ئینستتیوتی پەی بۆ گەشەپێدان و پەروەردە: ئەو کاندیدانەی کە کۆمەڵگایان بە لاڕێدا بردووە پێویستە بدرێنە دادگا، نەک بچنە پەرلەمان

سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ گەشەپێدان و پەروەردە ڕایدەگەیەنێت، بەشێک لەو کاندیدانەی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی چالاکوانن یان تیک تۆکچین، لەسەر ئەو چالاکیانەی هەیانبووە و کۆمەڵگایان بە لاڕیدا بردووە و نەشیاو بووە، پێویستە بدرێن بە دادگا نەک ئەوەی ببڕێنە پەرلەمان و ئەو سەکۆ پیرۆزەیان پیێشکەش بکرێت.
دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ گەشەپێدان و پەروەوەردە کە چاودێری کارەکانی پەرلەمان دەکات بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە داخەوە کاری پەرلەمانتاری لە هەرێمی کوردستان لە پاشەکشێدایە لە کاتێکدا دوای 33 ساڵ، دەبوو بەرەو پێشەوە برۆشتایە و پەرلەمانێکی بەهێزمان بوایە، لە ڕاستیدا پەرلەمان بێتوانایە کە نەیتوانیوە بە ئەرکەکانی خۆیی هەستێت ئەمەش لە وەوە سەرچاوە دەگرێت کە حزبە سیاسیە باڵادەستەکان هەمیشە ویستیوویانە بۆ مانەوەیان لە دەسەڵات پەرلەمانێکی لاواز هەبێت و بۆیە پەرلەمانیان بەم دەردە برد، بۆ ئەوەی بەهێز نەبێت و بە ئەرکی خۆی هەڵنەستێت و نەتوانێت لێپێچینەوە لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن حکومەت بکات کە خۆیانن بەم شێوازەی کە پێشووتر کاریان کردووە لە مەسەلەی یاسا شکێنیدا بەردەوام بن ئەمەش بێگومان بە پەرلەمانێکی لاواز دەکرێت، پەرلەمانی لاوازیش بەشێکی پێویستی بە پەرلەمانتاری لاوازە."

وتیشی،" ئەوەی دەیبنین لە لیستی حزبەکان کاندیدەکانیان وەکو پێویست نین، لە سەربەخۆکانیش کە خۆیان کاندیکردووە ئەتوانم بڵێم زۆرینەیان لەو ئاستەدا نین، چونکە بەشێکی هەرە زۆریان یان تیک تۆکچین یان هونەرمەندن یان چالاکوانێکی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەوەش لە وەوە سەرچاوە دەگرێت کەوا لە ڕۆژگارێکداین حزبە باڵادەستەکان کاری پەرلەمانتاریان لە ئەرکەوە گۆڕیوە بۆ ئیمتیاز، نە دەهاتن کاندیدی بەهێزیان هەبێت و کەسانی پسپۆر و لێهاتوو، بەڵکو وەک ئیمتیازێک دەیانبەخشیەوە بە منداڵی شەهید و هەندێک کادری خۆیان و دەیان وت با سود مەندبن."

لە هەمانکاتدا کاندیدە سەربەخۆکان پێیان وایە دەتوانن دەنگی پێویست بە دەستهێنن.

شێخ ئەنەس

سالار ڕەسول، ناسراو بە شێخ ئەنەسی گۆڕهەڵکەند بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پێشبینی دەکەم کاندیدانی سەربەخۆ لە نێوان 8% بۆ 12% ی دەنگەکان بەدەست بهێنن واتا لە حزبە کۆنەکانیش زیاتر دەهێننن، چونکە خەڵکی متمانەی بە حزبە دەسەڵاتەکان نەماوە و دەزانن کاریان بۆ ناکەن، بۆیە ئێمەش ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆین و خۆمان بۆ پەرلەمان ئامادەکردووە، هەر لە ئێستاوە پرۆژەمان ئاشکرا ناکەین بەڵکو لە کاتی بانگەشە پرۆژە و بەرنامەمان بۆ پەرلەمان دەخەینە ڕوو."

وتیشی،" بە نیستبەت خۆمەوە کە وەکو کاندیدی سەربەخۆ خۆمم بۆ پەرلەمان کاندیدکردووە، نە پارەم هەیە نە سامان بۆیە بەهیچ شێوەیەک پۆستەر و فلێکس لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن هەڵناواسم واتا ناتوانم پارە خەرجبکەم بۆ کاتی بانگەشە، بۆیە ئەوەی من دەناسێت ئەوکات دەتوانێت دەنگ بدات، هەروەها بچمە پەرلەمانیش هەر کەس پرۆژەیەکی باشی هەبێت و لە بەرژەوەندی خەڵکدا بێت پاڵپشتی لێدەکەم."

لە کۆی 100 کورسیەکەی پەرلەمان، 34 کورسی پەرلەمانی بۆ هەولێر دیاریکردووە کە دوانیان بۆ کۆتایە، هەروەها کۆی گشتی کاندیدانی سنورەکە کە خۆیان تۆمارکردووە 395 کاندیدن و دابەشبوونە بە سەر دوو هاوپەیمانی و 13 حزب، ئەمە جگە لەوەی 29 کاندیدی سەربەخۆ خۆیان کاندیدکردووە بۆ ئەوەی ببنە ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە نێویاندا کەسانی تیکتۆکچی و هونەرمەند و چالاکوانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تێدایە.

مەروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەند،"بۆ ئەم هەڵبژاردنە یەک ملیۆن و 366 هەزار و 453 دەنگدەر لەسنوری پارێزگای هەولێر مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی 400 هەزار دەنگدەریش بێەشن لە دەنگدان چونکە خۆیان تۆمارنەکردووە."

وتیشی،" تەواوی کاندیدانی سنوری هەولێر 395 کاندیدن و 29 کاندیدیان بەشێوەی سەربەخۆ خۆیان کاندیدکردووە و مەرجەکانیان تێدا بووە."

ڕۆژی 26ی مانگی شەشی 2024، بۆ جاری پێنجەم سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دیاریکرد و بڕیاری دا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی مانگی دەی 2024 بەرێوەبچێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە ئامادەکاریانی بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا.

بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی کاندیدانی سەربەخۆ لە چاو خولەکانی دیکە زیاترە بە گوتەی خۆشیان،" شەڕ لە سەر مافەکانی خەڵکی دەکەن بۆیە دەچنە پەرلەمان."

شارەزایانی هەڵبژاردنیش پێیانوایە بەشێک لەو کاندیدانەی کە بە سەربەخۆ خۆیان کاندیدکردووە لە غیابی کەسانی پسپۆر و شارەزا گەر بچنە پەرلەمان ئەوە پەرلەمان پیرۆزی خۆی لە دەستدەدات.

دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ گەشەپێدان و پەروەوەردە کە چاودێری کارەکانی پەرلەمان دەکات ڕاگەشیاند،" پەرلەمان شوێنی بڕیاردانە هەم بە پێ یاسا و هەم بەپێی عورفیش بەرزترین دامەزراوەی شەرعی و یاسایی خەڵکی کوردستانە، بۆ یەکلا کردنەوەی پرسە چارەنوسازەکان بۆیە پێویستە کەسانی بەهێزی تیدابێت بەو مانایەی کەسانی پسپیۆر و شارەزای تێدابێت و بتوانێت یاسا دابڕژێت و بتوانێت لە پرسە چارەنوسازەکان بڕیار بدات."

وتیشی،" بەشێک لەو کاندیدانەی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی چالاکوانن یان تیکۆک چین، لەسەر ئەو چالاکیانەی کە هەیانبووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان نەشیاو بووە، پێویستە بدرێن بە دادگا کە کۆمەڵگایان بەلاڕیدا بردووە، چ جا ئەوەی ببڕێنە پەرلەمان و ئەو سکۆ پیرۆزەیان پیێشکەش بکرێت."

سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ گەشەپێدان و پەروەردە بە نیگەرانیەوە لە دۆخەکە دەڕوانێت و ئاماژە بۆ ئەوەشکرد کە کاندیدەکان وەکو پێویست نین و ئەوەی هەیە لە بەرژەوەندی کاری پەرلەمانتاری و لە بەرژەوەندی خەڵک و داهاتووی هەرێمدا نیە.