وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای کوژرانی یەحیا سینوار، سەرکردەی تازە دەستنیشانکراوی بزووتنەوەی حەماس دەکات، لە کاتێکدا ئیسرائیل خۆی بۆ تۆڵەسەندنەوەی چاوەڕوانکراوی ئێران ئامادە دەکات، دوای ئەوەی فەرماندەیەکی حزبوڵای لوبنانی لە لوبنان و ڕێبەری حەماس لە تاران کوژران.
ئیسرائیل کاتز لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا نوسیویەتی، دانانی سینوار "هۆکارێکی دیکەیە بۆ سڕینەوەی ڕێکخراوە خراپەکەی لەسەر ڕووی زەوی". وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سینواری بە تیرۆریستێکی گەورە وەسف کرد.
حەماس ڕۆژی سێشەممە سینواری وەک سەرۆکی نوێی خۆی دەستنیشان کرد. سینوار یەکێک بوو لە پلان دارێژەرانی هێرشە تیرۆریستییەکەی حەوتی مانگی دەی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەم بڕیارە "پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ جیهان دەنێرێت کە دۆزی فەلەستینییەکان ئێستا بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی ئێران و حەماسدایە".
The election of Yahya Sinwar as the leader of Hamas must send a clear message to the world that the Palestinian issue is now completely controlled by Iran and Hamas.Without Israeli action in Gaza, the area would fall entirely under Hamas control. In Judea and Samaria, Abbas and… pic.twitter.com/MtHWswqBBq
— ישראל כ”ץ Israel Katz (@Israel_katz) August 7, 2024
کاتز هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل دەبێت کۆنترۆڵی ئاسایشی لە کەناری ڕۆژئاوا بپارێزێت بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت "بنکەیەکی توندڕەو" دابمەزرێنێت.
هەتا ئێستا ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتنی ئیسماعیل هانییە، سەرۆکی پێشووی بزووتنەوەی حەماس نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام بەرپرسانی ئێران دەڵێن، ئیسرائیل لە پشت کوژرانی ئیسماعیل هانییەوە بووە. تاران هەروەها بەڵێنی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی داوە.