بەردبوویەکی دۆزراوە دەریدەخات پێش دایناسۆرەکان، بوونەوەرێکی دیکە بوونی هەبووە

سەلەمەندەری پێش مێژوو

زانایان بەردبوویەکی بوونەوەرێکی زەبەلاحی هاوشێوەی سەلەمەندەریان دۆزیوەتەوە بە ددانەگەلێکی تیژ و دەڵێن پێش هاتنی یەکەم دایناسۆرەکان، ئەمانە بوونیان هەبووە و حوکمڕانی سەر ئاوەکان بوون و توێژەران دەڵێن تەمەنی ئەم ئاژەڵە دەگەڕێتەوە بۆ 272 ملیۆن ساڵ پێش ئێستا.

لێکۆڵینەوەکە کە ڕۆژی چوارشەممە لەگۆڤاری زانستی نەیچێر(journal Nature) بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات ئەم نێچیرە کە درێژییەکەی لە مرۆڤ زۆرترە، پێدەچێت سەرێکی پان و تەختی هەبووبێت و لە ددانی پێشەوەی بۆ وردکردن و قووتدانی نێچیرەکەی کەڵکی وەرگرتبێت و کەلە سەری نزیکەی 60 سانتیمەتر بووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی گۆڤاری نەیچێر، پاشماوەی بەردبووی چوار بوونەوەر کە نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر کۆکرابوونەوە لەلایەن زانایانەوە شێکاری بۆکراوە، لەنێویاندا شیکاری بۆ بەشێکی کەلەسەر و بڕبڕەی پشتی بوونەوەرەکان کراوە کە دەریدەخات ئەم بوونەوەرە نزیکەی 40 ملیۆن ساڵ پێش پەرەسەندنی دایناسۆرەکان بوونیان هەبووە.

لێکۆڵێنەوەکە دەڵێت هەرچەندە ئەم بوونەوەرە، بوونەوەرێکی ئاوی بووە، بەڵام توانیوێتی بە هێواشیش لەسەر وشکانیش بجوڵێت. ئەم جۆرە بوونەوەرە سەر بە چینێکی ئاژەڵ بوون کە پێیان دەوترێت چوار پەلەکان(tetrapods) و لەبری باڵ، بە پەنجەکانیان سەرکەوتوونەتە سەر زەوی.

زۆربەی بەردبووە سەرەتاییەکانی چوارپەلەکان لە تاڵاوەکانی خەڵوز و پێش مێژوو بەدرێژایی هێڵی ئیستوایی لە ناوچەکانی ئێستای ئەمەریکای باکوور و ئەوروپا دۆزراونەتەوە، بەڵام ئەم دوایین پاشماوەیانە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 280 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، لە نامیبیا کە ناوچەیەکی ئەفریقایە دۆزراوەتەوە کە سەردەمانێک بە سەهۆڵبەندان پۆشرابووە.

چوار پارچەی ئەم بەردبووە وەک ڕێزلێنان لە زانای شوێنەوارناسی جێنیفر کلاک، بە Gai-As ناونراوە و لە ساڵی 2015 لە نامیبیا دۆزراوەتەوە.

توێژەران لە مێژە لێکۆڵینەوە لەم جۆرە ڕاوچییە کۆنانە دەکەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی چوار پەلەکان. ئەوان پێیان وایە ئەو ئاژەڵە چوار پەلە کە بە پەلەکانی لە بری باڵ، هاتووەتە سەر وشکانی، دواتر پەرەی سەندووە بۆ گیانلەبەرە وشکاوییەکان و باڵندە و شیردەرەکان، لەوانەش بۆ مرۆڤ.

بە گوتەی زانایان، دۆزینەوەی ئەم سەلەمەندەرە بەو مانایەیە کە ڕەنگە چوار پەلەکان زووتر لەوەی پێشتر بیریان لێکردووەتەوە، لە کەشوهەوای ساردتردا پەرەیان سەندبێت کە ئەمەش پرسیاری زیاتر دەوروژێنێت سەبارەت بەو بوونەوەرانە کە چۆن توانیویانە بەسەر زەویدا زاڵ بن.