حەماس پێشنیاری ئەمەریکا بۆ دانوستانەکانی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان قبوڵ دەکات

سەرچاوەیەکی باڵای بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی شەممە، 6ی مانگی حەوت بە ڕۆیتەرزی ڕایگەیاند ئەو گرووپە ڕازی بووە بە پێشنیارەکەی ئەمەریکا بۆ دانوستان بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی حەماس کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، حەماس لە هەڵوێستی پێشووی خۆی کە داوای کردبوو ئیسرائیل دەبێت پێش دانوستانەکان ئاگربەستی هەمیشەیی قەبووڵ بکات، کشاوەتەوە و هەروەها ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئاگربەستی شەش هەفتەیی لە قۆناغی یەکەمدا.

هەروەها بەرپرسێکی فەلەستینی نزیک لە هەوڵەکانی ئاشتی ڕایگەیاندووە کە ئەو پێشنیازە سێ قۆناغەی کە ئەمەریکا پێشکەشی کردووە، ئەگەر لەلایەن ئیسرائیلەوە پەسەند بکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی دروستکردنی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نۆ مانگە لە غەززە.

سەرچاوەیەک لە تیمی دانوستانکاری ئیسرائیلیش بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ئێستا چانسی ڕاستەقینە هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.

وتەبێژی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستبەجێ وەڵامی داواکاری بۆ لێدوان لەو بارەیەوە نەداوەتەوە. ڕۆژی هەینی نووسینگەی ناتانیاهۆ ڕایگەیاندبوو کە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان بەردەوام دەبن و جەختیشی لەوە کردبووە کە کەلێنەکانی نێوان لایەنەکان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.

بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستی ژێر دەسەڵاتی حەماس، ململانێکان و هیرشی ئیسرائیل بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 38 هەزار فەلەستینی. هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستین کاتێک دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر شارەکانی باشووری ئیسرائیل و 1200 کەسی کوشت و نزیکەی 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز