ڕووسیا، یولیا ناڤاڵنایا هاوسەری ئەلێکسی ناڤالنی کە لە زیندانێکی رووسیا گیانی لەدەستدا، دەخاتە ناو لیستی تێرۆریستان و توندڕەوانەوە، ئەمەش پاش دوو ڕۆژ لەو فرمانەی درابوو بۆ دەستگیرکردنی ئەو ئابوریناس و چالاکوانە سیاسییە کە وەک جێنشینی سەرۆکی کۆچکردووی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا ناسراوە.
یولیا ناڤاڵنایا، پێشتر پەیمانی دابوو درێژە بدات بە کارەکانی ئەلێکسی ناڤاڵنی هاوسەری کە دژەبەرێکی سەرەکی ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا بوو. ناڤاڵنی، لە مانگی 2ی ڕابردوودا لە گرتوخانەیەکی جەمسەری بەستەڵەکی باکور لە ڕەوشێکی نادیاردا گیانی لەدەستدا.
زانیارییە کەسێتییەکانی یولیا ڕۆژی 5شەممە لە تۆڕی ئینتەرنێتدا دانراوە لەناو ئەوانەی ناویان لە لیستی ڕەشدایە و مۆسکۆ بە تێرۆریستیان دادەنێت و وەهاش ناودێریان دەکات کە جموجۆڵی توندڕەوانەیان هەن.
کاربەدەستانی ڕووسیا، زۆر جار ئەو جۆرە ناودێرکردنانە بۆ کەسایەتییە ئۆپزسیۆنەکان بەکاردەهێنێت، بەتایبەتیش بەرامبەر ئەوانەی هەڵمەتی دژایەتیکردنی کرملن دەکەن بەهۆی هێرشەکانی دژ بە ئۆکراین دەکرێن.
پێشتریش مۆسکۆ، ڕێکخراوەکەی ناڤاڵنی بە ڕێکخراوێکی نایاسایی داناوە لە ڕووسیادا و بە ڕێکخراوێکی توندڕەویش دایناوە و ڕێبەرەکەیشی بە تاوانی توندڕەوی، سزای 19 ساڵ زیندانیکردنی سەپێندرا بەسەردا.
دادگایەک لە مۆسکۆ، ڕۆژی سێشەممە فرمانیدا بۆ دەستگیرکردنی یولیا بە تاوانی توندڕەویی.
یولیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویە "وای خودا یەک کاتژمێرە سەیری تەلەفونەکەم نەکردووە و لەم کاتژمێرەدا بوومەتە تێرۆریست. مێرد دەکوژێت و هاوسەریش دەکاتە تێرۆریست، ڕێک ئەوە پوتنە."
وەک زۆربەی کەسایەتییە ئۆپزسیۆنەکانی تر لە ڕووسیادا، یولیا لە دەرەوەی ڕوسیا دەژی و ئەگەر پێ بنێتەوە ناو ڕووسیا، ئەوا دەستبەجێ دەستگیر دەکرێت.
ئاژانسی فرانس پرێس