بەهۆی هێرشی حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل 12 کەس دەکوژرێن

ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت لە ئەنجامی هێرشە موشەکییەکان کە لە لوبنانەوە هەڵدراون، دوای ئەوەی یەکێک لەو موشەکانە بەر یاریگایەکی تۆپی پێ لە بەرزاییەکانی جۆلان کەوتووە، 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 30 کەسیش برینداربوون.

سوپای ئیسرائیل دەڵێت هەموو ئەوانەی لەم هێرشە مووشەکییەدا بۆ سەر گوندی مەجدەل شەمس لە ناوچەی جۆلان کوژراون، تەمەنیان "لە نێوان 10 بۆ 20 ساڵدایە".

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە سەفەری ئەمەریکای کردووە، دوای ئەم هێرشە بە زووترین کات دەگەڕێتەوە ئیسرائیل.

ئەمە کوشندەترین هێرشی حیزبوڵای لوبنانە بۆ سەر ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا.

حیزبوڵای لوبنان کە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر ڕایگەیاندبوو 100 موشەکیان ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو مووشەکانە هیچ پەیوەندییەکیان بەم هێرشە کوشندەیەوە نییە،ئەمەش دوای ئەوەی ژمارەی قوربانییەکانی نێو هاووڵاتییانی ئیسرائیل زیادی کرد.

سوپای ئیسرائیل دەستبەجێ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە بە پێی هەڵسەنگاندنی دۆخەکە و ئەو زانیاریانەی لەبەردەستیدایە، بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو موشەکەی بەر ئەم گوندە کەوتووە لەلایەن حزبوڵاوە تەقێندراوە.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە ئەگەری وەڵامدانەوەی ئەم هێرشە وتی "لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە ئەمە جددیترین ڕووداو بووە کە بەم شێوەیە زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە. ئێمە بڕیار دەدەین و دواتر کاری بۆ دەکەین."

حەماس کە لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپاییەوە بە گرووپێکی تیرۆریستی دادەنرێت، لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا هێرشی کردە سەر ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل و لەم هێرشەدا نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران.

حەماس و هاوپەیمانەکانی زیاتر لە 240 کەسیان بە بارمتە گرت و بردیانە ناو کەرتی غەززە.

لەو کاتەوە ئیسرائیل هێرشێکی سەربازیی بەرفراوانی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە، کە بە گوتەی بەرپرسانی تەندروستی بزووتنەوەی حەماس تا ئێستا زیاتر لە 39 هەزار کەسی کوشتووە.

لە بەرامبەر هێرشی موشەکی بۆ سەر گوندی مەجدەل شەمس، ئیسرائیل کاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 12ی ئیسرائیل ڕایگەیاند، حزبوڵا "هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە".

ئاماژەی بەوەشکرد لەبەرامبەر شەڕێکی تەواوداین کە تێچووی دەبێت بۆ ئیسرائیل، بەڵام بەڵێنیدا حزبوڵا باجێکی زیاتر بدات.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز