کامڵا هێرس، تم واڵز وەک جێگری خۆی دەستنیشان دەکات

تم واڵز، فەرمانڕەوای مینەسۆتا

میدیاکانی ئەمەریکا دەڵێن کامڵا هێرس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، تم والزی فەرمانڕەوای ویلایەتی مینەسوتای وەک جێگری خۆی هەڵبژاردووە بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەکانی لە دژی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی 11ی 2024دا.

چاوەڕوان دەکرێت پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممەدا بە فەرمی ڕاگەیەندراوێک بڵاوبکرێتەوە، پێش چالاکییەکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە فیلادڵفیا پایتەختی ویلایەتی پێنسلڤانیا کە یەکێکە لە ویلایەتە گرنگەکان بۆ هەڵبژاردنەکان.

چاوەڕوان دەکرێت پێکەوە گەشتێکی ئەو ویلایەتانە دەستپێبکەن کە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن بۆ هەڵبژاردنەکان لەوانەدا ویسکانسن، مشیگەن، ئەریزۆنا و نێڤادا.

ترامپ لە کۆنفرانسی کاندیدکردنی پارتی کۆمارییەکانی مانگی ڕابردوودا، سیناتۆر جەی دی ڤانسی وەک جێگری خۆی دەستنیشانکرد.

بڕیارە لەم هەفتەیەدا ڤانس گەشتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی خۆی لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، ویسکانسن، میشیگەن و کارۆلاینای باکوور ئەنجام بدات.

هێرس لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا بە خێرایی وەک کاندیدی دیموکراتەکان دەرکەوت، دوای ئەوەی جۆو بایدن سەۆرکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند کە چیتر هەوڵی خولێکی دیکەی پۆستەکەی ناداتەوە.

هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن دوای نیشاندانی ئاستێکی خراپ لە دیبەیتێکدا دژی ترامپ دووچاری گرفت بوو، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی داوا لە بایدن کرا لە پێشبڕکێکە بکشێتەوە.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە ئەسۆشیەیتد پرێس، ڕۆیتەرز و فرانس پرێس وەرگیراوە.