دادگای تاوانەکانی هەولێر دانیشتنی دادگایکردنی تۆمەتبارانی کوشتنی ئەندامێکی کەنەکە دوادەخات

هەژار کاکەی پارێزەری ڕاوێژکار ڕایگەیاند، دەبوایە ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی مانگی حەوتی 2024 لە دادگای تاوانەکانی 2ی هەولێر، یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی ئەو دوو تۆمەتبارە بەڕێوەبچوایە کە دەستیان لە کوشتنی "دەنیز هێڤی" ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستاندا بووە، بەڵام دادگا دادگایکردنی ئەو دوو تۆمەتبارەی بەهۆی نەبوونی پارێزەر بۆ یەکێک لە دەستیگرکراوەکان دواخست بۆ کاتێکی تر.

دوای نیوەڕۆی ڕۆژی 18ی مانگی نۆی 2023، ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان، بە ناوی (دەنیز هێڤی) بەرپرسی ئیداریی کەنەکە کاتێک خۆی بە تەنها دەبێت لە نێو بارەگاکەیان کە دەکەوێتە بەرامبەر بینای فاملی مۆڵی هەولێر، لەلایەن کەسێکەوە لە دەرگا دەدرێت و بەکردنەوەی دەرگاکە بە چەکی دەمانچە دەکوژرێت.

دوای ڕووداوەکەش کەنەکە لە بەیاننامەیەکدا داوای کرد بکوژانی ئەو ئەندامەیان دەستیگربکرێت و بە سزا بگەیەنرێت و سەرچاوە ئەمنیەکانی هەولێریش ئەوەیان بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە لە ماوەیەکی کەمدا دوو کەس لەسەر ئەو ڕووداوە دەستگیرکران و ڕاگەیەندرا کە دەستیان لە کوشتنی ئەو ئەندامەی کەنەکەدا هەبووە.

هەژار کاکەیی پارێزەری کەیسەکەی دەنیز هێڤی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو دوو تۆمەتبارەی بەشداربوونە لە تاوانەکە بە پێی مادەی 4 لە یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەستیگرکراون و بە ڕەچەڵەک کوردن و خەڵکی نێوان تورکیا و عێراقن و ناسنامەی هەردوو وڵاتیان هەیە و دانیان ناوە بەوەی کە هاوبەش بوونە لە ئەنجامدانی تاوانەکە، بەڵام تاوانباری سەرەکی واتا "بکوژەکە" هەڵهاتووە بۆ شوێنێکی نادیارو دەستیگرنەکراوە."

وتیشی،" تۆمەتباران مافی ئەوەیان هەیە پارێزەریان هەبێت، بەڵام نەدەبوو دادگا دانیشتنەکە ئەنجام نەدات، بۆیە چاوەڕوانین کاتێکی دیکە بۆ دانیشتنی دووەم بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی بتوانرێت دوای وتە وەرگرتن لێیان لەو ڕێگایەوە تاوانباری سەرەکیش دەستیگربکرێت و سزا بدرێت."

دەنیز هێڤی بەڕەچەڵەک کورد بووە و خەڵکی باکوری کوردستانە و بە هەڵبژاردنی وەکو ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان لە هەولێر نیشتەجێبووە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا دوای ڕۆژێک لە تیرۆرکردنی دەنیز هێڤی ئەو دوو کەسە کوردە دەستیگرکراون کە دەستیان لە تاوانەکەدا هەبووە و ماوەی چەند ساڵێکە بەمەبەستی کارکردن هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لە دەوروبەری هەولێر نیشتەجێبوونە.

شۆڕش خدر ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" نۆ مانگە مامۆستا دەنیز تیرۆرکراوە، دوای چەند ڕۆژێک هێزەکانی ئاسایشی هەولێر دوو کەسیان لەسەر تاوانەکە دەستگیرکرد، ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی مانگی حەوت دەبوو یەکەم دانیشتن بە ئامادەبوونی تیمی پارێزەرانی مامۆستا دەنیز و تێمێکی پارێزەرانی بیانی و ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان و خانەوادەکەی بەڕێوەبچێت، بەڵام لەپڕ دادگا دانیشتنەکەی ئەنجامنەدا بە بیانووی ئەوەی یەکێک لە دەستیگرکراوەکان کە دانی ناوە بەوەی دەستی هەبووە لە تاوانەکە پارێزەری نیە و داوای پارێزەر دەکات."

وتیشی،" ئێمە تەواو نیگەرانین لەوەی دانیشتنەکە بەڕێوەنەچوو و وتە لەو دوو کەسە وەرنەگیرا، بۆیە ئێستا نازانین کەی دادگایکردنیان بەڕێوەدەچێت، چونکە ئێمە ترسمان لەوەهەیە کەیسەکە بەلاڕێدا ببرێت و ئەنجامدەری سەرەکی تاواکە دەستیگرنەکرێت."

ئەو ئەندامە باسی لەوەشکرد "مامۆستا دەنیز کەسێکی چەکدار نەبوو، بەڵام تاوانێکی گەورەی بەرامبەر کرا و تیرۆرکرا، ئێمە لەم کەیسە تەنها پەنجەی تۆمەت بۆ دەوڵەتی تورکیا درێژدەکەین."

بەڵام تورکیا لەم بارەیەوە هیچی ڕانەگەیاندووە و تۆمەتبارەکانیش کە وەک پارێزەرەکە دەڵێت دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، نەیانگوتووە لەلایەن تورکیاوە ڕاسپێردراون.