12 کۆچبەری کورد و سوریایی لە بیابانێکی جەزائیر لە تینوێتیدا دەخنکێن

ڕێکخراوێکی فریاگوزاری جەزائیری ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە 12 کۆچبەری سوریایی، کە کوردیشیان تێدایە، لە بیابانی جەزائیر لە تینوێتیدا خنکاون.

ڕێکخراوی غوث بۆ گەڕان و فریاگوزاری لە شاری تەمێنگێستی جەزائیر ناو و زانیاری قوربانییەکانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاو کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە تەرمەکانیان لە ناوچەی حەسی-بێلفور دۆزراونەتەوە.

بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە جەزائیرییە و ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان لە سوریا، سێ کەسیان خەڵکی پارێزگای حەسەکەن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. قوربانیانی دیکە خەڵکی شارەکانی ڕەقە و حەلەب و دیمەشقن. هەروەها منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ لە نێو قوربانییەکاندایە.

ئاژانسەکانی ڕاگەیاندن دەڵێن ئەو کۆچبەرانە ویستوویانە لە ڕێگەی جەزائیرەوە، کە لە سنووری دەریای سپییە، بگەنە وڵاتانی ئەوروپا.

لە هەندێک ڤیدیۆدا کە لە سۆشیال میدیادا بڵاوبوونەتەوە، تەرمی قوربانییە سوریاییەکان لە بیابانەکاندا پیشان دەدرێت. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی غوث، خەڵک و کەسوکاری قوربانییەکان دەتوانن لە نەخۆشخانەیەکی بۆرج عومەر ئیدریس تەرمەکانیان وەربگرنەوە.

بۆ زۆرێک لە کۆچبەرانی کورد و سووریایی، ڕێگای باکووری ئافریکا یەکێکە لەو ڕێگا سەختانەی کە پیایدا هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا دەدەن. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچبەران لە ئاوەکانی دەریای سیپی گیانیان لەدەستداوە.

سەرچاوە: ئلحوڕە، ڕێکخراوی غوث