کاربەدەستێکی ئۆکرانیا: هەزاران سەربازی ئۆکرانیا بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنە لەشکرییە دەکەن کە دەکرێتە ناو خاکی ڕووسیا

کاربەدەستێکی باڵای ئۆکرانیا بە ئاژانسی هەواڵی فڕانس پرێسی وتووە هەزاران سەربازی ئۆکرانی بەشداری لەو ئۆپەراسیۆنە لەشکرییە دەکەن کە گەیشتووەتە ناو خاکی ڕووسیا بە ئامانجی پیشاندانی خاڵە لاوازەکانی ڕووسیا و فشارخستنە سەر مۆسکۆ بۆ کۆتایی‌هێنان بەم شەڕەی دوو ساڵ و نیوە لەلایەن ڕووسیاوە هەڵگیرساوە.

ئەم کاربەدەستە ئاسایشییەی ئۆکرانیا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، شەوی شەممە لە درێژەی لێدوانەکەی بۆ فڕانس پرێس وتی،"ئێمە لە ئێستادا لە حاڵەتی هێرشداین و ئامانجەکەش ئەوەیە شەڕەکە بخەینە ناو خاکی ڕووسیا و ناسەقامگیری لەوێش ڕووبدات."

سەبارەت بە ڕاگەیاندنەکانی لەشکری ڕووسیا کە دەڵێن هێرشەکەی ئۆکرانیا کە لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستیپێکردووە تەنیا نزیکەی هەزار سەربازە، ئەم کاربەدەستە ئۆکرانییە دەڵێت ڕووسیا ڕاست ناڵێت و ژمارەکە زۆر زیاتر، بەڵکو هەزاران سەربازن. وتیشی هێرشەکە ورەی لەشکر و خەڵک و حکومەتی ئۆکرانیای زۆر بەرزکردووەتەوە. دەشڵێت،"ئەم ئۆپەراسیۆنە سەلماندی کە ئێمەش دەتوانین هێرش بکەین و پێشڕەوی بکەین."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد پێدەچێت هێزەکانی ڕووسیا کێشەی هەماهەنگییان هەبێت و ئامادەییان نەبێت بۆ هێرشێکی لەم جۆرە.

لە بارەی ئەوەی ئایە هێزەکانی ئۆکرانیا هەوڵ دەدەن دەستبگرن بەسەر وێستگەی ناوکی کورسک وتی، "بزانین پێشهاتەکانی ئۆپەراسیۆنەکە چۆن دەبن."

وتیشی ئۆکرانیا ئامانجی لەم هێرشە داگیرکردنی خاکی ڕووسیا نییە، وە کیێڤ ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەگرێت نەک وەکو ڕووسیا کە خاکی ئۆکرانیای داگیرکردووە. هەروەها وتی ڕێزیش لە یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیش دەگرن.

هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژی سێشەممەوە لە ئەنجامی هێرشێکی لە ناکاویان بۆ ناو خاکی ڕووسیا لە سنوورەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیانەوە توانیویانە بچنە ناو هەرێمی کورسکی ڕووسیا و زیانێکی گەورە بە هێزەکانی ڕووسیا بگەیەنن و ژمارەیەک سەربازی ڕووسیاییش بە دیل بگرن و چەندین تانک و زرێپۆشی ڕووسیا تێکبشکێنن.

بەپێی هەواڵەکان لە ڕووسیاوە، زیاتر لە 76 هەزار کەسی سیڤیل لە ناوچەی شەڕەکە گواستراونەتەوە.

لەوەتای ناوەڕاستی مانگی دووی ساڵی 2022 وە ڕووسیا هێرشێکی گەورەی لەشکری کردووەتە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکەکەی داگیرکردووە. لە ئاکامی ئەم شەڕەدا هەتا ئێستا بە دەیان هەزار کەس کوژران یان برینداربوون، ئەمە جگە لەو زیانە گەورەیەی بە ژێرخانی ناوچەیەکی گەورەی ئۆکرانیا کەوتووە.

سەرچاوە/ فڕانس پرێس