ئەمەریکا و عەرەبستانی سعودیە بانگهێشتی لایەنە بەشەڕهاتووەکانی سودان دەکەن بۆ دانوستانی ئاشتی

سەرۆکی یەکێک لە لایەنە بەشەڕهاتووەکانی سودان بانگهێشتی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای قبوڵ کرد بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکانی کۆتایی هێنان بە شەڕ لەو وڵاتە.

محەممەد حەمدان دەقلۆ، سەرۆکی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، درەنگانی ڕۆژی سێشەممە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بانگهێشتەکەی بلینکنی قبوڵ کرد بۆ بەشداری لە دانوستانەکانی ئاشتی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی 15 مانگەی سودان کە لە مانگی هەشتی ئەمساڵ لە سویسرا دەستپێدەکات.

تا ئێستا هیچ وەڵامێک لە سوپای سودان، لایەنە بەشەڕهاتووەکەی دیکە نییە، سەبارەت بە بەشداریکردن لە دانوستانەکانی ئاشتی.

بلینکن ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند عەرەبستانی سعودیە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکا میوانداری ئەم دانوستانانە دەکات. نوێنەرانی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی، میسر، یەکێتی ئەفریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەشداری گفتوگۆکان دەبن.

لە مانگی چواری 2023ەوە شەڕی ناوخۆ لە سودان بەردەوامە، لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا دەیان هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 ملیۆن هاووڵاتی سودانی ئاوارە بوون. بەشێکی زۆریان بەرەو چاد و وڵاتانی تری دراوسێ هەڵاتوون.

بلینکن لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت "دەبێت ئەم شەڕە بێمانایە کۆتایی بێت".

هەفتەی ڕابردوو هەردوو لایەنی شەڕکەر بەشدارییان لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لە ژنێڤ کرد بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان. ڕامتانێ لامامرا، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە نێوەندگیری دانوستانەکانی کرد، گوتی دانوستانەکان جێگای دڵخۆشی بوون.

سەرچاوە: RUTERS, AP, AFP