دەسەڵاتدارانی نەمسا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند گەنجێکی تەمەن 19 ساڵەی لایەنگری داعش بەنیازە بووە لە کۆنسێرتێکی هونەرمەندی ئەمەریکایی تایلەر سویفت لە ڤییەنا هێرشی خۆکوژی ئەنجام بدات.
دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی نەمسا ڕایگەیاند، جگە لە تۆمەتباری سەرەکی، تۆمەتبارێکی دیکەی تەمەن 17 ساڵ دەستگیرکراوە.
بەڕێوەبەری دەزگاکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە پلانی هەبووە بە چەقۆ و تەقەمەنی هێرش بکات.
گوتیشی: "مەبەستی ئەوە بووە لە کاتی کۆنسێرتەکەدا هێرشی خۆکوژی بکات و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بکوژێت."
بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە تا ڕۆژی شەممە، گۆرانیبێژی ئەمەریکایی سویفت چەند کۆنسێرتێک لە ڤیەننا پێشکەش بکات، بەڵام لە کۆتا ساتدا هەموو کۆنسێرتەکان هەڵوەشانەوە.
دەسەڵاتداران دەڵێن چەک و تەقەمەنی لە ماڵی تۆمەتباری سەرەکیدا دۆزراوەتەوە.
فرانز ڕوف، بەڕێوەبەری ئاسایشی نەمسا ڕایگەیاند، تۆمەتباری سەرەکی هاووڵاتی نەمساییە و بە ڕەچەڵەک مەقدۆنییە، ئەوی دیکەش خەڵکی تورکیایە یان کرواتیاییە.
هەتا ئێستا ئەو ئەستێرە ئەمەریکاییە هیچ لێدوانێکی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکانی نەداوە. چاوەڕوان دەکرا 65 هەزار کەس بەشداری کۆنسێرتەکانی سویفت بکەن لە ڤییەنا.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز