لە سنورەکانی نەوسوود و مەریوان 2 کۆڵبەری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکوژرێن وچوار کۆڵبەریش بریندار دەبن

کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی نازم سەفەری تەمەن 24 ساڵ خەڵکی گوندی "نوین" سەر بە شاری سەوڵاوا ڕۆژی شەممە لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنوری نەوسوود بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراوە و 4 کۆڵبەری دیکەش دەستبەسەرکران و لێیان دراوە و بریندار کراون.

ڕێکخراو تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە " لە نزیک گوندی سنووریی دێزاوەر سەر بە نەوسوود، کۆمەڵێک کۆڵبەر لە مەودای نزیکەوە بەبێ ئاگادارکردنەوە لە لایەن پاسەوانانی سنوری ئێرانەوە تەقەیان لێکراوە، کە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی سەفەری.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هەر لەم هەفتەیەدا کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان بە ناوی ئیحسان نەورووزی تەمەن 25ساڵ لە کاتی کۆڵبەری لە سنوری مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا و ڕۆژی هەینی لە زێدی خۆی بەخاکسپێردراوە.

کوژران و دەستگیرکردن و لێدانی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنورەکانی نێوان عێراق و ئێران نیگەرانی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەت لە لایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و دەسەڵاتدارانی ناوچەییەوە.

ڕاپۆرتێکی ئەم دواییانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (HRW) ئاماژە بەوە دەکات کە دەسەڵاتدارانی ئێران هێزی زیاد لە پێویست و کوشندەیان لە دژی کۆڵبەران بەکارهێناوە هەروەها دەسەڵاتدارانی ئێران خراپ مامەڵەیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا کردووە کە دەستگیریان کردوون.

ڕێکخراوەکە دەڵێت دەسەڵاتدارانی ئێران ماوەیەکی زۆرە کوردەکانیان سەرکوت کردوون و هەروەها پەراوێزیان خستوون.

ساڵانە چەندین کۆڵبەری کورد بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان سنورە شاخاوییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەبڕن و زۆرجاریش دەکەونە بەر گولەی هێز چەکدارەکانی ئێران، جگە لەوەش بەشێکیان بەهۆی سەختی ڕێگا و بەفر و سەرماوە گیان لەدەستدەدەن.