سەرۆکی سەندیکای بیناسازی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت هەرچەندە لە ڕێگەی وەزارەتی کار و داواکاری گشتیەوە داوای یاسایی لە دۆسیەی گیان لەدەستدانی کرێکاران دەگەیەننە دادگاکان، بەڵام گلەیی لە درەنگ یەکلاکردنەوە و دواکەوتنی کەیسەکان هەیە. وتیشی زۆرینەی دۆسیەی گیانلەدەستدانی کرێکارانی بیانی دادەخرێت و نابرێتە دادگا، بەڵام زۆربەی دۆسیەی کرێکارانی ناوخۆ لە دادگاکاندا یەکلا دەکرێتەوە.
عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای بیناسازی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سەندیکای کرێکاران لەڕێگای داوکاری گشتی و وەزارەتی کارەوە داوا تۆمار دەکات و چەندین کۆمپانیا دادگایی کراون لەسەر دۆسیەی گیان لەدەستدانی کرێکاران، هەندێکیان قەرەبوویان کردوونەتەوە، هەندێکیشیان بە ڕێکەوتن لەگەڵ قوربانیەکان کێشەکە چارەسەر دەکەن."
وتیشی،" کرێکارە بیانیەکان کەمتر دەبن بە داوای یاسایی، بەڵام کرێکارە ناوخۆییەکان زۆرینەی دەبنە داوای یاسایی، بە یاسا داواکان یەکلا دەکرێنەوە، هەرچەندە دواکەوتن و درەنگ وەڵامدانەوەی داواکان هەیە، کە گلەیی جدی لەسەرە."
دەنگی ئەمەریکا بۆ بەدواداچوونی هۆکاری درەنگ یەکلابوونەوەی دۆسیەی گیانلەدەستدانی کرێکاران پەیوەندی کرد بە هەریەکە لە وتەبێژی وەزارەتی داد و وتەبێژی دەستەی داواکاری گشتی، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.
پرسی گیان لەدەستدانی کرێکاران لە کاتی کارکردندا یەکێکە لەو پرسانەی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، کە بەشێکی زۆریان لە کاتی کارکردن لە بواری بیناسازیدا ڕوودەدەن. بە پێی ئامارەکانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیش تەنها لە ساڵی 2024 دا واتە لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 17 کرێکار لە شاری سلێمانی گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش 6 کرێکاریان بیانین و 11 دانەش کرێکاری ناوخۆیین.
لە دواهەمین ئاماریشدا ئەمڕۆ 27ی مانگی حەوت کرێکارێکی بە ڕەگەز چینی بە ناوی (هوانگ باوکای) تەمەن 40 ساڵ لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ بە هۆی بەرکەوتنەوە گیانی لەدەستدا.
عوسمان زیندانی دەڵێت،" هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدانی کرێکاران دەگەڕیتەوە بۆ پابەند نەبوونی خاوەن پرۆژەکان بە دابینکردنی پێداویستیەکانی خۆ پاراستن بۆ کرێکارەکان، کەمتەرخەمی هەیە کە خۆی لە دابیننەکردنی پێداویستیەکانی سەلامەتی خۆپاراستنی پیشەیی دەگرێتەوە لەلایەن کۆمپانیاکانەوە."
وتیشی،" وێرای ئەوەی سروشتی کاری بیناسازی قورس و مەترسیدارە هەموو دەقەیەک موعەرەزە بۆ ڕووداو."
سەرباری قسەکەی عوسمان زیندانی سەبارەت بە درەنگ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی کرێکاران، بەڵام بە قسەی وەزارەتی کار هەموو کرێکاران دۆسیەکانیان لە دادگاکاندا یەکلا ناکرێتەوە بەهۆکاری نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کارووباری کۆمەڵایەتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەموو کرێکارەکان لەلایەن وەزارەتی کارەوە هاوکاری ناکرێن بەهۆکاری نەبوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ئێمە تەنها دەتوانین هاوکاری ئەو کرێکارانە بکەین کە دەستەبری کۆمەڵایەتیان هەیە و لای ئێمە خۆیان تۆمار کردووە."