چاوەڕوان دەکرێت بایدن و نەتانیاهۆ لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆببنەوە

کاربەدەستێکی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی مانگی حەوتدا سەرۆک جۆو بایدن و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ کۆببنەوە.

چاوەڕوان دەکرێت دیدارەکەی نێوان هەردوو سەرکردە لەکاتێکدا بەڕێوە بچێت کە نەتانیاهۆ سەردانی واشنتۆن دەکات بۆ پێشکەشکردنی وتارێک لە بەردەم کۆنگرێسی ئەمەریکا.

ناتانیاهۆ 24ی حەوت سەردانی واشنتن دەکات و تارێک پێشکەش بە دانیشتنێکی هاوبەشی ئەنجومەنی نوێنەران و سینات دەکات.

کەناڵی سی ئێن ئێن کە یەکەم جار هەواڵەکەی لەسەر کۆبوونەوەی بایدن و نەتانیایۆ بڵاوکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا وردەکارییەکانی ئەو کۆبونەوە چاوەڕوانکراوە لە کۆشکی سپی پشتڕاست نەکراوەتەوە.

ئەمەریکا لە شەڕی غەززەدا، چ بە چەک و چ بە پشتیوانی دیپلۆماسی دیپلۆماسی پاڵپشتییەکی بەهێزی ئیسرائیلی کردووە، بەڵام بایدن لە هەندێک حاڵەتدا نیگەرانی خۆی لە هەڵوێستی ئیسرائیل دەربڕیوە.

بایدن جارێک ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل بە بێ جیاوازی هێرش دەکاتە سەر خەڵکی غەززە و جارێکیش گوتبووی هەڵمەتە سەربازییەکەی ئیسرائیل زۆر توندوتیژە.

دوای کوژرانی بەشێک لە کارمەندانی فریاگوزاری، بایدن لە مانگی 4ی ڕابردوودا بە تەلەفۆن بە ناتانیاهۆی ڕاگەیاندبوو کە پێویستە هەندێک هەنگاو بنێت بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو هەنگاوانە نەگیرێنەبەر، واشنتن دەتوانێت سیاسەتی خۆی بەرامبەر ئیسرائیل بگۆڕێت.

کۆمارییەکان کاردانەوەیان بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی بایدنی دیموکرات دەربڕی و ڕایانگەیاند کە پێویستە یارمەتی زیاتر بۆ ئیسرائیل بێت.

بەهۆی شەڕی غەززە دەیان هەزار کەس کوژراون و قەیرانی مرۆیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر دەبێت، ئەمەش لەکاتێکدایە ڕەخنە نێودەوڵەتییەکان لە پاڵپشتی ئەمریکا لە ئیسرائیل زیاتر دەبێت.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسرائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 38,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز