دەسەڵاتداران لە غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل 32 کەس لە سەرانسەری غەززە کوژراون

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە بوونەتە مایەی کوژرانی 32 کەس، بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی حەماس.

زیاتر لە نۆ مانگە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە، لەگەڵ ئەوەی وتووێژەکانیش بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ڕێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بارمتەکان.

چەکدارەکانی ڕێکخراوی حەماس، ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتیانی ئیسرائیلییان بە بارمتە گرتووە، پاش ئەو هێرشە بێپێشینەیەی ڕۆژی 7ی مانگی 10ی ڕابردوو کردیانە سەر ئیسرائیل و هەر ئەو هێرشەش بووە هۆکاری ئەو شەڕە خوێناوییە.

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی تەندروستی حەماس لە کەرتی غەززە دەڵێت زۆربەی ئەو 32 کەسەی کوژراون ژن و منداڵن.

بەپێی میدیاکانی حەماس، ئیسرائیل زیاتر لە 70 هێرشی ئاسمانی کردووە لە ژمارەیەک ناوچەی کەرتی غەززەدا.
لەشکری ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژی هەینییدا دەڵێت "هێزە سەربازییەکان بەردەوامن لە کردە لەشکرییەکانیاندا لە ڕەفەح لە نزیک سنوری وڵاتی میسرەوە و لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، سەربازەکانمان توانیویانە ژمارەیەکی زۆری تێرۆریستان لەناوبەرن و هەروەهاش ژێرخانی تێرۆریستان لەو ناوچەیدا دابڕمێنن."

لە ناوچەی بەیت حەنون، وەک لەشکری ئیسرائیل دەڵێت، هێزەکان توانیویانە ژمارەیەک چەکدار لەناوبەرن کە سەرچاوەی مەترسی بوون و هەروەهاش سەربازەکان توانیویانە شوێنێکیش بدۆزنەوە کە بۆ دروستکردنی چەک بەکارهاتووە لەگەڵ پارەیەکی زۆردا کە بۆ جموجۆڵی تێرۆریستی بەکاردەهێنرا.

سەرچاوە: فرانس پرێس