سەرۆکی حوسییەکان هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حودەیدەی یەمەن دەکات

عەبدولمەلیک حوسی، ڕێبەری حوسییەکانی یەمەن ڕۆژی پێنجشەممە 25ی مانگی حەوت لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند ئەو گرووپە لە هێرشەکانی دژی ئیسرائیل بەردەوام دەبێت و وەڵامیان بۆ دوایین هێرشەکەی ئیسرائیل حەتمییە.

بە گوتەی عەبدولمەلیک حوسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەندەری حودەیدە، ئەو گرووپەی لە درێژەدان بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕاناگرێت و وەڵامدانەوەیان بۆ ئەو هێرشە "حەتمییە" و کردەوەکانی ئیسرائیل زیاتر هانی داون بۆ ئەوەی ئەو بە تۆڵەسەندنەوە ناوی دەبات.

ڕۆژێک دوای هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەی حوسییەکان بۆ سەر تەلئەڤیڤ، ئیسرائیل بە هێرشە ئاسمانییە قورسەکانی پێگەکانی حوسییەکانی لە بەندەری حودەیدە کردە ئامانج.

بە گوتەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەم دەروازە بۆ هاوردەکردنی ئەو چەک و چۆڵانەی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دروستکراون بەکاردێت.

بنیامین ناتانیاهۆ بە ئاماژەدان بە هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل لە هەشت مانگی ڕابردوودا، هۆشداریدا لەوەی هەر گروپێک هێرش بکاتە سەر هاوڵاتیانی ئیسرائیل "باجێکی قورس" دەدات.

لە هەمان کاتدا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئیسرائیل کاتز ڕۆژی شەممە دوای هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان لە بەندەری حودەیدە وتی "کۆماری ئیسلامی ئێران سەری مارێکە و دەبێت بەری پێبگیرێت."

کاتز لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ئیسرائیل گورزێکی قورسی لەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە داوە کە لەلایەن ئێرانەوە لە یەمەن پشتیوانی دەکرێت".

وتیشی "هەر گروپێک هێرشمان بکاتە سەر هێرشی دەکەینە سەر."

دوابەدوای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوودا کە تێیدا 1200 کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون کوژران و زیاتر لە 250 کەسیش لەوان منداڵ و ژن و بەساڵاچوو ڕفێنران بۆ کەرتی غەززە، ئیسرائیل لەگەڵیدا هێرشی کردە سەر غەززە بە ئامانجی لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتە ڕفێندراوەکان.

دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، گروپە بە وەکالەتەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەوانەش حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل و هەروەها پێگەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا حوسییەکان چەندین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکییان لەدژی کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی ناوچەکە ئەنجامداوە و لەلایەکی دیکەشەوە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی، بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی، پێگەکانی حوسییەکانین کردۆتە ئامانج کە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.

سەرچاوە/رۆیتەرز