کاریگەری گرژییەکانی نێوان پارتی و کوردەکانی ڕۆژئاوا لەسەر مان و نەمانی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا

ژەنەڕاڵ مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا و ژەنەڕاڵ مەزلوم کۆبانی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات

ئەمەریکا بە هۆکاری جۆراوجۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزی سەربازی جێگیر کردووە و لە هەندێک وڵات وەک عێراق و سوریا، هێزەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش و هاوکات هاوکاری هێزە ناوخۆییەکان ئەو وڵاتانە، جێگیر کردووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەندێ ڕووداو وایکردووە ئەمەریکا ژمارەی سەرباز و هێزەکانی لە وڵاتانی سوریا و عێڕاق کەم بکاتەوە. دامەزراوەی نیوڵاینزی ئەمەریکا لە وتارێکدا نووسیوێتی بەرزبوونەوەی گۆشەگیری لە نێو خەڵکی ئەمەریکا و ئەگەری بەردەوامی پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ ئێران و بریکارەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وایکردووە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە ببێتە ئەگەرێکی بەهێزتر.

کاربەدەستانی عێراقی، لەدوای تێکشانی داعش و کۆنترۆڵی ئەو خاکانەی لە دەستی ئەو گرووپە توندڕەوەیەدا بوو، چەندین جار داوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیان بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا کردووە.

پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق لەو کاتەوەی ئیسرائیل هێرشە گەورەکەی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، زیاتر باس دەکرێت و وەک شیکەرەوان دەڵێن سەرۆکوەزیرانی عێراق،محەممەد شیاع سودانی کە حکومەتەکەی پشت بە پشتیوانی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئێران بەستووە، زیاتر بەدواداچوون بۆ پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات.

لەدوایین هەواڵیشدا سەبارەت بەم پرسە، مەتیو میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە هەردوولایەنی ئەمەریکا و عێراقی لەم هەفتەیەدا لە واشنتن کۆبوونەتەوە بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی گواستنەوەی ئەرکی هاوپەیمانی لەسەر بنەمای ئەو مەترسییەی داعش دروستیکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، وردەکاری زیاتری لەبەردەستدا نییە.

کارۆلین مۆرمەن، شیکەرەوەی پرسە سیاسی و ستراتیژییەکان لە دامەزراوەی نیوڵاینزی ئەمەریکا لە نووسێنێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە بەو پێیەی ئەمەریکا پلانێکی دیاریکراوی بۆ پاشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنی یەکلاکەرەوە(Operation Inherent Resolve) دانەناوە، هەر بۆیەش بوون و نەبوونی هێزەکانی لە عێراق و سوریا پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە.

ئۆپەراسیۆنی یەکلاکەرەوە ناوی ئۆپەراسیۆنێکی سوپای ئەمەریکایە بۆ ئامادەبوونی سەربازی نێودەوڵەتی دژی داعش کە هەڵمەتە سەربازییەکانی عێراق سوریا لەخۆدەگرێت.

مۆرمەن ئاماژە بەوە دەکات کە لە ئیستادا زۆربەی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیدارەی خۆسەری کورد و هێزە هاوبەشەکانی واشنتن لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سوریا، لە ناوخۆی عێراقەوە و دەرەوەی خاکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکرێت بۆیان، بەڵام ئەگەر بێتو هێزەکانی ئەمەریکا له عێراق بکشێنەوە، ئەوا واشنتن ناچارە بۆ ناردنی یارمەتییەکانی بۆ ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردەکانی سوریا، ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکات. دەشڵێت بەڵام بەهۆی ئەو گرژییە جدییەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیدارەی خۆسەری کوردی، ڕەنگە کوردی سووریا نەتوانێت وەک ڕابردوو لە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بەهرەمەند بێت.

مۆرمەن پێی وایە ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق و سوریا لە چەندین ئاراستەوە ڕووبەڕووی فشار بووەتەوە و دەڵێت لە ناوخۆی ئەمەریکا، خەڵکەکەی تادێت خواستیان بەرەو سیاسەتێکی دەرەوەی گۆشەگیرانە دەڕوات و هاوکاتیش لەگەڵ ئەگەری سەرکەوتنی دانۆلد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 2024، پێدەچێت لە داهاتوودا مشتومڕەکان سەبارەت بە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەستپێبکاتەوە. مورمەن دەڵێت بەڕێوبەرایەتی ترامپ پیشتر ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچە زۆر ستراتیژییەکانی باکووری سوریا لە ساڵی 2019دا و بۆ ئەوەی پێویستی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو وڵاتی عێراق و سوریا ڕەتبکاتەوە، باسی لە سەرکەوتنی بەڕێوبەرایەتییەکەی دەکرد بەسەر داعشدا، ئەمەش لەکاتێکدا هێشتا شانەکانی داعش لەو هەردوو ولاتدا بوونیان هەیە.

کارۆلین مۆرمەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە پارتی لە هەرێمی کوردستان و ئیدارەی خۆسەری کورد بەهۆی ڕێبازی سیاسییانەوە، ناکۆکی لەنێوانیادا هەیە و گرژییەکانی نێوانیشیان بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییەکانی هەردوولا لەگەڵ تورکیا و خواستە سیاسییەکانیان. تورکیا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە بەشێکی دانەبڕاوی پارتی کرێکارانی کوردستان ناودەبات و هەر بۆیەش پارتی بە هۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، خۆی لەو هێزانە دوورخستووەتەوە و تەنانەت بۆ دژایەتی کردنی ئیدارەی خۆسەری کورد، دامەزراوەی سیاسی ئەنەکەسەی لە سوریا دامەزراندووە.

کارۆلین مۆرمەن، شیکەرەوەی سیاسی لە دامەزراوەی نیوڵاینزی ئەمەریکا دەڵیت گرژییەکانی نیوان پارتی و ئیدارەی خۆسەری کورد پێدەچێت ببێتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم پشتیوانییەکانی واشنتن لە کوردەکانی سوریا.

دەشڵێت لەگەڵ گرژییەکانی نێوانان، بەڵام هەردوولا هەم پارتی و هەم ئیدارەی خوسەری کورد، بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خوازیاری پەیوەندی باشترن، لەبەر ئەوەی ئەمانە دوو لە گەورەترین هاوپەیمانی سیاسی و سەربازی ئەمەریکان لە عێراق و سوریا و باشبوونی پەیوەندی نێوانیشیان توخمێکی گرنگە لە بڕیارەکانی حکومەتی ئەمەریکا بۆ داڕەشتنی سیاسەتەکەی بەرامبەر بەو هێزانە.

ئەم شرۆڤەکارە لە کۆتایی نووسینەکەیدا دەڵێت ئەمەریکا پێویستە پێش ئەوەی هەر هەنگاوێک بگرێتەبەر لە ناوچەکەدا، دەبێت هەوڵی باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیدارەی خۆسەری کورد بدات، چونکە بەردەوامبوونی گرژییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سوریا.

سەرچاوە/ بەشێک لە زانیارییەکان لە New Lines Institute وەرگیراون.