سەرکردەیەکی سیاسی عەرەبی سوننە لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک لەسەر پۆستی پارێزگار ئەنجام نەدراوە، بەڵام لێکتێگەیشتن هەیەو پێدەچێت پۆستی پارێزگار بۆ یەکێتی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ عەرەبی سوننە بێت.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سوننە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لە دانیشتنی سبەینێ پێنجشەممەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیار لەسەر هیچ پۆستێک نادرێت و هێشتا ڕێککەوتن ئەنجام نەدراوە، بەڵەم لێکتێگەیشتن هەیە لە نێوان کورد و عەرەب."
ڕۆژی 18 ی 12 ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی حەوت مانگ بەسەر هەڵبژارندا، هێشتا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوە.
بڕیاربوو ڕۆژی 5 ی مانگی 2 ی 2024، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن کوتلەی عەرەبی و تورکمانی کۆبوونەوەکە شکستی هێنا.
بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە، لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بە پێی یاسای هەڵبژاردنیش دەبێت لە ماوەی مانگێکدا ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجام بدرێت.
ئیسماعیل حەدیدی دەڵێت،"ڕەنگە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بدرێتە یەکێتی و پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ عەرەب و پۆستی جێگری پارێزگاریش بۆ تورکمان بێت، عەرەب ڕازی دەبێت چونکە پۆستەکە ئیستحقاقی یەکێتییە، بەڵام ئەمە تەنها لێکتێگەیشتنەو نەبووەتە ڕێککەوتن."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سوننە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش تەنها کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.
داواکارییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەکاتێکدایە، ڕۆژی 29 ی پێنجی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری بۆ سێیەم جار لەگەڵ نوێنەری کورد و عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بە بێ ئەنجام کۆتایی هات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10 ی 7 ی 2024، راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک وەکو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاسایی خوارد، بە پێی یاسا ناوبراو سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی سبەینێی ئەنجومەنی پارێزگا دەکات بەو پێیەی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەکەیە.
حەسەن مەجید، سەرۆکی کوتلەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دانیشتنەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق و بۆ شەرعیەتدانە بە ئەنجومەنەکە، هەرچەندە دانیشتنەکە هیچ بڕیارێکی تێدا نادرێت بەڵام فاتیحایەکی خەیرە، تا بتوانرێت لەماوەی مانگێکدا چارەنوسی پۆستەکانی پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەن یەکلایی بکرێتەوە."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، هیچ لایەنێک ناتوانێت بە بێ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانی تردا حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنێت، بەوپێیەی هیچکام لە پێکهاتەکان نیوە کۆ یەکی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی بەدەست نەهێناوە، ئەمەش وایکردووە لایەنەکان پێداگیری لەسەر خواستەکانیان بکەن و ڕێککەوتن قورس بێت.
حەسەن مەجید دەڵێت،"پێشنیار زۆرە، بەڵام پێموانییە لایەنەکان گەیشتبنە سیغەیەک بۆ ڕێککەوتن، هەرچەندە لێکتێگەیشتن هەیە."
چاوەڕوان دەکرێت دانیشتنەکەی سبەینێ پێنجشەممە، 11ی مانگی حەوتی 2024 ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەکراوەیی بهێڵرێتەوە، تا لە ماوەی مانگێکداو بەپێی یاسای هەڵبژاردن پێکهاتەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ڕێکدەکەون.
Your browser doesn’t support HTML5