بەرپرسێکی پارتی: یەکێتی ناوی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئامادە نەکرد و لەگەڵ خەز عەلی و زەید و عوبێد خەریکی پیلانگێڕییە

بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرکردایەتی پارتی داوای ناوی لە یەکێتی کردووە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک، پارتی چەند ناوێکی ئامادە کردووە و ناوەکان خەڵکی بێ لایەنیشی تێدابووە، بەڵام یەکێتی هیچ ناوێکی ئامادە نەکردووە.

محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی لە بری ئامادەکردنی ناو، لەگەڵ قەیس خەز عەلی و زەید و عوبێد خەریکی پیلانگێڕی بوو."

ڕۆژی 4ی مانگی دووی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەشاری سلێمانی کۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەوکاتی کۆبوونەوەی نێوانیان هاوڕابوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.

محەمەد کەمال دەڵێت،"16 ی ئۆکتۆبەر هۆکاری کێشەکانە، بەرپرسانی یەکێتی ئەوکات تەلەفۆنیان بۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان دەکردو دەیانگوت تا زاخۆ بڕۆن، سەدان سکاڵایان لەدادگای فیدراڵی لەسەر پارتی و حکومەتی هەرێم تۆمار کرد. لە موسڵ پیلانگێڕیان کردو سەرینەگرت" ئەو وتیشی، "بە بەرپرسێکی یەکێتیم وت، ئێوە لە نەوەودو نۆ لەسەد خیانەت لە ئێمە دەکەن، کەچی لەسەدەمین، پێمان وەرن لەگەڵمان بن، ئەمە ناکرێت."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سونە 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستهێناوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بۆ لە بابەتی کەرکوک، دوو کورسی پارتی زیاتر بێت لە شەش کورسی یەکێتی. کورد 50% ی کورسییەکانی کەرکوکی هێناوەو کەواتە کەرکوک شارێکی کوردستانییە، دەبێت پارێزگارێکی کورد دابنرێت."

Your browser doesn’t support HTML5

دیداری تایبەت لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

هەروەها وتیشی،"ناکرێت یەکێتی خاوەنی 6 کورسییە، لە ئەنجامی کودەتاو پاڵپشتی ئیقلیمی بێ بەش بکرێت لە ئیدارەی کەرکوک، بۆیە کەرکوک بێ یەکێتی سەقامگیر نابێت. ناکرێت چوار پێنج کورسی کۆببنەوەو یەکێتی کە خاوەنی پێنج کورسییە وەلا نێن."

بەرپرسانی بەرەی تورکمانی جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێککەوتنیان ئەنجامداوەو پێکەوە خاوەنی چوار کورسین، بەڵام ڕەخنە لە عەرەبی سونە دەگرن کە یەکگرتوو نین و نەبوونەتە بەشێک لە ڕێککەوتنەکەیان.

بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی، سەبارەت بە ڕێککەوتنیان لەگەڵ بەرەی تورکمانی دەڵێت،"گفتووگۆمان هەیە، بەڵام ڕێککەوتنی کۆنکرێتیمان نییە، دەبێت عەرەب و کوردیش هەمووی بێنە ناو ڕێککەوتنەکانەوە. یەکێتی خۆی دەڕوات لەگەڵ عەرەبی بەسراوی ڕێکدەکەوێت، بەڵام گفتووگۆ لەگەڵ عەرەبی کەرکوک بۆ ئێمە بە حەرام دەزانێت."

بەرپرسی لقی کەرکوکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیکردەوە، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجامدراوەو دەبێت لایەنەکان لەسەر پۆستەکان ڕێکبکەون، بەڵام تا ئێستا ڕێککەوتنی کۆنکرێتی ئەنجام نەدراوە.