ژینگەپارێزێکی کورد لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کوردستان تووشی سوتان دەبێت و گیان لەدەستدەدات

چالاکوانێکی ژینگەپارێزی کوردی خەڵکی کامێران بەناوی ئیسماعیل کەریمی کە دوو ڕۆژ پیش ئێستا لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کامێران سووتابوو، ڕۆژی چوارشەممە، 24ی مانگی حەوت بەهۆی قورسی برینەکانیەوە گیان لەدەست دەدا.

ئەمە یەکەمجار نییە چالاکوانانی کوردی ژینگەپارێز لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکاندا گیانیان لەدەست دەدەن. پێشتریش شەریف باجور، ئومێد کۆهنەپۆشی، موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی گیانیان لە پێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان لەدەستداوە.

بە پێی ئاژانسە هەواڵییە نێوخۆییەکانی ئێران، ئیسماعیل کەریمی ڕۆژی دووشەممە 22ی مانگی حەوت لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی گوندی "کانیشە" لە کامێران تووشی ڕووداوی سووتان بووەتەوە و بە هەلیکۆپتەرێکی فریاگوزاری ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەر لە شاری سنە کراوە، بەڵام بەهۆی ڕێژەی سووتانەکەیەوە، بەیانی چوارشەممە گیانی لەدەستداوە.

بە پێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاو بووەتەوە، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە زێدی خۆی لە گوندێکی کامێران، بە ئامادەبوونی خەڵکیکی زۆر و بە دروشمی شەهید نامرێت، بەخاک سپێردراوە.

هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن دوای ڕێوڕەسمی ناشتنی ئیسماعیل کەریمی، هێزە ئەمنی و ئاسایشەکانی ئیران لە نزیک شاری کامێران، ژمارەیەک چالاکوانی ژینگەپارێزیان دەستبەسەر کردووە و هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک لە بارەی بارودۆخی دەستبەسەرکراوان و هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەیان نەخراوەتەڕوو.