سەعدی پیرە: لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی درۆ تورکیا سزای سلێمانی داوە

سەعدی ئەحمەد پیرە

سەعدی ئەحمەد پیرە

وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە کە یەکێتی لە سنوری سلێمانی هاوکاری پەکەکەی کردبێت و ڕایدەگەیەنێت ئەوەی کراوە بەرامبەر بە سلێمانی لە ئەنجامی هەندێک ڕاپۆرتی "درۆینەیە" و ڕەنگە هەر لە ناوخۆی کوردستانەوە بۆیان چووبێت، ئەگینا یەکێتی ناتوانێت لە دژی تورکیا کاربکات.

ڕۆژی 2 مانگی چواری 2023، وڵاتی تورکیا سەرجەم گەشتە ئاسمانەکانی بە ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا داخست و ڕۆژی 5 هەمان مانگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ڕاگرتنی گەشتەکانیان بە ڕووی سلێمانیدا تا مانگی تەمووزی هەمان ساڵ بەردەوام دەبێت و هۆکارەکەشی بۆ " زیادبوونی چالاکیەکانی پەکەکە لە سنوری سلێمانی گێڕایەوە و ئاماژەی بەوەداوە ڕێکخراوەکە دزەی کردووەتە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و مەترسی لەسەر ئاسایشی فڕۆکەوانی دروست کردووە."

هەر لە ساڵی 2023 تورکیا جارێکی تر ڕاگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ڕۆژی 21 ی مانگی دوانزەی 2023 تاوەکو 22ی مانگی شەشی 2024 درێژکردەو و دواتر جارێکی ئەو وادەیە درێژکرایەوە هەتا ئێستاش بەردەوامە.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" من پێم وایە لە ئەنجامی هەندێک ڕاپۆرتی درۆینە بوو کە سزای سلێمانی درا، ئەگینا لە سلێمانی کێ دەتوانێت لە دژی تورکیا کار ئەنجامبدات، چ لە یارمەتیەکی لۆجستی پەکەکە بێت لە سنوری تورکیا- عێراق، هەروەها یەکێتی چۆن دەتوانێت پێویستیەکی شەڕ بۆ هێزەکانی پەکەکە دابین بکات."

وتیشی،" گەر تورکیا بیەوێت کێشەکانی خۆی و کێشەی پەکەکە چارەسەر بکات، ئەوە کێشەی پەکەکە نە لە دهۆکە نە لە سلێمانیە، بەڵکو لە ناو تورکیایە و ئەوان کێشەکانی خۆیان هێناوەتە ناو هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی کە بەرامبەر بە لە سلێمانی دەیکات غەدرێکی گەورەیە لە خۆی و لەهەمانکاتدا گۆڵێکی گەورەشە کە لە خۆیی دەیکات، چونکە بازاری سلێمانی پڕە لە کەرەستە کە لە تورکیا بەرهەمدەهێنرێت و بازاڕێکی گرنگە بۆ تورکیا، بۆیە قەدەغەکردنی هاتن و ڕۆشتنی فڕۆکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەی سلێمانی تەنها ئەزێتدانی خەڵکی سلێمانێیە و لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا زیان بە خۆیی دەگەیەنێت."

ڕۆژی 15 ی مانگی دووی ئەمساڵ، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە میسر بە میدیاکارانی ڕاگەیاند،" بەداخەوە ئیدارەی یەکێتی بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)، سەرەڕای هۆشدارییە دووبارەکانمان."
گوتیشی"دەتوانین ھەموو ھەنگاوەکان لەگەڵ دراوسێیەکانمان لە ناوچەکە بگرینەبەر، بە مەرجێک ڕێگا نەدرێت قەوارەیەکی تیرۆریستیی لەسەر سنوورەمان دابمەزرێت."

ئەردۆغان گوتیشی "کاتێک پرسەکە مانەوە و ئاسایشی نیشتمانییمان بێت، هەتا کۆتایی دەرگاکانی لێبوردەیی دادەخەین و چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین."

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" ئەم دۆخە هەروا نامێنێتەوە و کونسوڵی تازەی تورکیا کە هاتووە کەسێکی شارەزایە و پێش ئەویش وەزیری دەرەوەی تورکیا لەناوچەکە بووە و شارەزایە، من پێم وایە پەیوەندیەکانی یەکێتی و تورکیا لە داهاتوودا گرنگ دەبێت و خۆ نابێت تەرک بکرێت، بەڵکو هەلە تێگەشتنیک لە نێوان تورکیا و یەکێتیدا هەیە، چونکە تورکیا وڵاتێکی گەورەیە و یەکێتی نیشتمانی کوردستان نە دژێتی و نە توانای ئەوەشی هەیە شەڕی لەگەڵدا بکات."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار