لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر خانەقایەکی شاری سەقز، 3 دەروێشی کورد دەکوژرێن

بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکانی ئیران شێخ ئازاد شەهابی دەروێشێکی ناسراوی ناوچەکە، لەگەڵ دوو دەروێشی دیکە لە هێرشێکدا بۆ سەر خانەقاکەیان لە سەقز کوژراون. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن دوو دەروێشەکەی تریش هەردوویان شاگردی شێخ ئازاد شەهابی بوون.

ئاژانسی دەنگوباسی تەسنیمی ئێران لە زاری بەرپرسی پۆلیسی سەقزەوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی تەقەکردنەکە، نووسیویەتی هەوڵەکان بۆ "دۆزینەوە و دەستگیرکردنی بکوژ یان بکوژەکان" گیراوەتەبەر.

پارێزگاری سەقز و بەرپرسانی ئاسایشی شارەکە دەڵێن، تا ئێستا ناسنامەی هێرشبەرەکان دەستنیشان نەکراوە.

شێخ ئازاد یەکێک بووە لە سەیدەکانی پارسانی سەقز و ئەندامی تەریقەتی قادرییە بووە.

بە گوێرەی هەواڵەکان تەرمی شێخ ئازاد شەهابی و دوو هاوەڵەکەی دوای نیوەرۆی پێنجشەممە لە گۆڕستانی ئایچی سەقز و بە ئامادەبوونی خەڵکیکی زۆری شارەکە بە خاک سپێردراون.

دەروێشەکان بەشێکن لەو گرووپانەی کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە شێوەیەک یسیستماتیک هەراسان کراون، دەستگیرکراون و سزای زیندانی درێژخایانیان بەسەردا سەپێندراوە وە هەروەها بەشداری چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیان لێ قەدەغە کراوە.