ئیسرائیل محەممەد زەیف، کەسی دووەمی حەماس دەکاتە ئامانج

سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە،13ی مانگی حەوت لە هێرشێکدا محەمەد زەیف، سەرۆکی باڵی سەربازیی حەماس لە ناوچەی مەواسی باشووری غەززە دەکاتە ئامانج و وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاندووە کە لانیکەم 71 کەس لەو هێرشەدا کوژراون.

هەروەک میدیا ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردۆتەوە، سوپای ئیسرائیل و ڕێکخراوی هەواڵگری سەربازیی ئەو وڵاتە زانیاریی وردیان لەسەر دەرچوونی محەممەد زەیف لە تونێڵە نهێنییەکان و بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکدا لە کەمپی ئەلمەواسی دەستکەوتووە و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەش هێرشیان کردووەتە سەری.

هەڵسەنگاندنی سوپای ئیسرائیل و ڕێکخراوی هەواڵگری سەربازیی ئەو سوپایە ئەوەیە کە محەمەد زەیف لەو هێرشەدا "بە قورسی بریندار بووە".

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بوونی بەرپرسێکی باڵای سەربازی تری حەماس بەناوی ڕافا سەلامە لەگەڵ زەیف دەکەن کە هەردوویان کراونەتە ئامانج.

محەممەد زەیف، لەگەڵ یەحیا سێنوار، وەک پلاندانەرانی سەرەکی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا دادەنرێن.

ئەمەش ببینە سەرکردە سەرەکییەکانی حەماس کێن؟

ئیسرائیل لە دوو دەیەی ڕابردوودا چەندین جار هەوڵی کوشتنی محەمەد زەیفی داوە و لانیکەم دووجار بە قورسی بریندار و کەمئەندام بووە، بەڵام گیانی خۆی ڕزگار کردووە.

بە گوتەی ئیسرائیل، یەحیا سێنوار سەرۆکی حەماسە لە غەززە و محەمەد زەیفیش فەرماندەی کەتیبەکانی عیزەدین قەسامە و جێگرەکەشی، مەروان عیسایە کە سێ کەسی سەرەکی ئەندامی گرووپی تیرۆریستی حەماسن. ئیسرائیل لە هێرشێکدا مەروان عیسای لە مانگی دووی ئەمساڵ کوشت و ئیستاش بەتەمایە محەمەد زەیف بکوژێت.

لە ڕۆژانی یەکەمی دوای هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل وێنەکانی محەمەد زەیفیان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە کە پێش هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل گیراون.

حەماس لە بەرامبەر ئەو هەواڵانەی باس لە بەئامانجکردنی محەمەد زەیف لە نزیک خان یونس دەکەن، تا ئێستا بێدەنگ بووە. لە ماوەی ڕابردووشدا کاردانەوەی خێرای نەبووە بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەسە سەرەکییە سەربازییەکانی ئەو گرووپە، وەک مەروان عیسا.

بەڵام سوپای ئیسرائیل هەواڵی هێرشی سەر زەیفی پشتڕاستکردەوە و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە سەرەتای شەڕەوە فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە زەیف لەناوببەن.

سوپای ئیسرائیل تا ئێستا هەندێک ئەندامی دیاری حەماس و دەیان ئەندامی دیکەی ئەم گرووپەیان کوشتووە، بەڵام محەمەد زەیف و یەحیا سێنوار توانیویانە تاکو ئێستا خۆیان بپارێزن.
چەند کاتژمێرێک پێش ئەم هەواڵەش، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە حوسام مەنسوور، یەکێک لە ئەندامانی باڵای بزووتنەوەی حەماسی لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە غەززە بە هاوکاری ئوردن کوشتوە.

سەرچاوەکان/ڕادیۆ فەردا/ڕۆیتەرز