هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی سەبارەت بە ىڕیاری داخستنی حزبەکەیان لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری عێراقەوە، ڕایدەگەیەنێت، وێڕای ڕەت کردنەوەی تۆمەتەکانی پشت بڕیارەکە، پێشتر لە بڕیارەکەش ئاگادار نەکراونەتەوە و بۆ ئەوانیش جێگەی پرسیارە، وتیشی، دەسەڵاتی دادوەری عێراق بەم بڕیارە سەروەری خۆی خستە ژێر پرسیارە.
سەلام عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێـمەش لە ڕاگەیاندنەوە هەواڵەکەمان زانیوە و بە فەرمی ئاگادار نەکراوینەتەوە، هەرچەندە دەبوو بە ڕێکاری یاساییدا بڕیارێکی لەو شێوەیە بدرایە، ئێمە نازانین ئەمە بە شەکوا کراوە، یاخود نا، چونکە ئاگادار نەکراوینەتەوە و بانگ نەکراوین لەوەی ئایە کێشەیەکی یاسایی هەیە یاخود نا."
وتیشی،" بڕیارەکە بۆشایی یاسایی تێدایە و دەسەڵاتی دادوەری بەم بڕیارە سەروەری خۆی خستە ژێر پرسیارەوە، پێمان وایە بە تەواوی بڕیارەکە سیاسیە و هەژموونی وڵاتانی دراوسێ بەسەر بڕیارەکەوە هەیە، پێمان وا بوو عێراق بەرە و ئاڕاستەیەکی دیموکراتی دەڕوات کە دڵخۆشکەر بوو وە باوەڕمان بە سەروەری یاسا هەیە لە عێراق، بەڵام پرسیاری جدیان خستە سەر سەربەخۆیی خۆیان."
شەوی ڕابردوو دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەى سێ حزبی کوردی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، هەریەک لە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی (پادێ)، بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی، هەڵدەوەشێنەوە.
جگە لە تەڤگەری ئازادی هاوسەرۆکی پادێ حسێن حاجی بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە " دادگا مافی ئەوەی نییە کە بە بێ هیچ هۆکارێک فەرمانی داخستنی پارتێکی سیاسی بدات و تانە لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەری عێراق دەدەین." حسێن حاجی سوریش بوو لەسەر ئەوەی تا کۆتایی "مافەکانی" خۆیان بەکار دەهێنن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان.
پارتی ئازادیی دیموکراتی ئێزیدی حزبێکی کوردی ئێزیدیە و بارەگای فەرمیان لە شەنگالە و لە ساڵی 2017ەوە دامەزراوە، بەرەی تێکۆشانی دیموکراتی بارەگای فەرمی لە بەغدادە و لە ساڵی 2021 یەکەم کۆنگرەی خۆی لە کەرکوک ئەنجامداوە، هەرچی تەڤگەری ئازادییە بارەگای فەرمی لە شاری سلێمانیە و لەمانگی 10ی ساڵی 2017 یەکەمین کۆنگرەی خۆی بەستووە.
هەرسێ حزبەکەی کە شەوی ڕابردوو بڕیاری داخستیان درا لە عێراق مۆڵەتی فەرمیان هەیە و تەڤگەری ئازادیش دوو جار بەشداری هەڵىژاردنەکانی عێراقی کردووە لە ساڵەکانی 2018 و 2021، لە ساڵی 2018 بەربژێرێکی بووە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆماوەی چوار ساڵ، بەڵام لە حکومەتی هەرێـم مۆڵەتیان نەبووە.
سەبارەت بە هۆکاری نەبوونی مۆڵەت بەرپرسانی تەڤگەری ئازادی و بەرەی تێکۆشانیش دەڵێن، "چەند جارێک داوای مۆڵەتیان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم کردووە و ڕێکارە یاساییەکانیان گرتۆتە بەر، بەڵام حکومەتی هەرێم ڕەتی کردووەتەوە مۆڵەتیان بداتێ، بۆیە لە عێراق مۆڵەتیان وەرگرتووە."
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەری عێراق، هۆکاری داخستنی ئەو حزبانە هەبوونی پەیوەندیانە بە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.
سەلام عەبدوڵا دەڵێت،" تەڤگەری ئازادی هەموو چالاکیەکانی لە چوارچێوەی یاساکانی کارکردنی پارتە سیاسیەکاندا بووە و هیچ کەم و کورتیەک لە کارکردنماندا نییە و نەبووینەتە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی، تۆمەتی ئاڕاستە کردنمان لەلایەن لایەنێکی سیاسی و هاوکاریکردنی داراییمان لەلایەن ئەو لایەنە سیاسیەوە تۆمەتن و ڕەتیان دەکەینەوە، هەڵوێستە سیاسیەکانمان لە خزمەتی سیادە و یەک پارچەیی و سەروەری خاکی عێراقدا بووە."
وتیشی،" لە دوای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراقەوە ئەو بڕیارە دراوە، پێمان وایە تورکیا نەک هەر پلانی لەسەر ئێمە هەیە، بەڵکو هەوڵدەدات عێراقیش پارچە بکات، ئێمە کاردەکەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە و لە ڕێگەی یاساوە ئەم دۆسیەیە یەکلایی دەکەینەوە."
پێشتر تورکیاش چەندین جار هەڕەشەی لێدانی لەو حزبانە کردووە کە نزیکنن لە پەکەکە لەوانەش تەڤگەری ئازادی.
هەرچی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقە تا ئێستا سەبارەت بەم بڕیارە هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە.