ناشتنی تەرمی پارێزگارێکی سەردەمی بەعس لە قادرکەرەمی چەمچەماڵ ناڕەزایی قوربانیانی جینۆسایدی لێدەکەوێتەوە

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان دژی ناشتنی تەرمی شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگای ساڵانی هەشتاکانی سلێمانی لە ناوچەی قاد کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و ئەو بەرپرسەی پێشووی بەعس بە چاوساغیکردن بۆ حکومەتی بەعس لە دژی گوندنیشینەکان تۆمەتبار دەکات.

شێخ جەعفەر بەرزنجی لە ساڵی 1980 هەتا ساڵی 1990 پارێزگاری سلێمانی بووە و دواتر پلەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ سەرۆکی "مەجلیسی تەنفیزی حوکمی زاتی." بەڵام دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 هەرێمی کوردستانی بەرەو بەغدا بەجێهێشتووە و لەدوای ساڵی 2003 لە وڵاتی شانشینی ئوردن نیشتەجێ بووە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، 26ی حەوتی 2024، شێخ جەعفەر لە ئوردن کۆچی دواییکرد و ڕۆژی دواتر تەرمەکەی گەڕێندرایەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە ناوچەی قادرکەرەم کە شوێنی لەدایکبوونیەتی بە خاک سپێردرا.

دلێر کەریم، ئەندامی یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "شێخ جەعفەر لە کاتی تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە پارێزگاری سلێمانی بووە، ئێمە داوامانکردووە ئەوانەی ڕۆژگارێک بەعسی بوون با گۆڕستانیان جیا بێت و لەو شوێنانە نەنێژرێن قوربانیانی دەستی بەعسیان تێدا نێژراوە."

چالاکوانانی جینۆساید دەڵێن ئەو ساڵانەی شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری سلێمانی بوو، حکومەتی بەعس پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانی ئەنجامدا و چەندین تۆمەتی تری وەکو کوشتن و چەوساندنەوەی خەڵکی سلێمانی دەخەنە پاڵ.

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لە بەرپرسانی فەرمی بێ ئەنجام بوون.

ئەدیب لەتیف، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوەکانی سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەفەرمی هیچ شتێک لەبارەی ناشتنی تەرمی شێخ جەعفەر بە من نەگەیشتووە، بۆیە قسە لەسەر ئەو بابەتە ناکەم.”

یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان کە لە کۆمەڵێک نوسەری بواری جینۆساید پێکهاتووە و لە مانگی 12ی ساڵی 2021 دامەزرێندراوە. لە ڕاگەیەنراوێکیدا دەڵێت، "تەرمی کەسێک کە پێشتر پارێزگاری سلێمانی بووە، دەهێنرێتەوە قادرکەرەم، ئەو شوێنەی خاوەنی دەیان هەزار قوربانی ئەنفالە، کە ئەو پارێزگارە نەک نەیتوانی هیچیان بۆ بکات، بەڵکو چاوساغی حکومەتی بەعس بوو دژی لادێکان و هێزەکانی پێشمەرگە."

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "داواکارین لە داهاتوودا تەرمی هیچ خۆفرۆشێک نەهێنرێتەوە بۆ کوردستان و زێدی قوربانیانی ئەنفالکراو."

دلێر کەریم دەڵێت، "ناکرێت گۆڕی قوربانی و ئەوانەی دەستیان هەبووە لە تاواندا تێکەڵ بێت، چونکە ئەمە بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان ناخۆشە."

لە ڕۆژی 9ی مانگی چواری ساڵی 1988، شەش گەنجی دانیشتووی سلێمانی بەبەرچاوی خەڵک و لە پاڵ دیوارێکی نزیک فولکەی زیندانی ئەوکاتی سلێمانی گولە بارانکران. هەندێک لە چاودێرانی بواری جینۆساید دەڵێن ئەوکات شێخ جەعفەر بەرپرسی لیژنەی ئەمنی سلێمانی بووە و ئامادەی ساتی گولەبارانکردنی ئەو گەنجانە بووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی شێخ جەعفەر بەرزنجی کە نەویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە کە دەدرێنە پاڵ شێخ جەعفەر، چونکە ئەو لەسەردەمی بەعسدا کەسێکی ئیداری بووە و سەربازی نەبووە."

هەروەها وتیشی، "هەتا ئێستا هیچ کەسێک لە هیچ دادگایەک سکاڵای یاسایی لەسەر شێخ جەعفەر تۆمار نەکردووە، هۆکاری جێهێشتنی هەرێمی کوردستانیش پەیوەندی بە دۆخی سیاسییەوە هەبووە."

شێخ جەعفەر بەرزنج، یەکێکە لەو کەسانەی لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە داواکراو بووە، ناوی لە نێو لیستی ئەو موستەشارانەی سەردەمی بەعسدا هەبووە کە بە تۆمەتی دەستهەبوون لە تاوانی ئەنفال داواکراوبوون.

دلێر کەریم دەڵێت، "دەکرێت ئەوانەی بەعسی بوون لە شار و ناوچەی تر بنێژرێن نەک لە زێدی ئەنفالکراوەکان، چونکە ناکرێت بچینە نێو گۆڕستانێک نیوەی گۆڕی خۆفرۆشان و نیوەکەی تریش گۆڕی قوربانی بێت."

شێخ جەعفەر بەرزنجی، لە ساڵی 1938 لە ناوچەی قادر کەرەمی سەربە قەزای چەمچەماڵ لە دایکبووە و لە ڕۆژی 26ی ئەم مانگە، لە تەمەنی 86 ساڵید کۆچی دوایی کرد.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر