ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ یۆئاف گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل گوتی، پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە" لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر پێویستی ئاگربەست لە غەززە کردەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پابەندبوونی ئەمەریکای بە ئاسایشی ئیسرائیل دووپاتکردەوە و باسی لەوە کرد کە گرژییەکان لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە."

بلینکن جەختی لە پێویستیی بەپەلە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە کردووەتەوە کە بتوانێت بارمتەکان ئازاد بکات و هەلومەرجێک بۆ سەقامگیریی فراوانتری ناوچەکە بڕەخسێنێت.

دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، ڕێبەری حەماس لە ئێران و فوئاد شوکر، فەرماندەی سەربازیی حزبوڵڵا لە بەیروت، مەترسیی پەرەسەندنی شەڕێکی فراوانتری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد کرد و هەڕەشەی تۆڵە سەندنەوەی لە ئیسرائیل لێکەوتەوە.

هەروەها زۆر کەس ترسیان لە پەرەسەندنی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە هەیە کە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و بەرپابوونی قەیرانی مرۆیی لە دوای هێرشەکەی حەماس لە حەوتی مانگی دەی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز