ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران لە عێراق هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی حەوت دەگێڕێتەوە بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بە بەغداد و ناردنی ناو و زانیاری تەواوی هێزە ئاسایشییەکانی هەرێم بۆ یەکەم جار بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، بۆیە دەڵێت پرۆسەی وردبینی لەو دوو لیستە دیار نییە چەندی پێدەچێت و بەغداد ڕەزامەند دەبێت بە ناردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی بەغداد یاخود نا؟
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بۆ یەکەمجار لیستی مووچەی خانەنشینانی هەرێم بە هاوتاکراوی لەگەڵ خانەنشینانی بەغداد نێردراوە بۆ بەغداد کە نزیکەی 250 هەزار خانە نشینە، تا ئێشتا هەرێم بە پێی یاسا کۆنەکە لیستی خانەنشینانی ناردووە، بەڵام ئەم مانگە بە پێی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق ناردوویەتی بۆیە ئەمە وردبینی دەوێت و کاتی پێویستە."
وتیشی،" ئەگەر عێراق لیستە نوێیەکەی قبوڵ بکات دەبێت 70 ملیار زیاتر لە مانگی ڕابردوو بخاتە سەر بەسە بودجەی هەرێم کە بۆ خانەنشینانە و پێویستی بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراقە، بەڵام ئەگەر ڕەزامەند نەبێت ئەو کات بە لیستە کۆنەکە دەینێرن."
هەرچەندە لە مانگی 11ی ساڵی 2022 عێراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی ساڵی 2006 و جێگیرکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لە جێگەی، بەڵام حکومەتی هەرێم تا ئێستا پشتی بە یاسا کۆنەکە بەستووە بۆ دابینکردنی مووچەی خانە نشینانی هەرێم، بەڵام لەم مانگەوە بە پێی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014 لیستی مووچەی خانەنشینانی ناردووە بۆ بەغداد و بەو پێیەش بێت پێویستە عێراق بڕی 70 ملیاری زیاتر بخاتە سەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام دیار نییە عێراق بە لیستەکەی هەرێم ڕەزامەند دەبێت یاخود نا.
یەکێکی تر لە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێـم و بەغداد مووچەی هێزە ئەمنیەکانە، بەو پێیەی پێشتر هەرێم ڕەزامەند نەبوو ناو و زانیاری هێزە ئەمنیەکان ڕادەستبکات، بەڵکو بە کۆد دەینارد و چەند جارێکیش هەرێم جەختی کردەوە لەوەی ڕادەستکردنی ناوی هێزە ئەمنیەکان مەترسی دروستدەکات لەسەر "ئاسایشی نیشتیمانی"، بەڵام لە ڕێکەوتی 7ی مانگی شەش دەنگی ئەمەریکا وەک یەکەم میدیا دەستی گەشت بەو نوسراوەی حکومەتی هەرێم کە ڕەزامەندی دەردەبڕێت بە ڕادەستکردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنیەکان بە ناو و زانیاری تەواوەوە.
بە پێی قسەی ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانیش ئەم ڕادەستکردنی ناوانەش یەکێکی ترە لە کێسەکانی دواکەوتنی مووچەی مانگی تەمووز، بەوپێیەی ناوی هێزە ئەمنیەکان سەرباری وردبینی کردنی لەلایەن چاودێری دارایی عێراق و هەرێم پێویستی بە وردبینی خودی وەزارەتی داراییش هەیە.
سۆران عومەر وتی،" لیستی هێزی ئەمنی بە ناو و زانیاریەوە بۆ یەکەمجار دوای وردبینی چاودێری دارایی عێرا ق و هەرێم دەچێتە بەردەستی وەزراەتی دارایی عێراق بۆیە ئەویش پێویستی بە وردبینی وەزارەتی داراییە، پێشتر لەسەر داوای عێراق ناویان نارد، بەڵام کەم و کوڕی تێدا بوو زانیاری لەسەر نەبوو گێڕایانەوە بۆ چاودێری دارایی بۆ وردبینی، دوای ئەوە لیژنەکەی عێراق هاتنەوە بۆ هەرێم و بۆ چاودێری و وردبینی لەسەر ئەو تێبینیانەی کە هەیان بوو، ئێستا لیستەکە نێردراوە بۆ مانگی تەمووز بەڵام لیستەکە یەکەمجارە وەزارەتی دارایی بە مەزبووتی و کامل زانیاری هێزە ئەمنیەکانەوە بچێتە بەردەستیان بۆیە بۆی هەیە تێبینی تریان هەبێت و کاتی پێویستە."
وتیشی،" 350 هەزاری هێزە ئەمنیەکان نێردراوە ، 250 هەزاری خانەنشینانیش، کەواتە 550 هەزار ناو و لە خانە نشینی و هێزی ئەمنی نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی و وردبینی دەکەن نەتیجەکەی بەکوێ دەگات نازانین."
یەکەم جار نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوابکەوێت و پێشتریش مووچەی هەریەک لە مانگەکانی 5،4،3 و 6 ی هێزە ئەمنیەکان دواکەوت، بەڵام بە بڕیاری سەرۆک وەزیران مووچەیان بۆ خەرجکرا، ئێستاش بەهۆی ئەم کێشانەوە نزیکەی 40 ڕۆژ بەسەر دواکەوتنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمدا تێدەپەڕێت، پەرلەمانتارە کوردەکەش بە "نیشتیمانی" کردنی مووچە بە چارەسەری بنەڕەتی دەزانێت.
سۆران عومەر وتی،" خاڵی بنەڕەتی بۆ دەرباز بوون لە کێشەکان تەوتینە، گەر تەوتین نەبێت هەموو مانگێک موعەرەزین بۆ ئەم دۆخە و دوبارەبوونەوەی."