕۆم ناهەقی نیە من لەوکاتەی لەم بەرنامە قسە دەکەم دووجار مۆلیدەکە هەستاوەتەوە، بەڵام حەقە خەڵک ناڕەزایی لێرە دەرببڕێت نەک بڕوات لەو ڕێگایە ملی خۆی لەچەقۆ بسوێنێ، خەڵک دەبێت وانە لەو هەموو تەرم و قوربانیە وەربگرێ کەڕۆژانە بۆمان دێنەوە.

بەداخەوە بە ئاشکرا لە هەرێمی کوردستانەوە قاچاغچێتی دەکرێت لە پەیجەکان و تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ژمارە و ناونیشانی قاچاغچییەکان دادەنرێ ڕیکلام بۆ یەجتەکانیان دەکەن کە بەڕاستی هەمویان درۆزن و ساختەچین هیچییان یەختییان نیە، دەڵێن چوپی تێدایە یەختەکان ئەوەش درۆ دەکەن ئێمە خۆمان قاچاغچییەکانمان بینین لە تورکیا پێمان وتن ئەی ئێوە وابەڵێنتان نەدا نەتانوت وایە و وایە، هەمویان دەیانهێنا بەسەر قاچاغچیەکی تردا کەلەوێ نەبوو.

داوا لەخەڵک دەکەم کەبەقسە و بەڵێنی قاچاغغچی هەڵنەخەڵەتێن، با چۆن ئێمە جەرگمان سوتاوە تائێستاش تەرمی براکەممان نەدۆزیوەتەوە و چاوەڕوانین با وەک ئێمەیان لێ نەیەت، ئەو قاچاغچییانە بەڵێنیان دا کە یەختەکە لەهەرکوێ توشی کێشە بوو ئەوان دەستبەجێ پۆلیس ئاگادار دەکەن بچن بەدەمیان بەڵام درۆیان کرد دوایی نەک هەر نەچون بەدەمیانەوە بەڵکو تەلەفۆنیان داخستەوە بەسەریاندا، بۆیە تکایە بڕوا بە بەڵێنی قاچاغچی نەکەن هەرچۆن بێت ژیانیان لە کوردستان بن باشترە وەک لەو ڕێگایە ماونەتەوە بەڕاستی من چومە شوێنی نوقمبوونی یەختەکە بەڕاستی شوێنێکە هێندە ترسناکە دڵنیام هەڕچی بیبینێ پێشتر قەت خۆی ناداتە دەست ئەو ڕێگا، وە پۆلیسی دەریاوانی یۆنانیش پێی وتین ڕۆژی واهەیە سەد پەیوەندیمان بۆ دێت بۆ فریاکەوتن ئەگەر ئێمە بچین بەدەمیانەوە ئەوا لێشاوی کۆچبەری زیاتر دێت بۆیە لەسەر پەیوەندی دەچین بەدەم دوو دانەوە.

دۆخی رازاکەم کەبەتەنها لێرووداوی نوقمبوونی بەلەمەکەی ساڵی ٢٠٢١ لەئاوەکانی یۆنان، بەتەنها ماوەتەوە لە ٦٠ کۆچبەر و ماڵی براکەم تەنها اەو برازایەم ماوەتەوە، تائێستاش دۆخی دەرونی خراپە، نەهاتۆتەوە سەرخۆ ڕۆژاانە بەبەردەمی ماڵەکەیاندا دەڕوات،تائێستاش فەیس بوکەکەی هەر بەناوی برا بچوکەکەی داناوە.

ئاریا ڕەشاد:

من لەساڵی ٢٠٢١ لەسلێمانی لەڕێگای چەند کەسێکەوە کەبەقاچاغچیەکانت دەناسێنن بڕیارمدا کەبەڕێگای قاچاغ بەوشکانی بەرەو ئەوروپا بەڕێبکەوم، بەداخەوە بۆیە بڕیاری ڕێگای نایاساییم دا، چونکە پاسپۆڕتی عێراقی یەکێکە لەخراپترین پاسپۆڕتەکان بۆیە ڕێگای نایاسم هەڵبژارد، ئەوکەسانەی کەکاری قاچاغی دەکەن لە سلێمانی یا لە کوردستان بەئاشکرا دیارن و بە ئاسانی خەڵک پێییان دەگات، لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ڕیکلام دەکەن، ئەوان بەڵێنی ناڕاست دەدەن، چەندین مانگ بەڕێگای وشکانی بەپێ ڕۆیشتین، لەو ماوەیەدا سنوری ١٠ وڵاتمان بڕی، بەبێ نان و ئاو، جاری واهەبووە کەلەسنوری ئەو وڵاتانە دەستگیرکراوین شەش-حەوت سەعات لەناو ئۆتۆمبێلی پۆلیسبوین بەبێ نان و بەبێ ئاو هێنراوینەتەوە سنورەکە پاش لێدان و سوکایەتی لەودیو سنور بەریاندەداین، جاری واهەبوو قاچاغ چی دەیوت بە دوو ڕۆژ ڕێگاکە دەبڕین ئێمە خواردن و پێویستمان بۆ ئەو دوو ڕۆژە دەبرد بەڵام دە ڕۆژمان پێدەچوو، ماوەی هەفتە زیاتر بەبرسێتی بەچیا و دارستانەکان دەڕۆیشتین جارێکیان بۆ سێ ڕۆژ بەبرسێتی ڕێمان کرد، بەبێ هیچ خواردنێک بەڵام باشبوو لەدواجاردا لەڕێگا باخێکی سێومان هاتە ڕێ.

بەداخەوە میدیاکان لە کوردستان نەک هەر ڕێگر نەبون لە کۆچی نایاسیی وە خەڵکیان هۆشیار نەکردۆتەوە بەڵکو خەڵکیش هان دەدەن، بڕۆن سەیری گرافیک و مانشێتی هەوال و ڤیدیۆ و وێنەی میدیای کوردی بکەن بەس لە ١٠%ی ئەوروپا دەردەخات وێنە و ئاهەنگی سەری ساڵ بڵاودەکەنەوە یا شوێنە جوانەکان، بەڵام نایەن لە ٩٠%ی پیشان بدەن، تەنانەت سۆشیاڵ میدیاش کەسێکە لەئەوروپایە دێت لە ١٠%ی ژیانی خۆشییەکان پۆست دەکەن بەڵام سەختی و کارکردن پۆست ناکەن.هیوادارم خەڵک بەو وێنە ساختانە هەڵنەخەڵەتێن.

من ئەگەر ئەوکاتەی ڕێگای نایاسییم گرتەبەر ئەگەر هۆشیاری وەک ئێستام هەیە بەو ڕێگا نایاساییە نەدەهات، چونکە دەیان دەرفەت و ڤیزای جۆرا و جۆر هەیە کەهەرکەس بتوانێت بێت بەوڕێگایە کەتەنها پارەیەکی زۆر بەکەمی دەدا بەڤیزاکە، لەکاتێکدا ئەوەی دەفتەرێک خەرج دەکات بۆ ڕێگای نایاسایی نازانن چۆن پەیدا دەبێ ئەو دەفتەرە لەئەوروپا.ئێستا نەک لەئەوروپا لە ئەمەریکا کەنەدا هەموو وڵاتێک دەرفەت و ڤیزای خوێندن و کار هەیە، کێسەی خەڵکی ئێمە ئەوەیە یەک زمان دەزانێ هیوادارم لە کوردستان هەرکەس بەونیازی دەرەوەیە پەرە بەخۆی بدات لەفێربوونی زمان چونکە ئەگەر زمانێکی تر بەتایبەت وەک ئینگلیزی بزانێ دەرفەت زۆرە بەشێوەی فەرمی بگەیتە ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا.

من وەک نیشتەجێبوو یەکی ئەڵمانیا ئێستا دەلێم وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا شوێنێکی باش نەماون بۆ کۆچبەر بەهۆی ئەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕێککەووتنی هەیە لەگەل عێراق، جگە لەوەی ڕاستڕەوەکان لە ئەوروپا لەڕووی ئاستی جەماوەریەوە بەرەو پێشچوون لەهەڵبژاردنی مانگی ڕابردووی یەکێتی ئەوروپا سەرکەوتنی بەرچاوییان هێنا ئێستاش دروشمی ئەو ڕاستڕەوانە دژی پەنابەران و ناردنەوەیانە بۆ وڵاتی خۆیان نەک تەنها بۆ پەنابەری تازە بەڵکو بۆ کۆنەکانیش.