دەزگای ئاسایش بۆ VOA: لەم حەوت مانگەدا 334 کەسمان بە ماددەی دوو و چواری تیرۆر دەستگیرکردووە

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هێشتا داعش مەترسیە لە هەرێمی کوردستاندا، هەرچەندە لە ڕووی چەکدارییەوە لاواز بوون، بەڵام هێشتا فکرەکانیان بەردەوامە لە ناو گەنجاندا، وتیشی، تەنها لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا 334 کەسیان بە ماددەکانی دوو و چواری تیرۆر دەستگیرکردووە، کە بەشێکیان کوردن و خەڵکی هەرێمی کوردستانن.

سەلام عەبدولخالق لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"داعش مەترسیە و هەموو کات مەترسی بوون لەسەر ئاسایشی وڵات، بە تایبەت لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم کە بۆشایی ئەمنی هەیە و ماوە ماوە کاری تێکدەرانە ئەنجام دەدەن."

وتیشی،" ئامارێکمان هەیە بۆ ساڵی 2024 هەتا مانگی حەوت 173 کەسمان دەستگیرکردووە بە ماددەی 2ی تیرۆر، وە 161 کەسیش بە ماددەی 4ی تیرۆر و سەرجەمیان بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون، ئەم گروپانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، شارەزوور، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، خەریکی خۆ ڕێکخستن و خۆ ئامادەکردن بوون و ئێمە سەرجەمیانمان دەستگیرکردووە."

وتەبێژەکەی دەزگای ئاسایش ڕوونیشی کردەوە،"بەشێکی زۆر لەو ئەندامانەی ڕێکخراوی داعش کە خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی عێراقن، ڕادەستی هێزە ئەمنیەکانی عێراق کراونەتەوە."

وێرای ئەوەی 10ی مانگی دوازدەی 2017، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی عێراق، دوای سێ ساڵ لە شەڕی دژ بە داعش سەرکەوتنی بەسەر ئەو ڕێکخراوە توندڕەوەدا لە عێراق ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا هێرشەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا بە شێوەی پچڕ پچڕ بەردەوامن، بۆیە زۆر کەس نیگەرانن و ترسیان هەیە سەرهەڵبداتەوە.

بەپێی چەند سەرچاوەیەک فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژاوای نەینەوای سوپای عێراق ڕۆژی 22 ی مانگی حەوتی 2024، بانگەوازێکی نهێنی ئاڕاستەی هێزە سەربازییەکان کردووە و هۆشداری پێداون لە دزەکردنی چەکداری داعش لە سوریاوە بۆ عێراق.

لە میانی کۆبوونەوەیەکیشیدا لەگەڵ باڵیۆزی چیک لە عێراق، ڕۆژی 21 ی حەوتی 2024، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق هۆشداری داو کەمپی هۆلی سوریای بە مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دانا.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هێزەکانی ئۆپەراسیۆن لە سلێمانی ڕۆڵی هێزەکانیانی لەم پرسەدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکرا کرد و وتی،" لە ساڵی 2014و سەرەتای سەرهەڵدانی داعشەوە هێزەکانمان ڕووبەڕووی تیرۆرستان بوونەتەوە، لە ساڵێ 2014 هەتا ساڵی 2024، (1150) کەسمان دەستگیرکردووە کە چەکداری و ئەندامی داعش بوون، زۆرینەشیان لە تورکیاوە خۆیان ڕێکخستۆتەوە و لە ئێرانەوە داخڵی هەرێم بوون، بەڵام ئێمە توانیومانە دەستگیریان بکەین و بە بڕیاری دادگا دەستگیرکراون و ڕادەستی حکومەتی عێراق کراونەتەوە."

وتیشی،" لەو ژمارەیە 146 کەسیشمان بە ماددەی تیرۆر دەستگیرکردووە کە کوردن و خەڵکی شوێنە جیاجیاکانی هەرێمن و سەرجەمیان ئەندامی داعشن و ژنیش لە ناویاندا هەیە، بەڵام کەمترن لە پیاوەکان، لە ناویاندا هەندێکیان هەوڵیان داوە کۆچ بکەن بۆ ناو داعش."

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئۆپەراسیۆن دڵنیایی دایە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە پارێزراوی ئاسایش و ئەمنی هەرێم و ڕایگەیاند،" ئێمە باوەڕمان بەو ئیشە هەیە وەک هێزەکانی گشتی ئۆپەراسیۆن کە لە خزمەتی خەڵک و ئارامی هەرێمدا بین، ئێمە خزمەتکاری خەڵکی هەرێمین بێ جیاوازی بە هەوڵ و ماندووبوونی سەرجەم کارمەندەکانمان هەوڵ و بەدواداچوونمان هەیە بۆ ئەم کەسانە کە دەیانەوێت ئارامی ئەم وڵاتە تێک بدەن. پشت بەخوا توانیومانە ڕێگربین لە جێنەجێکردنی مەرامەکانیاندا، تاکە پشتیوان لەم ئیشەدا هاووڵاتیانن، چونکە خەڵک ئارامی دەوێت و هەمیشە لە پێدانی زانیاریشدا هاوکارمانن."