بەشێک لە چالاکوانان و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی پەیامێک ئاڕاستەی بەرپرسانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن

بەشێک لە کەسایەتییە سیاسی و چالاکوانەکانی شاری سلێمانی دەڵێن لە ئەنجامی بێ هیوابوونیان لە حزبە سیاسیەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، داوا لە حکومەتی عێراق و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا هەڵویستیان هەبێت و هەنگاو بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانە بگرنەبەر و دەڵێن،"تکایە بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و ئەخلاقی خۆتان هەستن" و ڕێگری لە "داگیرکاریەکانی" تورکیا بکەن لە هەرێمی کوردستاندا.

گردبوونەوەکە کە ئێوارەی ئەمڕۆ 13 ی مانگی حەوت بە بەشداری چەند ڕێكخراو و کەسایەتی سیاسی و چالاکوانان لەبەردەم باخی گشتی سلێمانی بەڕیوەچوو، بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لەبەردەم میدیاکان خوێندەوە و داوایان کرد بەرپرسانی باڵای سیاسی عێراق و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەرکی خۆیان هەستن و "ڕێگری بکەن" لە هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان.

لە بەیاننامەکەدا کە ئاڕاستەی هەریەک لە سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، فراکسیۆنە جیاوازەکانی عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان کراوە و کۆپیەکی لەلای دەنگی ئەمەریکایە هاتووە،" ئێمە لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و نەتەوەییمان لە دوای بێ ئومێدبوونمان لە حزبەکانی باشوری کوردستان بە هەموو ڕەنگەکانەوە ئەوانەی لە دەسەڵاتن و ئەوانەش کە ئۆپۆزسیۆنن ناچارین ڕوو لە ئێوە بکەین کە بەئەرکی ئەخلاقی و نیشتیمانی خۆتان هەستن بۆ ڕێگری لە داگیرکاری خاکەکەمان، ئەگەر ئێوەش لەناو هەمان کردەوەی دوژمنکارانەی دژی خاک و گەلی کوردستاندا نین تکایە بە ئەرکی ویژدانی و ئەخلاقی و نیشتیمانی خۆتان هەستن."

هەروەها لە بەشێکی تری بەیاننامەکەیاندا هاتووە،" تورکیا بە ئاشکرا دەڵێت کەرکوک و موسڵ بەشێکن لە شارەکانی تورکیا و بە ئاشکرا چەندین بازگەی داناوە و دەیان کیلۆمەتری بەزاندووە دەستی کردووە بە داگیرکاری خاک و نیشتیمانی کوردان، بۆیە بەرپرسانی عێڕاق و هەرێم و ئەوروپا و ئەمەریکا ئەرکی بەرپرسیارێتی ڕاگرتنی ئەم داگیرکاریەی تورکیا بەبەرچاوی جیهانەوە دەکەوێتە ئەستۆ."

بە پێی ئاماری ڕێکخراوی ئەمەریکایی سی پی تی، تورکیا لە مانگی دوازدەی ساڵی 2017ەوە هەتا مانگی چواری 2022 نزیکەی 64 بنکە و بارەگای سەربازی لە خاکی هەرێمدا لە قوڵایی 40 کیلۆمەتر بۆ 12 کیلۆمەتر دروستکردووە، سەرەڕای بوونی ئەو بارەگایانەش بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات هێزەکەی ئەمجارەی تورکیاش کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هاتوونەتە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار سەرباز دەبێت و چەکی قورسییان پێیە، ماوەی چەند ڕۆژێکیشە بەردەوام هێرش دەکەنە سەر بەشیک لە گوند و چیاکانی هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەشەوە چەندین گوند و زەوی و دارستانی هەرێم سووتاون.
تورکیا لە ڕۆژی 15 ی مانگی 6 ی 2024ەوە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی نوێی لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بەپاساوی لێدان لە هێزەکانی پەکەکە دەستپێکردووە، ئۆپەراسیۆنە نوێیەکە ناوچەکانی پارێزگای دهۆکی گرتووەتەوە.

زانیاریەکان باس لە هاتنی تورکیا بە قوڵایی نزیکەی 40 کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان دەکەن، و بیانووی تورکیاش هەبوونی گەریلاکانی پەکەکەیە لە هەرێمی کوردستاندا، دوو ڕۆژ بەر لە ئێستاش ڕێبەر ئەحمەدی وەزیری ناوخۆی هەرێم سەبارەت بەم پرسە ڕایاگەیاند،" هۆکاری هاتنی تورکیا پەکەکەیە لە هەرێمی کوردستاندا بۆیە دەبێت بە زوترین کات پەکەکە هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵێت."

هاوکات دوێنێش 12ی مانگی حەوت فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا ڕایگەیاند،" ئەوەی ڕوودەدات تەنها جمووجۆڵی سەربازیە، بەڵام تورکیا هێرشی نەکردۆتە سەر هەرێمی کوردستان."

سەرەڕای جەخت کردنەوەی تورکیا و بەشێک لە بەرپرسانی هەرێم و عێراق بەوەی پەکەکە هۆکاری هێرش و هاتنە ناوەوەی هێزەکانیەتی بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا ژەنەڕاڵیکی عێراقی بە دەنگی ئەمەریکای وت، هاتنی تورکیا بەوهێزە زۆرەوە پێناچێت ئامانجەکە تەنها لێی پەکەکە بێت.

بە پێی قسەی ژەنەڕاڵە عێراقیەکە،"شەڕی پارتیزانی لە ناوچە شاخاوییەکاندا پێویستی بەو هێزە زەبەلاح و گەورە و تانک و زرێپۆش و ئەو بابەتانە نییە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو شەڕە؛ هەربۆیە ناردنی ئەو هەموو کەرەستە و کەلوپەلە لەشکرییە، وەها دەکات بڵێم لەوبڕوایەدانیم تورکیا تەنها بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو شەڕە هاتبێت. تەنانەت کاتی خۆیشی حکومەتی عێراقیش نەیتوانیوە ئەو ناوچانە بە زەبری هێز بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی. لەبەر ئەوە ئەگەر تورکیا بیەوێت ئەو ئەزمونە دووبارە بکاتەوە لە شوێنێکدا کە وڵاتی خۆی نییە، پێناچێت سەرکەوتوو بێت و بۆی ناکرێت."

وێرای هێرشی توکیا بۆسەر ناوچەکانی بادینان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەکەکە بەڵام، بەردەوام هەڕەشەی جددیش لە شاری سلێمانی دەکەن و بەرپرسانی یەکێتی بە هاوکاریکردنی پەکەکە تۆمەتبار دەکەن.

دوێنێ ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ واشنتۆنی پایته‌ختی ئه‌مریكا و به‌شداری كردنی له‌ لووتكه‌ی سه‌ركرده‌كانی ناتۆ و ئه‌نجامدانی دیدار و كۆبوونه‌وه‌، له‌ میانی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ نێو فڕۆكه‌كه‌یدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان دووا و لە وەڵامی پرسیارێکدا ڕایگەیاند،" بەرپرسانی سلێمانی تا ئه‌و كاته‌ی مه‌ودایه‌ك له‌ نێوان خۆیان و پەکەکە دانه‌نێن، هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ هه‌ڵوێستی ئێمه‌ به‌رامبه‌ر سلێمانی به‌دی نایه‌ت، ئێستا تۆپه‌كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی ئه‌واندایه‌."