دوای شکستهێنان بۆ نزیککردنەوەی لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیا لەگەڵ لایەنە براوەکاندا کۆدەبێتەوەو دەیەوێت لە ماوەی یاساییدا ڕێککەوتن لە نێوانیان ئەنجام بدات.
هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەن و پێکهاتەکانی کەرکوک لەکاتێکدایە پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و چەند ئەندامێکی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە بێ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەوڵی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دەدەن.
نەجات حسێن، سەرکردەی سیاسی تورکمانی لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و بەشێک لە عەرەبی سونە ڕێککەوتنیان ئەنجامدابوو، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕێگەی بەغداوە شکستی بە ڕێککەوتنەکە هێنا."
ڕۆژی 29 ی پێنجی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری بۆ سێیەم جار لەگەڵ نوێنەری کوردو عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان نوێنەری یەکێتی و پارتی، کۆبوونەوەکە بە بێ ئەنجام کۆتایی هات.
نەجات حسێن دەڵێت،"تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی دەیانەوێت یەکێتی پەراوێز بخەن، بەڵام پەراوێزخستنی گەورەترین لیست لە ڕووی یاساییەوە ڕەنگە ئاسایی بێت، بەڵام لەڕووی کردارییەوە گرفتی سیاسی دروست دەبێت، گرفتی سیاسیش دواجار بۆ ناو شەقام و خەڵک شۆڕ دەبێتەوە."
ڕۆژی 26 ی مانگی 7 ی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کوتلەی تورکمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبوویەوەو پێشتریش لەگەڵ کوتلەی عەرەبی کۆبوونەوەی ئەنجامدابوو، پێشبینیش دەکرێت لەگەڵ کوتلە کوردییەکانیشدا کۆببێتەوە.
لە ڕۆژی 11 ی ئەم مانگە، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامداو کۆبوونەوەکەی بەکراوەیی هێشتەوە، تا ئەوکاتەی لایەنەکان دەگەنە ڕێککەوتن لەسەر پۆستە گرنگەکانی پارێزگاکەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پارتی و عەرەبی سونەو تورکمان لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام پێکهێنانی حکومەتی کەرکوک بە بێ یەکێتی ئەستەمە."
هەروەها وتیشی،"یەکگرتنی ئەندامانی ئەنجومەن لە کوتلەی عەرەبی شکڵییە، ئەگینا عەرەبیش وەکو پارتی و یەکێتی دابەشبووەو هاوڕا نین."
شەوی 26 ی حەوتی 2024، پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و عەرەبی سونە تا درەنگانێکی شەو لە کۆبوونەوەدا بوون، بەڵام هێشتا ڕوون نییە کۆبوونەوەکە بڕیاری یەکلایی کەرەوەی تێدا دراوە یاخود نە.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی حزبەکەی لەگەڵ عەرەب و تورکمان، حەسەن مەجید سەرۆکی کوتلەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"زانیاریم لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان پارتی و عەرەب و تورکمان نییە."
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سونە کە لە سێ کوتلە پێکدێت 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە هەیە.
وەکچۆن کورد بەسەر پارتی و یەکێتیدا دابەشبووە، دابەشبوون ریزەکانی عەرەبی سونەشی گرتووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی دوو کورسییەکەی بەرەی تورکمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێکیان سەربە حەسەن تۆران سەرۆکی ئێستای بەرەو ئەویتریان سەربە ئەرشەد سالحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانییە.
بەرپرسێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بە بێ ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان ئەستەمە، بە تایبەت دابەشبوون نێو ماڵی هەموو پێکهاتەکانی گرتووەتەوە."
بەرەی پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکمان و بەشێک لە عەرەبی سونە بە نزیکایەتی لە تورکیاو بەرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە نزیکایەتی لەگەڵ ئێران دادەنرێن، ئەمەش بە هۆکارێکی قوڵبوونەوەی ململانێکان و نەگەیشتنە ڕێککەوتن دادەنرێت.
هاوکات لەگەڵ ناکۆکی نێوان لایەنەکانی کەرکوک لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە، بەرپرسانی پارتی و ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەبەوەدەکەن، شەوی ڕابردوو تەقە لە بارەگای لقی پارتی و ماڵی بەرپرسەکەی یەکێتی کراوە.
محەمەد دوو شیوانی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"شەوی ڕابردوو تەقە لە ماڵەکەم کراوەو پاسەوانەکان وەڵامیان داوەتەوە، بۆیە تەقەکەرەکان ئۆتۆمبێلێکیان بەجێهێشتووەو چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەکانین."
لای خۆیەوە حەسەن مەجید، سەرۆکی کوتلەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، وتی،"هێشتا ناسنامەی ئەو کەسانە نازانین کە تەقەیان لە بارەگای لقی کەرکوک کردووە، دەمانەوێت دەزگا ئەمنییەکان ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن."