پرسی پارەی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

یەکێک لەو داوایانەی ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسان لە بەغدا هەیانە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە پێدانی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە، ئەوەیە ئەو پارانەی چەندین ساڵە لە فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕدرێن بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێم حەواڵەی حکومەتی ناوەندی بکرێن، بەڵام ئەوەی باس دەکرێت ئەو سندوقە هیچ پارەیەکی تێدا نییە و هەژمارێکی بانکیش نییە پارەیەکی بەو ناوەوە تێدابێت.

دەپرسین:

ئەم سندوقی خانەنشینەی فەرمانبەرانی هەرێم چییە و هەتا چەند ئەو قسانە ڕاستن کە ئەو سندوقە بەتاڵە؟

ئەگەر بەتاڵە ئەی ئەو بڕە پارەیەی لە فەرمانبەرانی هەرێم بڕاوە بۆ سندوقی خانەنشینی بۆ کوێ براوە؟

ئایە ئەم پرسە نابێتە گرفت بۆ موچەی خانەنشینانی هەرێم؟

ئەگەر حکومەتی ناوەندی سووربێت لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی بۆ خانەنشینی لە فەرمانبەرانی هەرێم بڕاون، حکومەتی هەرێم چۆن دەتوانێت ئەو پارانە بداتەوە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

دکتۆر نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لەسەر فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی کاروباری دارایی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی هەرێم، لەسەر فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری.

مامۆستا سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە چەند بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هەرێم، وە هەروەها بەڕێوەبەری سندوقی خانەنشینی هەرێم، بەڵام ئامادەنەبوون لە بەرنامەکە بەشداربن.

Your browser doesn’t support HTML5

پرسی پارەی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان

دکتۆر نەرمین مەعروف:

بابەتی هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ خانەنشینانی عێراق، هەرئەوەنیە کە هەرێم لیستی ناوی خانەنشینان بەهاوتاکراوی بنێرێت و موچەی خانەنشینان دەستبەجێ بەهاوتاکراوی خەرج بکرێت، لەبەرئەوەی ئەمە پڕۆسەیەکە کاتی پێویستە، ئەوە پڕۆسەیەکە پێویستە وردبینی بکرێت، وە کۆمەڵێک شوێنەواری ئیداری و یاسایی هەیە پێویستە لەنێوان هەردوولایەنی (هەرێم و عێراق) لە ئێستادا لیژنەیەک لە نێوان هەرێم پێکهێنراوە بۆ بەدواداچونی ئەو بابەتە ماوەی ٦٠ ڕۆژی بۆ دانراوە بۆ ئەو کێشە هەڵواسراوانە تا ئەو مافە بگەڕێنێتەوە بۆ خانەنشینان.

هەتا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی وەزارەتی دارایی عێراق و سندوقی خانەنشینی نیشتمانی عێراقی داوای سندوقی خانەنشینی هەرێمییان نەکردووە، ئەوەی هەیە تەنها هەندێک لە پەرلەمانتاران وەکو پێشبینی خۆیان دەڵێن عێراق داوای دەکات ئەگەرنا بەشێوەیەکی فەرمی داوانەکراوە، ئێستا مانگانە حکومەتی عێراقی ١٤ ملیار دینار وەک لێبڕینی لە ٧%ی خانەنشینی دەبڕێت و دەیبات بۆخۆی دەیکاتە داهاتی کۆتایی، کە مافی حکومەتی عێراقی نیە ئەو پارەیە بکاتە داهاتی خۆی، خۆی نەبوون یان کارا نەبوونی سندوقی خانەنشینی لە هەرێم ناکاتە ئەوەی حکومەتی عێراقی ئەو پارەیە ببات بۆخۆی دەکرێت ئەو بڕە پارەیە بخاتە ناو سندوقی خانەنشینی عێراق، یان بە ئەمانەت بۆ خۆی هەڵیبگرێت من پێشتر ئەوەم بە تێبینی بە حکومەتی عێراقی گەیاندووە کە ئەو ١٤ ملیارە مافی هەرێمی کوردستانە نەک عێراق بیکاتە داهات بۆخۆی، ئەو بڕە پارەیەی لەموچە خۆرانی هەرێم چۆن لەڕابردووەوە بەناوی سندوقی خانەنشینی بڕاوە چارەنوسی نادیارە، بەهەمان شێوەش ئەو بڕە پارەیەی عێراق لەمانگی دووەوە بڕیەێتی بەهەمان ناو چارەنوسی دیار نیە، نەخراوەتە سندوقی خانەنشینی هەرێم نەهی عێراق، بەڵکو جارێکی تر حکومەتی عێراقی بۆ خۆی بردووە کە ئێمە دەمانەوێت بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، مافی هەرێمی کوردستانە، چونکە دواجار موچە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەدرێت لە بودجەی حکومەتی فیدراڵ.

عومەر گوڵپی:

وەک زۆرێک لە بنەماکانی کاری دارایی و ژمێریاری بەداخەوە هەرێمی کوردسان لە بابەتی سندوقی خانەنشینی بە تەواوی نایاسایی مامەڵەی کردووە، من لە مانگی ٨ی ساڵی ٢٠٢١ پرسیارم لە وەزارەتی دارایی کرد سەبارەت بە سندوقی خانەنشینی بەداخەوە تائەوکات هەر سندوقەکە نەک دروستنەکرابوو بەڵکو ئەمیندار و ئەندامانیشی بۆ دیارینەکرابوو، چەندین یاسا لە هەرێمی کوردستان و عێراق هەن کە جەخت لە بوونی سندوقی خانەنشینی دەکەنەوە، لە ساڵی ٢٠٢٠ هەرسێ لایەنی بەشداری حکومەتی هەرێم (پارتی،یەکێتی، گۆڕان، لە پڕۆژە یاسای چاکسازی کە لە پەرلەمانی هەرێم پەسەندکرا، جەختی لە دامەزراندنی ئەو سندوقە کردەوە، لە چوارخاڵی دەرچوونی یاساکە سیانیان پەیوەندی بەخانەنشینانەوە هەبوو بەداخەوە هیچی جێبەجێنەکرا، لەگەڵ ئەوەی نەک یاساکە جێبەجێنەکرا و سندوقەکە دانەمەزراوە، بەڵکو چەندین ساڵە بەناوی خانەنشینی لە ٧% لە موچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت بەڵام کەس نازانێ ئەو پارانە چوون بۆ کوێ؟ کەس نازانێ بۆ ئەم پێشێلکارییەیان کردووە بەرامبەر مافی خانەنشینان، فەلسەفەی سندوقی خانەنشینی ئەوەیە کە فەرمانبەر لە دوای تەمەنی خانەنشینی دڵنیابێت کە ژیانی مسۆگەرە ئەو لە ٧%ی لێیی بڕاوە لە موچەکەی بۆی دەخرێتە سندوقی خانەنشینی و لە دواتردا بەپاڵپشتی دارایی حکومەتەوە مانگانە بێ دواکەوتن و کاریگەری هیچ دۆخێک لەکاتی خۆیدا پێیدەدرێت، بەڵام بەداخەوە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی هەرێم بەم کابینەیەی ئێستاوە ئەوەی حسابیان بۆی نەکردووە سندوقی خانەنشینی بووە، پارەیان لەفەرمانبەر بەناوی سندوقەکەوە لێبڕییوە کەچی هەر حسابیان بۆ دانانی سندوقەکە نەکردووە، هەر ئەم حکومەتە دەستی بۆ پارەی سندوقی شێرپەنجە برد، تائەو ڕۆژەی فرۆشتنی نەوت ڕاگیرا هەر وتی سندوقی داهاتی نەوت دروست دەکەم بە ئێستاشەوە کە نەوت بە تەنکەر دەفرۆشرێت ئەو سندوقە هەر بوونی نیە، لەهیچ شوێنێکی دنیا نەبووە حکومەت موچەی دوو ساڵی خانەننشینان قەرزار بێ، خانەنشینی واهەیە مردووە، باشە حکومەت تۆ موچەی ئەم خانەنشینە چۆن دەدەیتەوە؟!، لەکاتێکدا دەبوو ئەوکەسانە لەپای ئەوەی هەموو ژیانیان خزمەتیان کردووە هەموو سیستەمێکی وڵاتیان بخرایە خزمەت.

ئەگەر وەزارەتی دارایی نەتوانێت هەژمارێکی بانکی بکاتەوە ئەو پارەیەی لەموچەخۆرانی دەبڕێت بۆ خانەنشینی تێیدا هەڵبگرێت وەک مافی خانەنشینان،کەواتە وەزیر و وەزارەتی دارایی بۆچی باشە؟ئیشییان چیە؟!ئایا باشتر نیە وەزیری دارایی واز لەکارەکەی بهێنێت و دەستهەڵبگرێت کەنەتوانێت کارێکی واسادە و ئاسانی لەو جۆرە بکات!

هەر سندوقی خانەنشینی نیە، کە بەغداد سەری لێی سوڕماوە لەنەبوونی، بەڵکو بەغداد چاوی ئەبڵەق بووە کاتێک زانیوێتی دوو دەزگای حزبی هەن لە یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەش نین کەچی خەڵک خانەنشین دەکەن، لیستی خانەنشینانیشییان ئامادەنین بیدەن بە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی کە ئەوە هۆکاری دواکەوتنی موچەی ئەو دوو مانگەی پێشمەرگەبوو.

مامۆستا سادق عوسمان:

من ٤٣ساڵ ڕێژەی لە٧% لە موچەی مانگانەم دەبڕا بەناوی سندوقی خانەنشینییەوە، بەڵام ئێستا ئەوە دەبینین ئەو سندوقی خانەنشینییە چەند بێ سەروبەرە لەکوردستان هەر بوونی نییە، ئەگەری هەیە لەلایەن بەشێک لەپەرلەمانتارە شۆڤێنییەکانەوە بیکەنە گرفتی نوێ بۆ موچەی موچەخۆرانی دروست بکەن، بەداخەوە ئەم حکومەتی هەرێمە بەناو حکومەتە هیچ تایبەتمەندی حکومەتییان تێدانیە، بەتەنها دەسەڵاتن، جگە لە نەبوونی سندوقەکە ٢٤موچەی خانەنشینی خواردوین، سەدان خانەنشین لەچاوەڕوانی وەرگرتنی شایستە و مافی خۆیان سەریان نایەوە و مردن.

ماوەی ١٠ ساڵە چاوەڕێی بینینی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەکەین، ١٤ هەزار واژۆی خانەنشینانمان کۆکردەوە و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیمان هاوپێچ کرد، بۆ هاوتاکردنی موچەی خانەنشینان،بردمان بۆ هەولێر نەیانهشێت نەسەرۆکی حکومەت نەکەس ببینین، دواتر دامان بەنوسینگەی سەرۆکی حکومەت لە ٢٠٢٠، کەچی دوای چەند مانگێک سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنمان بینی،پێی وتین ئەو یاداشتەیان نەگەیشتۆتە سەرۆکی حکومەت، لەکاتێکدا یاداشتەکەمان دا بە نوسینگەکەی، لەم ١٠ ساڵەدا بەرد هاتووەتە وەڵام لەسەر داوای خانەنشینان حکومەت نەهاتووەتە وەڵام.