ژمارەیەک ئەندامی شیعەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەیانەوێت یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959ی عێراق بگۆڕن و پرۆژە یاسایەکیان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشکردووە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لە ژنانی نێو ئەنجومەنەکە بە توندی بەرەنگاری هەوڵەکانیان بوونەوە.
لە دانیشتنی ڕۆژی 23ی مانگی حەوتی ساڵی 2024ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، 10 پەرلەمانتار کە سەرجەمیان شیعە و لە ڕەگەزی پیاون، پرۆژە یاسایەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی، ئەمەش هەرای لە نێو ئەنجومەنەکەدا دروستکرد.
بەپێی پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی کە پەرلەمانتارە شیعەکان ئامادەیان کردووە، مەزهەب لە نێو گرێبەستی هاوسەرگیریدا دیاری دەکرێت و گرێبەست لەسەر بنەمای مەزهەبی پیاو ئەنجام دەدرێت. هەروەها پرۆژەکە شەرعیەتی بە بەشودانی کچان لە تەمەنی منداڵیدا داوە.
یادگار مەحمود، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 دا کە ئێستا لە دادگاکان کاری پێدەکرێت، باسی مەزهەبی تێدا نییە، بەڵام بە پێی ئەو پرۆژە یاسایەی پێشکەشکرا هاوسەرگیرییەکە لەسەر بنەمای مەزهەبی پیاوەکە دەبێت، ئەمە کارێکی مەترسیدارە و مەسەلەی تایەفەگەری زیندوو دەکاتەوە."
بەپێی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 کە لە ئێستادا لە دادگاکانی عێراق بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری کاری پێدەکرێت، مەزهەب دیاری نەکراوە و پرۆسەکە لەسەر بنەمای یاسا ئەنجام دەدرێت. هەروەها لە یاساکەدا تەمەنی 18 ساڵی بۆ کچان دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری.
بەڵام پەرلەمانتارە شیعەکان ئێستا داوادەکەن ئەو پرسە بخرێتە دەست پیاوانی ئاینی و کچانی منداڵی "باڵغ" بتوانن شوو بکەن، ڕۆڵی دادگاش تەنها پەسەندکردنی هاوسەرگیرییەکە دەبێت.
یادگار مەحمود دەڵێت، "کچی منداڵ بەشودان وەکو نەریت لە عێراقدا هەیە، بەڵام ناکرێت ئەمە بکرێتە یاسا و شەرعاندنی بۆ بکرێت، ناکرێت پەرلەمان یاسایەک دەربکات شەرعیەت بدات بەوەی کچ لە نۆ ساڵیدا بدرێتە شوو."
بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەی پەرلەمانتارە شیعەکان ئامادەیانکردبوو، ئەو کەسانەی پێشتریش هاوسەرگیرییان ئەنجامداوە دەتوانن گرێبەستەکەیان بگۆڕن، بەجۆرێک مەزهەبی تێدا دیاری بکرێت. گەر ناکۆکیش کەوتە نێوان ژن و پیاو، قسەی پیاوەکە یەکلایی کەرەوە دەبێت و لەسەر بنەمای مەزهەبی پیاوەکە بڕیار دەدرێت.
پارێزەر نەشاد عومەر لەبارەی ئەو پرۆژە یاسایە بۆ هەمواری یاسای باری کەسێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بە پێی پرۆژە یاسا ئامادەکراوەکە، مەزهەب ڕۆڵی یەکلایی کەرەوە لە بابەتەکانی گرێدراو بە هاوسەرگیری و جیابوونەوە دەبینێت نەک دادگا. ژنیش پابەند دەکرێت ڕازیبێت بەو حوکمەی مەزهەبی پیاوەکە بۆی دیاری دەکات."
دەشڵێت، "پرۆژەکە ڕۆڵی یاسا ناهێڵێت، بەڵکو مەزهەب چی بڵێت هەر ئەوەیە. لە یاسای باری کەسێتی عێراقدا گرێبەستی هاوسەرگیری لە تەواوی عێراقدا یەک گرێبەستە، بەڵام گەر ئەو پرۆژەیە پەسەند بکرێت گرێبەست لە ناوچە شیعی و سونییەکان جیاواز دەبن."
پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی ساڵی 1959ی عێراق خرایە نێو خشتەی کۆبوونەوەی ڕۆژی 23ی مانگی حەوتی 2024 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام پرۆژەکە هەرای دروستکرد و گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ خوێندنەوە بۆ کردنی ڕاگیران.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەبووایە پرۆژەکە ڕەوانەی لیژنەکانی یاسایی و کاروباری خێزان و مافی مرۆڤ بکرایە پێش ئەوەی ببرێتە نێو پەرلەمان، بەڵام ڕەوانەی هەندێک لەو لیژنانە نەکرابوو.
لەبەرامبەر ئەو 10 واژۆیەی پەرلەمانتارە شیعەکان بۆ هەمواری یاساکە کۆیان کردبوویەوە، ژنە پەرلەمانتارەکانی عێراق زیاتر لە 100 واژۆیان دژی پرۆژە یاساکە کۆکردەوە و ئەمەش وایکرد خوێندنەوەی بۆ نەکرێت.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو پەرلەمانتارە شیعانەی واژۆیان بۆ پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی کۆکردبوویەوە، پەرلەمانتارە شیعە توندڕەوەکانن."
هەروەها وتیشی، "خوێندنەوەکردن بۆ پرۆژە یاساکە ڕاگیرا و ژنان و بەشێک لە پیاوانیش دژی بوون، بەڵام ئەو پەرلەمانتارانە کۆڵ نادەن و لەهەوڵدان."
هەوڵی پەرلەمانتارە شیعەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق لەکاتێکدایە، موحسن مەندەلاوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات لە دوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستەکەی، کە مەندەلاوی کەسایەتییەکی کوردی شیعەیە.
بەرەنگاربوونەوەی هەمواری یاسای باری کەسێتی لەلایەن پەرلەمانتارانی ژنی نێو ئەنجومەنی نوێنەران و شکست هێنان بە گرتنەبەری ڕێکارەکانی خوێندنەوە بۆ کردنی، ئەو پەرلەمانتارانەی شیعەی توڕە کرد کە پرۆژەکەیان ئامادەکردبوو.
لە دانیشتنی ڕۆژی 23ی ئەم مانگەدا، کاتێک خوێندنەوە کردن بۆ پرۆژە یاساکە شکستی هێنا، حەسەن سالم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کوتلەی فەتحی هادی عامری بە دەنگی بەرز هاواریکردو وتی، "1400 ساڵە ڕیشەکێشکردن دژی شیعەبوون هەیە، مافی خۆمانە بگەڕێیینەوە بۆ فیقهی جەعفەری لە هەموو مامەڵەکانی باری کەسێتی، ئەو فیقهەی بۆ ئێمە گونجاوە. ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ڕێگری و پیلانگێڕی بووینەوە، کەسانێک بانگەشەی شیعەیی دەکەن بەڵام ئەمە بێ هیواکردنی شیعەبوو."
هەرچەندە خوێندنەوەکردن بۆ پرۆژە یاساکە هەمواری ڕاگیرا، بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە لە زیندووکردنەوەی پرۆژەکە و هێنانەوەی بۆ نێو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران، هەرچەندە بەشێکی زۆر لە پەرلەمانتاران نایانەوێت جارێکی تر ئەو پرۆژەیە بخرێتەوە بەر باس و گفتووگۆ.
Your browser doesn’t support HTML5