سەرۆک وەزیری پێشووی بەنگلادیش ئازاد دەکرێت

خالیدە زیا

دوای ئەوەی شێخ هاسینای ڕکابەری سەرسەختی لە پۆستی سەرۆک وەزیری بەنگلادیش دوورخرایەوە، سەرۆک وەزیری پێشووی وڵاتەکە خالیدە زیا دوای چەندین ساڵ لە دەستبەسەربوونی لە ماڵەکەی خۆیدا ئازاد کرا. شێخ هاسینا دوای ئەوەی خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر کۆشکەکەی هەڵات.

ڕکابەرییە سەرسەختەکەی نێوان دوو ژنەکە چەندین دەیەیە باڵی بەسەر سیاسەتی وڵاتە زۆرینە موسوڵمانەکەدا کێشاوە.

زیای تەمەن 78 ساڵ لە ساڵی 2018 دا بە فەرمانێکی هاسینا سزای 17 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، بە تۆمەتی گەندەڵی.

هاسینای 78 ساڵ ڕۆژی دووشەممە دوای خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری دوورخرایەوە، سەرکردەی سوپای بەنگلادیش ڕایگەیاند سوپا حکومەتێکی کاتی پێکدەهێنێت.

لەو کاتەدا فەرمانێک دەرکرا بۆ ئازادکردنی زیندانیانی خۆپیشاندانەکان و زیاش.

زیا سەرۆکی پارتی نیشتیمانی بەنگلادیشی ئۆپۆزسیۆنە. وتەبێژی پارتەکە ڕۆژی سێشەممە بە فرانس پرێسی وت زیا " ئێستا ئازادکراوە."

ڕکابەرییەکەی نێوان هاسینا و زیا ناوبانگی هەیە لە بەنگلادیشدا. ناکۆکییەکەی نێوانییان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی کە باوک و دایک و سێ براکەی و چەند خزمێکی دیکەی هاسینا لە کودەتایەکی سەربازیدا لە ساڵی 1975 دا کوژران، باوکی هاسینا، شێخ موجیبور ڕەحمان، سەرکردەی دامەزرێنەری وڵاتەکە بووە.

هاوسەرەکەی زیا، زیاور ڕەحمان، لەو کاتەدا جێگری سەرکردەی سوپا بووە و سێ مانگ دواتر خۆی کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کرد.

هاوسەرەکەی زیا دەستیکرد بە چاکسازیکردن لە ئابووری وڵاتە هەژارەکەدا، بەڵام دواتر لە کودەتایەکی سەربازیدا لە ساڵی 1981 دا کوژرا.

سەرکردایەتی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکە چووە دەستی زیای هاوسەرییەوە، زیا لەو کاتەدا 35 ساڵ بووە و دایکی دوو کوڕ بووە.

زیا سەرکردایەتی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکەی کرد دژی حوسەین محەمەد ئیرشادی دیکتاتۆر، لە ساڵی 1986 دا هەڵبژاردنە ساختەکانی بایکۆت کرد، ئەوەش لە ڕێی ڕێکخستنی خۆپیشاندانەوە.

زیا و هاسینا یەکییان گرت بۆ دوورخستنەوەی ئیرشاد، ئەوەش لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 1990 دا، دواتر لە یەکەمین هەڵبژاردنی ئازادی وڵاتەکەدا ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

زیا لەو هەڵبژاردنانەدا سەرکەوتنی بە دەستهێنا و لە ساڵی 1991 ەوە بۆ 1996 فەرمانڕەوایی وڵاتەکەی کرد، دووبارە لە 2001-2006 فەرمانڕەوایی وڵاتەکەی کرد.

هۆکاری ئەوەی کە هاسینا و زیا یەکترییان بەدڵ نەبووە دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانە سیاسییەکەی ساڵی 2007 کە بووە هۆی ئەوەی سوپا یاسایەکی بەپەلە بسەپێنێت و حکومەتێکی کاربەڕێکەر دروست بکات. زیا و هاسینا لەو کاتەدا هەردووکییان بۆ زیاتر لە ساڵێک دەستبەسەرکران.

لە مانگی دوانزەی ساڵی 2008 دا هاسینا لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بە دەستهێنا، لەو کاتەوە فەرمانڕەوایی وڵاتەکە دەکات هەتاوەکو ڕۆژی دووشەممە کاتێک بە فڕۆکەیەکی هێلیکۆپتەر هەڵات بۆ هیندستان.

هاسینا کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتەکەی کردبوو، ئەوەش لە ڕێی دەستگیرکردنی دەیان هەزاران ئەندامی پارتی نیشتیمانی بەنگلادیشی ئۆپۆزسیۆنەوە. سەدان کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

زیا لە ساڵی 2018 دا بە تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتبارکرا و زیندانیکرا، پارتەکەی ئەو تۆمەتە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت پاڵنەری سیاسیی لە پشتەوە بووە.

دواتر زیا بڕیاردرا لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر بێت، بە مەرجی ئەوەی بەشداری نەکات لە سیاسەت و سەردانی دەرەوەش نەکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی.

زیا لە یەکەمین کابینەکەیدا لە سەرەتای ساڵەکانی نەوەدەکاندا ئابووری بەنگلادیشی ڕزگارکرد، ئەوەش بووە هۆی چەندین دەیە لە گەشەسەندن.

بەڵام لە کابینەی دووەمیدا کە بووە سەرۆکی حکومەتێکی هاوپەیمانی ئیسلامی، حکومەتەکەی و کوڕەکانی بە تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتبار کران.

هەروەها چەندین هێرشی ئیسلامیش هەبوون، یەکێکییان بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 20 کەس و خەریکبوو ببێتە هۆی کوژرانی هاسینا.

فەوجی کاردانەوەی خێرای دژە تاوان کە زیا دروستی کردبوو، بە تۆمەتی کوشتنی سەدان کەس لە دەرەوەی یاسا تۆمەتبار کراوە.

کوڕە گەورەکەی زیا، تاریق ڕەحمان، لە دەربەدەرییەوە لە لەندەنەوە سەرکردایەتی پارتەکەی دەکرد لە کاتێکدا کە دایکی لە زینداندا بوو، تاریق بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێندراوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گوایە بەشدار بووە لە هێرشێکدا بۆ سەر گردبوونەوەیەکی هاسینا لە ساڵی 2004 دا.

زیا بە هەڵوێستە یەکلاکەرەوەکانی ناسراوە، بەڵام ئەوەی کە ناتوانێت سازش بکات وایکرد نەتوانێت ڕێککەوتنی گرنگ لەگەڵ هاوپەیمانەکاندا بکات لە ناوخۆ و دەرەوەشدا.

ئەو ڕەفتارەی زیاتر دەرکەوت کاتێک کوڕە بچووکەکەی لە ساڵی 2015 دا لە مالیزیا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لە دەستدا.

هاسینا سەردانی ماڵەکەی زیای کرد بۆ دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی خۆی، بەڵام زیا دەرگاکەی لێ نەکردەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا