دوای بەخاکسپاردنی ژینگەپارێزێکی خەڵکی کامێران، لانیکەم 10 چالاکوانی کورد دەستگیر دەکرێن

ئاژانسە هەواڵی و رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن دوای مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران، لانیکەم 10 چالاکوانی مەدەنی لەو شارە دەستگیرکراون.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەواڵێکدا لەمبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی چوارشەممە 24ی مانگی حەوت هەڵیانکوتاوەتە سەر ڕێستۆرانتێک لە سەر ڕێگای سنە - کامێران و لانیکەم 10 هاووڵاتییان تێدا بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەستبەسەر کردووە.

بەگوێرەی ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و کۆردپا، هێزەکانی حکومەت چەکیان لەو چالاکوانانە ڕاکێشاوە و بە سوکایەتی پێکردن و لێدان دەستگیریان کردوون و هەروەها دەستیان بەسەر مۆبایلی هەندێکی دیکەشدا گرتووە و داوایان لێکردوون بڕوەنە بارەگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە کامێران.

ئەمەش ببینە ژینگەپارێزێکی کورد لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کوردستان تووشی سوتان دەبێت و گیان لەدەستدەدات

هەنگاو ناوی هەشت لەو کەسانەی کە دەستبەسەرکران بڵاو کردووەتەوە کە بریتین لە خەلیل پەرەندەک، یاسر نووری، فەریدە وەیسی، حەمید سەبزە، فەرزین موەفەقی، ئەمیر نەدیمی، حیسام مەهدی و ئامانج قوربانی.

بەشێک لەو چالاکوانانە پێشتریش چەندین جار دەستگیر کراون، لەوانە ئامانج قوربانی، فەرزین موەفەقی و ئەمیر نەدیمی کە چەندین جار بە هۆی چالاکی مەدەنی و ژینگەییەوە لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانی کامێرانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، ڕۆژی چوارشەممە بە ئامادەبوونی هەزاران کەس مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئیسماعیل کەریمی، چالاکوانی ژینگەپارێزی خەڵکی کامێران بە دروشمی "شەهید نامرێت" بەڕێوەچوو.