لە سلێمانی ڕێگری لە ڕوماڵی گردبوونەوەی دژی تورکیا کرا ئاسایش دەڵێت "بەهۆی سەلامەتییە"

دیمەنێکی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی 3ی حەوتی 2024 لە سلێمانی دژی هاتنی سوپای تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی گردبوونەوەی نارەزایەتی دژی هاتنی هێزەکانی سوپای تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام ئاسایش ڕێگری لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد ڕووماڵی چالاکیەکە بکەن و لە لێدوانێکی تایبەتیشدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دەڵێن، "بە هۆکاری ئەمنی و پاراستنی سەلامەتی هەموو لایەک" ڕێگریان کردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ 7ی مانگی سێ کۆمەڵێک لە پەرلەمانتارانی خوولەکانی پێشوو، کەسایەتی و چالاکوانانی شاری سلێمانی گرتبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە سەکۆی ئازاد لە شاری سلێمانی ئەنجامدا. بەڵام چالاکیەکە لەژێر چاودێریەکی تووندی ئاسایشیدا بەڕێوەچوو، ڕێگە بە هیچ کەناڵێکی ڕاگەیاندن نەدرا ڕووماڵی بکەن و هەر میدیاکارێکیش هەوڵی دەدا بچێتە شوێنی چالاکیەکە ڕێگری لێدەکرا نزیکی شوێنەکە ببێتەوە.

ئەم هەڵوێستەی ئاسایش نیگەرانی ڕێکخەران و سەرپەرشتیارا نی چالاکیەی لێکەوتەوە.

نەبەز خالید، ئەندامی "گردبوونەوی دژی داگیرکاری" و ئامادەی چالاکیەکە ڕایگەیاند، "ڕێگرییەکەی ئاسایش سەرکۆنەدەکەین و بە کارێکی نەشیاوی دەزانین، چونکە ڕای ئێمە بەڵگەیە لە ڕای بەشێکی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان، دەبوایە ئاسایش و بەرپرسە باڵاکان بزانن خەڵک جارێکی تر ئەمە قبوڵ ناکات."

دیمەنێکی خۆپیشاندانەکەی ڕۆژی 3ی حەوتی 2024 لە سلێمانی دژی هاتنی سوپای تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان کە دواتر لە لایەن ئاسایشەوە ڕووماڵکردنی ڕێگەی لێگیرا.

لەسەر هۆکاری ڕێگرییەکە، سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕوماڵەکە لەبەر چەند هۆکارێکی ئەمنی ڕێگە نادرێت و بۆ سەلامتی هەمووانە."

ئەو بەرپرسەی ئاسایش ئامادەنەبوو ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات.

ڕێکخەرانی گرتبووەنەکە ئاماژە بەوە دەکەن ئامانجیان لە چالاکییەەکە ئیدانەی لەشکرکێشی تورکیایە لە خاکی هەرێمدا.

دکتۆر شێرکۆ حەمە ئەمین پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی هەرێـمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا بە ئاشکرا هاتۆتە هەرێم و ژینگەکەی دەشێوێنێت، سەرۆکایەتیەکانی عێراق لەمە بێدەنگن، هەرێمیش بێدەنگە، بەڵام ناکرێت لەوە زیاتر داگیرکاری بەردەوام بێت جا تورکیا بیکات یاخود ئێران."

وێڕای نارەزایەتی خەڵکی هەرێم لە هاتنی هێزەکانی تورکیا، بەڵام ژمارەی چالاکوانانی گرتبوونەوەکە دیاری کراوبوو پەرلەمانتارێکی پێشووش هۆکارەکەی دەبەستێتەوە بە کێشە ناوخۆییەکان و خراپی دۆخی ژیانی خەڵک.

ئەبووبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری خوولی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەلایەن زۆرینەی خەڵکی هەرێمەوە ئەم دۆخە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆرینە سەرقاڵکراوە بە بابەتی مووچە و خزمەتگوزاری و شەڕی دەروونی بەرامبەر هاوڵاتیان دەکرێت، نا ئامادەیی خەڵک لێرە بەڵگە نییە لەسەر ڕەزامەندی خەڵک لەم لەشکرکێشییە."

Your browser doesn’t support HTML5

دەنگی ئەمەریکا بۆ یەکەم جار خاڵی پشکنینی تورکیا لە دەڤەری بەرواری باڵا بڵاودەکاتەوە

سەرباری چالاکیەکەی ئەمڕۆ گرووپەکە لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپیەکی بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە و واژۆی 114 کەسایەتی لەسەرە، وێرای سەرکۆنەی هاتنی هێزەکانی تورکیا داوای هەڵویستی جدی دەکەن.

لە بەشێک لە ناوەرۆکی بەیاننامەکەدا هاتووە، "هێرشى بەردەوام و بۆردوومان و داگیرکاری دەوڵەتى داگیرکارى تورکیا مەحکوم و شەرمەزار دەکەین. بە دەستدرێژى و پێشێلکارى بۆ سەروەری خاکی کوردستان و ئیکۆسایدی سروشت دەیبینین."

دەشڵێت، "دەبێت دەوڵەتى داگیرکارى تورکیا هێرش و داگیرکارییەکانى لە خاکى کوردستان ڕابگرێت، وە بنکە و بارەگاکانى بباتە دەرەوەى کوردستان و ئیکۆسایدى ژینگەى کوردستان نەکات. داواش لە گەلانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین بێدەنگ نەبن و هەڵویست وەرگرن."