پەیامی پیرۆزبایی سەرکردەکانی ناوچەکە بۆ مەسعود پزشکیان بە بۆنەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا

ڕێبەرانی وڵاتانی دراوسێ و ڕکابەری ئێران لە ناوچەکە، لە ڕووسیا و کۆماری ئازەربایجان تا سوریا، عەرەبستان و پاکستان، عێراق و هەریمی کوردستان ڕۆژی شەممە،6ی مانگی حەوت پیرۆزباییان لە مەسعود پزشکیان بە بوونەی سەرکەوتنی وەک سەرۆککۆماری ئێران کرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی پیرۆزبایی ئاراستەی پزشکیان کرد و رایگەیاند "چاومان له‌ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندیی له‌مێژینه‌ی دۆستانه‌ و بەردەوامیی هاریکاریی هاوبەشە."

ئاژانسی هەواڵی سعودیەش ڕایگەیاند پاشای وڵاتەکە و شازادەی جێنشینی سعودیە پیرۆزباییان لە مەسعود پزشکیان کردووە بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری ئێران.

ئاژانسەکە لە زاری محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیاوە ڕایگەیاندووە "خواستی خۆم بۆ پەرەپێدان و قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانمان و گەلەکەمان دووپات دەکەمەوە و خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان دەکەم".

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاش ڕۆژی شەممە لە پەیامێکی پیرۆزباییدا جەختی لە هەماهەنگی نێوان تاران و مۆسکۆ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ "پرسە نێودەوڵەتییە هەنووکەییەکان" کردەوە و داوای بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی کرد.

ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران کرد و بانگهێشتی کرد بۆ سەردانی باکۆ بۆ "ئاڵوگۆڕی بیروڕا سەبارەت ب پەرەسەندنی هاوکاریی دوولایەنەکان".

هەروەها حەنەفی وەردەک، جێگری نووسینگەی سیاسی تاڵیبان لە قەتەر، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە هیوادارە حکومەتی نوێی ئێران لە "بەڕێوەبردنی باشتری کاروباری ناوخۆی"دا سەرکەوتوو بێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا ڕۆژی شەممە پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ سەرکەوتنی پزشکیان لە هەڵبژاردنەکانی ئێران نارد و وتی "ئێمە پێکەوە لەگەڵ ئێوە کاردەکەین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان ئێران و سوریا."

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران هەروەها ڕۆژی شەممە بڵاویکردەوە عەبدولەتیف جەمال ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق پەیامی پیرۆزبایی خۆی بۆ پزشکیان ناردووە.

هەروەها عاسیف عەلی زەرداری، سەرۆکی پاکستان، سەرکردەیەکی دیکەی ناوچەکەیە کە ڕۆژی شەممە پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری نوێی ئێران کرد و ڕایگەیاند کە دوو وڵات "بەهرەمەندن لە پەیوەندی برایانە".

هەڵبژاردن لە ئێراندا بە دوور لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەدەچێت و دەنگدەران ناچارن تەنیا لە نێو ئەو کاندیدانەی کە لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزەرانەوە(شورای نیگەهبان) قەبووڵ دەکرێن، دەنگ بە کەسی دڵخوازی خۆیان بدەن.

مەسعود پزشکیانیش لەکاتێکدا ئەمساڵ هاتە نێو کێبڕکێیەکانەوە کە لە خولی پێشتری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ڕەتکرابووە.

بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ماوەی سەرۆکایەتی لە ئێران چوار ساڵە، کە دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و دیاریکردنی سەرۆککۆمار و دوای واژۆکردنی بڕوانامەکانی لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە دەست بە کارەکەی دەکات.