بەرپرسێکی یەکێتی: هەوڵێکی تێکدەرانە نزیک بوونەوەی ئێمە و هەندێک لایەنی کەرکوکی دواخست

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکانی یەکێتی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەردەوامە، بەڵام هەوڵێکی تێکدەرانە وایکرد هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی و ڕێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ هەندێک لایەن دوابکەوێت.

شێرزاد سەمەد، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئیرادەیەک لەناو سەرجەم لایەنەکان هەیە کە نایانەوێت ئەنجومەن هەڵبوەشێنرێتەوەو بەرەو هەڵبژاردنێکی تر بڕۆین، بۆیە ڕەنگە ڕۆژانی داهاتوو هەوڵی ڕێککەوتن بدرێت."

ڕۆژی 18 ی مانگی 12 ی ساڵی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، لایەنەکان تا ئێستا لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک ڕێکنەکەوتوون.

پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک لەکاتێکدایە، لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق حکومەتی خۆجێی پێکهێنراوە، بەڵام دەست بەردارنەبوونی لایەنەکانی کەرکوک وایکردووە سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی ئەو لایەنانە سەرکەوتوو نەبێت.

ڕۆژی 29 ی پێنجی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەمەبەستی نزیککردنەوەی لایەنەکان لە یەکتری بۆ سێیەم جار لەگەڵ نوێنەری کوردو عەرەب و تورکمان کۆبوویەوە، دواتریش بە جیا لەگەڵ هەریەک لەو لایەنانە کۆبوونەوەی ئەنجامدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو لە هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەیان لەیەکتری.

کامەران کەرکوکی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەر سێ مانگ جارێک لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆدەبنەوە، مانای وایە سەرۆک وەزیران بەرپرسی ڕاستەوخۆی پارێزگاکانە بۆ ئیدارەدان."

هەروەها وتیشی،"ڕەنگە سەرۆکوەزیران خۆی کەسێک دابنێت بە پارێزگاری کەرکوک گەر لایەنەکان ڕێکنەکەون، ئەوکات ئەنجومەنی پارێزگاش گەر کۆ نەبێتەوە سڕ دەکرێت."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سونە کە خاوەنی سێ لیستە 6 کورسی، بەرەی تورکمانی 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لەکۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە بەدەستهێناوە.

لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتی و پارتی دوو هەوڵی جیایان بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لەدەوری خۆیان و ڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک دا، بەڵام هیچکامیان لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن کە 6 کورسییان هەیە لە یەک بەرەدان، پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانیش پێکەوە هاوپەیمانن و 4 کورسییان هەیە، بەڵام سێ لیستە عەرەبییەکە هاوهەڵوێست نین و بەسەر ئەم دوو بەرەیەدا دابەشبوون.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"یەکێتی لەگەڵ سێ ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگا لە ڕێککەوتن نزیک بووبوویەوە، هەوڵی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای دا، بەڵام پارتی و خەمیس خەنجەر لە ڕێگەی سەرۆکوەزیرانەوە هەوڵەکانی ڕاگرت."

شکستهێنانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان لەیەکتری و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک لەکاتێکدایە، بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8 ی مانگی 8 ی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەردانی کەرکوک بکات بەڵام سەردانەکەی ئەنجام نەدا.

نەجات حسێن، کەسایەتی سیاسی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بێگومان سەرۆکوەزیران لە دۆخی کەرکوک نیگەرانە، چونکە چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکان ئەنجامداو ڕێکنەکەوتن."

ئەو وتیشی،"هەموو لایەنەکان بانگەشەی عێراقی بوونی کەرکوک دەگەن، بەڵام هیچ لایەنێک نایەوێت دەست لە بەشێک لە خواستەکانی هەڵبگرێت، بۆیە گەیشتنە ڕێککەوتن قورسە."

لە ڕۆژی 11 ی مانگی حەوتی 2024، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجامداو کۆبوونەوەکەی بەکراوەیی هێشتەوە، تا ئەوکاتەی لایەنەکان دەگەنە ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانی پارێزگاکەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.