چۆن ئەمەریکا لە ماوەی کەمتر لە 250 ساڵ بوو بە زلهێزێکی جیهان؟

ئەمڕۆ 4 ی مانگی حەوتی 2024، 248 ساڵ بەسەر دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تێدەپەڕێت. ئەم وڵاتە لە ماوەی کەمتر لە 250 ساڵ توانی ببێتە هێزێک ئەگەر یەکەم زلهێزی جیهان نەبێت، ئەوا بێگومان لە نێو چەند وڵاتە بەهێزەکەی جیهاندایە. لەو ماوەیە توانرا سیستەم و حوکمڕانییەکی وەها دیموکراسی و سەرکەوتووە لەو وڵاتە دابمەزرێت کە بە تەواوی هەرسێ دەسەڵاتەکانی دانانی یاسا و ڕێسا، وە جێبەجێکردن و دادەری جیابکاتەوە. ئابورییەکی وەها بەهێزی بۆخۆی دامەزراندووە کە کاریگەری بەسەر تەواوی جیهاندا هەیە. ناوەندێکی سەرەکی زانست و داهێنان و تەکنۆلۆجیایە لە جیهاندا. یەکێکە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی بواری چارەسەری پزیشکی. ناوەندێکی سەرەکی ڕۆشنبیری و هونەرە و دەتوانرێت بە پاشای جیهانی سینەما دابنرێت. خاوەنی بەهێزترین هێزی لەشکرییە لە جیهاندا. سیاسەت و دیپلۆماسیەتی ئەمەریکا ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە ڕووداوەکانی جیهاندا. پێشەنگە لە پێشکەشکردنی هاوکاری مرۆیی و کۆمەک و یارمەتی بۆ شوێنە لێقەوماوەکان لە جیهاندا.

Your browser doesn’t support HTML5

چۆن ئەمەریکا لە ماوەی کەمتر لە 250 ساڵ بوو زلهێزێکی جیهان؟

دەپرسین:

1- چۆن ئەمەریکا دامەزرا و گەیشتووە بەم وڵاتە؟

3- پێکهاتەی خەڵکی ئەمەریکا لە چ نەتەوە و ئاینێکن؟

4- چۆن ئەم وڵاتە توانی سیستەمێکی حوکمڕانی سەرکەوتوو بۆخۆی دابمەزرێنێت لە کاتێکدا بۆخۆی لە 50 ویلایەت پێکهاتووە و هەریەکەیان حکومڕانییەکی سەربەخۆی خۆیشیان هەیە، ئەمە جێگە لە حوکمڕانی ناوچە جیاجیاکانی ویلایەتەکانیش؟

5- مافەکانی مرۆڤ و ئازادی لەو وڵاتە چۆنە؟

6- چۆن سیستەمە ئابورییەکەی کاریگەری بەسەر تەواوی جیهاندا هەیە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم بابەتە دەکەین بە میوانداری:

دکتۆر قارەمان مامەند، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فیکس ئۆرگەنازەیشن.

پرۆفیسۆری یاریدەدەر، دکتۆر هەستیار کەمال کوردی، مامۆستا لە بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی.

دکتۆر ئاکۆ شوانی، مامۆستا لە بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی.

چێنەر عەبدوڵڵا، پارێزەر و ڕۆژنامەنووس.

دکتۆر هەستیار:

وەکو دەزانرێت ئەمەریکا لە ساڵی 492 لەلایەن کریستۆڤەر کۆڵۆمبۆس دەدۆزرێتەوە کە وەکو بەشێک لە دۆزینەوە جوگرافیەکان تەماشا دەکرێت، لە قۆناغێکی مێژوویی دا چەندین نەتەوەی جیاواز لە وڵاتی ئەمەریکادا بوونیان هەبووە، دواتر هەنگاوی ناوە هەستی ناسیۆنالیزمی لەناو ئەمەریکا دروستبووە، پێشتریش جەنگی ناوخۆیی لە ئەمەریکادا بووە کە پێموایە قۆناغێک بووە بۆ ئەم ئەمەریکایە نوێیە کە دەبوایە بگەنە ڕێککەوتنێک بۆئەوەی تەبایی و یەکگرتوویی لەناو خۆیاندا دروست بکەن سەردەمی دروستبوونی ئەمەریکا لەساڵی 1700 کانەوە بووە

چەند هۆکارێک هەیە کە ئەمەریکا ببێتە وڵاتێکی بەهێز و کاریگەری لەسەر وڵاتانی تر هەبێت، یەکەم هەنگاوی سەرەتایی کە ببێتە بڕیاردەر و ڕۆڵ ببینێت لە یەکلایی کردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتیەکان لە جەنگی جیهانیەوە دەستیپێکرد دواتر هەنگاوەکانی بەهێزبوونی ئابوری خۆی کە ئەوەندە بەهێز بوو بووە جێگرەوەی بەریتانیا

بەشێک لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی ئەمەریکا گرنگی زۆر گەورەی داوە لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵی، لەسەرەتای سەدەی بیستەوە ئەمەریکا ئەوەندە بەهێز بوو کە بوو بە یەکەم دەوڵەتی گەورە زلهێز گرنگیدانی بە سیستەمی لیبڕاڵی کە ڕێگەی بە سەرهەڵدانی سەرمایەداری گەورەدا لە وڵاتەکەدا هەروەها ڕەهایەتی تەواو درا بە تاکگەرایی و سنوردانان نەبوو بۆ بواری بازرگانی کردن لەڕێگەی حکومەتەوە ئەوەش هۆکارێک بوو کە دەوڵەتەکە ببێتە دەوڵەتێکی سەرمایەداری گەورە.

کۆچکردنی ئەوروپییەکان بۆ ئەمەریکا لە قازانجیدا بووە چونکە بووە هۆی زیادبوونی ژمارەی دەستی کار هەروەها بازاڕی بەکاربەریش زیادی کرد.

یاسا و سسیتەمی ئەمەریکا زۆر ورد و زۆر بە جوانی دانراوە کە هەر ویلایەتێک سەربەخۆیی خۆی هەبێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆی

هەروەها دیبلۆماسیەتی دۆلار ئەمەریکای بەهێز کردووە، هەموو بازاڕەکانی وڵاتانی سەرمایەداری جموجۆڵی بازرگانیان بە پارەی دۆلارەوە دەبێت واتە بەشێوازێک ئیش کرا کە بازاڕی سەرمایەداری هەموو کارەکانی بە دۆلار بکرێت.

ئەو ململانێ سیاسیانەی کە لە هەر وڵاتێکدا بوونی هەیە زیاتر لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی هەر دەوڵەتێکدایە و هەموو ململانێی سیاسیەکان لەپێناو قازانجی ئابوریدایە، ڕەوایەتی تەواو درا بە بازرگانی ئازاد ئەمە هۆکارێک بوو کە ئەمەریکا بەهێز بێت.

دکتۆر قارەمان:

ئەم ڕۆژە مێژووییە وابەستەیە بە مێژووی شۆڕشی ئەمەریکاوە کە دەتوانین بڵێن زیاتر شۆڕشێکی بەردەوامە، شۆڕشی ئمەریکی لەماوەی دووسەد ساڵی ڕابردوودا بەردەوامی خۆی هەبووە لەڕووی واقعیشەوە دامەزراوەیی و بەدیهێنانی ئازادی تاکەکەس لە چوارچێوەی سیستەمی فەرمانڕەوایەتی و پێشکەوتنی ئابووری ئەمڕۆ ئەمەریکا بۆتە سەنتەری جیهانی بۆ چاولێکردن.

ئەمەریکا زیاتر لە 170 ملیۆن کتێبی تێدایە، وە لە ساڵی 1970 وە زیاتر لە 11 ملیۆن داهێنان تۆمار کراوە لە ئەمەریکا، زیاتر لە 100 ملیۆن کەس توانیویانە ببنە خاوەن بڕوانامەی زانکۆ، زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو ڕێکخراوی قازانج نەویستی ئاکتیڤ لەسەر ئاستی ئەمەریکا لە 27 بواری گەورە لە پرینسیپەکانی مافی مرۆڤەوە هەتا مافی ئاژەڵ دەگرێتەوە.

بێجگە لەوەی ئەمەریکا وەکو سەنتەرێکی گرنگی ناوەندی تەکنەلۆجی و بازرگانی و سەربازی گەورەی جیهانە ئەمە وادەکات کە جیهان پێویستی بە ئەمەریکا بێت لە هەموو بوارەکان، لەهەمان کاتدا ئەمەریکا گرەنتی ئەوە دەکات پارێزگاری لە ئاسایشی جیهانی و ئاسایشی گواستنەوە و ئازادی بازرگانی بکات دەتوانم بڵێم ئەم پرانسیپە بەردەوام بووە هەتا ئێستا

لە ساڵی 1944 هەتا ڕادەیەکی زۆر توانیویەتی ئاسایش دابین بکات بۆ هاوپەیمانەکانی و پارێزگاری لە سنوری نیشتیمانی خۆی بکات

لە هەڵبژاردنی ئەمەریکادا تەنانەت بۆ شارێکی بچوک هەزاران یاسا بڕیاری لەسەر دەدرێت لەلایەن خەڵکی ئەمەریکاوە ڕاستەوخۆ ببێت بە یاسا لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئەمەش ئازادییەکی زۆر گەورە دەدات بە خەڵکی ئەمەریکا.

حکومەتی فیدڕاڵی هەمیشە لەسەر هێڵە لە بواری پەروەردە و بابەتی ڕێگەوبان، یاساکانی ئەمەریکا کۆمەڵێک مافی زۆر گرنگی دەستەبەر کردووە هەموو کەسێک کە لەسەر خاکی ئەمەریکا بژی ئەو مافانەی بۆ دەستەبەر کراوە

هەروەها یاساکانی ئەمەریکا کۆتایی بە جیاکاری دەهێنێت کە پەیوەندی بە ڕەنگ و ڕەگەزەوە هەبێت هەروەها دابین کردنی ماڵ و خانوو ئەمانە هەمووی پێکەوە ژینگەیەکی دروستکردووە بۆئەوەی بەرەوپێش چوونێک هەبێت.

دووشتی زۆر گرنگ هەن لە ئەمەریکا، یەکەمیان ڕێزگرتن لە ماڵ و خێزان، دووەم پرسی لادێی، پرەنسیپی لادێی لەناو ڕۆحی ئەمەریکا زۆر گرنگە چونکە ئەمە کلتوری لادێیە وایکردووە لەسەر ئاستە فراوانەکەی کۆمەڵگەیەکی تۆکمە دروست بکرێت چونکە کەلتوری لادێی گرنگی بەناوبانگی خۆی دەدات و لەکەداری ناکات، هەرشتێک بکات بە تەنها بۆخۆی نییە بەڵکو بۆ ماڵ و مناڵەکەشیەتی، ئەم ڕۆحی قوربانیدانە کەسایەتیەکی وەکو (فڕانکلین) دروست دەکات کە نموونەیەکی زۆر سەیرە لە تەمەنی 41 ساڵیەوە واز لە پارە و دەوڵەمەندی خۆی دەهێنێت و دەبێت بە خزمەتکاری زانست و کۆمەڵگە هەروەها جێدەستی دیار دەبێت لە دروستکردنی یەکەم کتێبخانە و نەخۆشخانە و سەنتەری ئاگرکوژێنەوە لە ئەمەریکا.

لە ئەمەریکا گۆڕانکاری هەیە بەڵام بە ئاقارێکی داخراودا نییە، خەڵک نائومێد نابێت کە بڕیارێک بدرێت جارێکی تر پێداچوونەی بۆ نەکرێت

هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا گرەنتی دەدەن هەروەها پێکهاتەی دادگاکانیش لە گۆڕانکاریدان ئەمانە گرەنتی ئەوە دەدەن ئەم پرەنسیپانەی ئەمڕۆ بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەسەر دەدرێت لەداهاتوودا دەکرێت گۆڕانکاری لەسەر بدرێت ئەگەر ئەم سیستەمە دیموکراسیە بەم شێوەیە بەردەوام بێت

ڕووسیا ناتواتێت ببێت بە وڵاتێکی زلهێز لەبەرئەوەی ئابورییەکەی لە تەکساس گەورەتر نییە

ئابوری کالیفۆرنیا بە تەنها شەشەم ئابوورییە لەسەر ئاستی جیهان، لەڕووی پەروەردە و لەڕووی ئابوری و تەکنەلۆجیەوە هەتاڕادەیەک دابەشبوونێک هەیە لە ویلایەتەکاندا و هەماهەنگیەک لەڕێگەی ئەو چەترە فیدڕاڵیەوە کە دروستکراوە

لەسەردەمی کۆرۆنادا ئەمەریکایەکان توانیان بەرەنگاری ئەو قۆناغە سەختە ببنەوە بەو توانا ئابورییەی کە هەیانبوو بەو سیستەمی حوکمڕانییەی کە لەسەر ئاستی لۆکاڵی و فیدڕاڵی کاربکەن کە قۆناغێکی وا سەخت تێببپەڕنن

دکتۆر ئاکۆ شوانی:

ئەو توانایەی ئەمڕۆی ئەمەریکا هەیەتی لە سەرپەرشتیکردنی زۆر لە بنەماکانی ئاراستەکردنی دیموکراسی لە جیهاندا پەیوەندی بەو پێکهاتەوە هەیە کە لە بنچینەدا هەیەتی.

بەشێکی زۆری پێکهاتەی ئەمەریکا (ئەنگلۆ ساکسن)، هیندییە سوورەکان، یاخود ئیسپانیەکان دوای ئەوان دێن، هۆکاری ڕووکردنە ئەمەریکا لەلایەن ئەوروپییەکانەوە بۆ چانسێکی نوێ بۆ ئازادی و پراکتیزەکردنی سروودە ئاینیەکانی خۆیان بووە بەتایبەتی لە بەریتانیا ستەمی زۆری ئاینی کراوە هەروەها ئەوکاتە کۆمەڵێک ئاستەنگی ئابوری و ئاڵنگاری ئابوری لە ئەوروپا و بەریتانیا ڕوویدابوو

یەکێک لە بنەماکانی ئەو خەڵکەی کۆچ دەکات بۆ ئەمەریکا ئەو کەسانەن کە ڕۆحی سەرکەشیان تێدایە واتە کەسانێکی دەستەمۆ نین ئەوانە بەدوای چانسێکی تازەی ژیاندا دەڕۆن.

ئەو پێکهاتانە دەبووایە هەموو ئەو جیاوازییە ئاینی و چینایەتییە واز لێبهێنن بۆئەوەی بتوانن بەیەکەوە بژین بۆ چارەنووسێکی هاوبەش کە کۆیان کردۆتەوە و وایلێکردوون یەکتری قبوڵ بکەن و کەلتورێکی تایبەتیان لەنێواندا دروست ببێت، بۆیە کاتێک هەر تاکێکی ئەمەریکا دەبینرێت جیاوازیەکی هەیە کە پەیوەندی بە میراتی چوارسەد ساڵی پێشووتری ئەمەریکاوە هەیە لە ئاکامی ئاوێتەیی ئەو خەڵکە بووە کە ڕوودەکەنە ئەمەریکا.

چەمکی هاووڵاتی بوون لە ئەمەریکا بە هەموو قۆناغەکانیدا ڕۆیشتووە، ئەو نەژادە جیاوازانەی کە ڕوویان کردۆتە ئەمەریکا لەو وڵاتەدا هەست دەکەن کە هاوڵاتین بۆیە بە یاساکان و بە دادگای فیدڕاڵی ئەمەریکاوە پابەندن.

ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتە دواکەوتووەکاندا چەمکی هاووڵاتی بوون نەک هەر نەخەمڵێنراوە بەڵکو هێشتا بەشێکی زۆرمان لە وڵاتەکانی خۆماندا مامەڵەی (رەعیەت) مان لەگەڵدا دەکەن نەک هاووڵاتی

خەڵکی ئەمەریکا کە بە ڕەگەز بەریتانین ئامادەیی نەبووە قبوڵی بکات یەک باج بەسەریدا بسەپێنرێت ئەگەر هاتوو لە ئاکامی ئەنجوومەنی هەڵبژێردراوی خۆیەوە نەبوو بێت بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گۆڕانکاری گەورە لە کەلتوری ئەو وڵاتە ڕووبدات

لە ئەمەریکا هەر تاکێک هەر پاشخانێکی هەبێت یان هەر بیروباوەڕێکی ئاینی و سیاسی هەبێت مادام لە بنەما گرنگەکانی یاسای دادگای فیدڕاڵی دەرناچێت کەواتە هاووڵاتیەکی ئەمەریکاییه،‌ئەمەریکا کۆمەڵێک پرەنسیپی بنیاد ناوە خەڵک بە ئازادییەوە دەتوانێت ڕەفتار بکات هەروەها یەکێکە لەو وڵاتە بەهێزانەی کە دەتوانێت کۆنتڕۆڵی ئابوری جیهان بکات.

بۆچی ئەمەریکایەک قبوڵیەتی ڕەش پێستێک ببێت بە سەرۆک بەڵام لە وڵاتەکەی ئێمەدا لە شارێکدا شەڕە گەڕەک هەیە و هێشتا پرەنسیپی لادێی و شاری هەیە.

چێنەر عەبدوڵڵا:

ئەوەی لە ئەزموونی ژیانی خۆمەوە بینیوومە چەند هۆکارێک وایکردووە ئەمەریکا ببێت بەو وڵاتەی کە ئێستا هەیە کە زۆرینەی خەڵکی ئاواتەخواز بێت ڕووبکاتە ئەمەریکا لە یاساکانی ئەمەریکاوە دەست پێدەکات لە جۆری ئەو یاسایانەی کە لە ویلایەتەکان دادەڕێژرێن، ئەو ئازادییەی کە لە یاساکاندا هەیە وایکردووە جۆرێک لە خۆشەویستی بنوێنێت هەم بۆ خەڵکەکەی لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە خەڵکی ئاەزووی ئەوە بکەن بێن بۆ وڵاتەکە.

هەروەها ڕۆحیەتی داهێنانی شتی تازە لە زۆربەی خەڵکی ئەمەریکادا بەرجەستەیە زۆر لەوانەی کە دێن بۆ ئەمەریکا خەڵکانێکن چاڵنجی ژیانی خۆیان دەکەن بۆیە بەردەوام بەدوای داهێنان و شێوازی ژیانی تازەدا دەگەڕێن، ئەو کەسەی کە دێت لە ئەمەریکا دەژی دواجار وەکو ئەوانی لێدێت و دەبێت بە کەسێک کە هەوڵی زیاتر بدات.

بێگومان یاساکانی ئەمەریکا کاریگەری ئەویان هەبووە جۆرێک لە نەتەوە دروست بکرێت دوور بێت لەو کێشانەی کاتی خۆی ئەوروپیەکان بەدەستیانەوە ناڵاندوویانە بۆیە ئەو هەشت کەسەی نوسەرەوەی دەستور و یاساکانی ئەمەریکان خۆیان بەدوور گرتووە لە دیاریکردنی هەرجۆرێک لە دین یاخود زمانێکی دیاریکراو بەسەر خەڵکی ئەمەریکادا کە ئەمەش ئازادییەکی زۆر فراوان دەبەخشێت بەو کەسانەی کە دواتر دێن بۆ ئەو وڵاتە.

لەکاتی بوونی هەر کێشەیەک لەنێوان ویلایەتەکان پەنا بۆ دادگای باڵا دەبردرێت ئەمەش لە سەروەری یاساوە سەرچاوە دەگرێت، سەربەخۆیی دادگاکان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە ئەمەریکادا کە ئەمەش وادەکات ئەو کێشانە نەبن بە ململانێی زۆر گەورە و بگات بە ئاستی پێکدادان.

ئەمەریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە لە پێشەنگدایە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا بە گشتی یاساکانیان وا داڕشتووە کە هیچ هەوڵێک نەهێڵدرێتەوە بۆ خراپ بەکارهێنانی ئەم بوارە.

لە ئەمەریکا هەموو تاکێک دەتوانێت پشت بە دادگا و یاسا ببەستێت بۆ وەرگرتنی مافی خۆی

ڕەنگە باکگڕاوندێکی مێژوویی هەبێت خەڵکی ئەمەریکا لە قۆناغێکی مێژووییدا ئازاری زۆریان چەشتووە لەلایەنی مافی مرۆڤ و ئازادی تاک، وە لە ئەنجامی ئەزموونەوە گەیشتوون بەم قۆناغەی ئێستایان.

وڵاتانی جێگرەوەی ئەمەریکا تەنانەت سادەترین مافەکانی هاووڵاتانی خۆشیان پێشێل دەکەن ئایا ئەوان چۆن بتوانن چاودێری جیهان بکەن بۆیە ئەمەریکا مافی مرۆڤ و ئازادی تاکی وەک پرانسیپێک بۆخۆی ئەژمار کردووە بۆیە ئەمەریکا وەکو چاودێرێک دەردەکەوێت بەسەر وڵاتانی تردا و هەتا ئەم ساتەش پێشەنگە هەرئەمەش وایکردووە بەردەوامی سەرنجی عەقڵی تازە ڕابکێشێت بۆ وڵاتەکەیان، بەگشتی ئەمەریکا بووە بە ناوەندێک بۆ ڕاکێشانی ئایدیای تازە بۆیە بە پێشەنگی دەمێنێتەوە.