مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەوڵی کوشتنی دانۆڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکای شەرمەزار کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ خواست.
عەبدی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نوسیویەتی: هەوڵی کوشتنی 45ـهەمین سەرۆکی ئەمەریکا بەڕێز دانۆڵد ترەمپ شەرمەزار دەکەین.
We denounce the assassination attempt targeting the 45th U.S. President, Mr. Donald Trump. We extend our sincere prayers to him, his family, and loved ones, wishing him a quick recovery.
— Mazloum Abdî مظلوم عبدي (@MazloumAbdi) July 14, 2024
هەروەها ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا هەوڵی کوشتنی ترەمپی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند، "ئەو جۆرە کارانە مرۆڤدۆستانە و ئەخلاقی نین."
هەروەها لە بەیاننامەکەدا MSD هیوای چاکبوونەوەی بۆ ترامپ خواست و هاوسۆزی خۆی بۆ ئەمەریکا و گەلەکەی دەربڕی و گوتی "هەموو جۆرە توندوتیژییەک ڕەتدەکەینەوە، نابێت توندوتیژی لە هیچ کۆمەڵگایەکدا جێگەی ببێتەوە."
بەشێک لە چالاکوان و شرۆڤەکارانی کورد و سوریایی لە سۆشیال میدیا بۆچوونی خۆیان لەسەر ڕووداوەکە بڵاوکردەوە.
بێرا سەبری شرۆڤەکاری سیاسی نووسیویەتی هەوڵە شکستخواردووەکەی تیرۆرکردنی ترامپ، وا دەکات ترامپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بەهێز بکات و وەک پاڵەوانی گەل نیشانی دەدات”.
دانۆڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی پارتی کۆماری بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ڕۆژی شەممە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا، تەقەی لێکرا و گوێی برینداربوو.