ڕابەرانی تورکیا و ئیتیوپیا پێش گفتوگۆ گرنگەکان، قسە دەکەن

سەرۆک وەزیری ئیتیوپیا ئابی ئەحمەد

پێش کۆبوونەوە گرنگەکەیان لەگەڵ سۆماڵدا کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە لە ئەنکەرە بەڕێوەبچێت، سەرۆک وەزیری ئیتیوپیا وتی هەوڵ دەدات لە ڕێی " ڕێککەوتنێکی پەسەندکراوەوە لەلایەن هەردوولاوە " لە ڕێی سۆماڵەوە دەستی بگات بە دەریا.

دوای پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا، ئابی ئەحمەدی سەرۆک وەزیری ئیتیوپیا وتی سوپاسگوزاری سەرۆکی تورکیایە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکەی لەگەڵ سۆماڵدا.

ئۆفیسی ئەحمەد لە ئێکس نوسیویەتی " ئابی سەرۆک وەزیر سوپاسی پشتیوانییەکەی سەرۆک ئەردۆغانی کردووە بۆ کارئاسانیکردن بۆ چارەسەرێک بۆ هەڵە لە یەکتر تێگەیشتنی نێوان ئیتیوپیا و سۆماڵ."

وتی " جەختیشی لە گرنگی ئەوە کردووەتەوە لە ڕێی ڕێککەوتنێکی هاوبەشەوە ڕێگە بدرێت ئیتیوپیا کە 120 ملیۆن دانیشتووی هەیە دەستی بگات بە دەریا."

ئۆفیسی ئەردۆغانیش لێدوانی لەسەر پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا و ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە دوو ڕابەرەکە تاوتوێی ناکۆکییەکەی نێوان ئیتیوپیا و سۆماڵییان کردووە و هەروەها باسییان لە پرسە دوو لایەنی و نێودەوڵەتییەکانیش کردووە.

ئەردۆغان وتی دەیەوێت ئیتیوپیا ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سۆماڵ بگرێت.

سەرۆکایەتی تورکیا وتی " هەوڵەکانی تورکیا ئامانج لێیان کۆتایی هێنانە بە گرژییەکانی نێوان سۆماڵ و ئیتیوپیا، سەرۆک ئەردۆغان ئاماژەی بەوەداوە ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت ئیتیوپیا بیگرێتەبەر بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکانی سۆماڵ لەسەر یەکگرتوویی و سەروەریی و یەکپارچەیی خاکەکەی کارئاسانی دەکەن بۆ پڕۆسەکە."

تورکیا ئێستا نێوەندگری دەکات لە گفتوگۆکانی نێوان دوو دراوسێکەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریکادا، کە پەیوەندییەکانی نێوانییان لە مانگی یەکدا گرژی تێکەوت کاتێک ئیتیوپیا ڕازیبوو 20 کیلۆمەتری کەناری سۆماڵیلاند بە کرێ بگرێت، لە بەرامبەر داننان بە سەربەخۆیی سۆماڵیلانددا.

سۆماڵ دژایەتی ئەو ڕێککەوتنەی نێوان ئیتیوپیا و سۆماڵیلاند دەکات وتوویەتی ڕێککەوتنەکە نایاساییە و بە دەرکردنی باڵیۆزی ئیتیوپیا وەڵامی دایەوە و هەڕەشەی دەرکردنی هەزاران سەربازی ئیتیوپیایی کرد کە لە وڵاتەکەدا جێگیرکراون بۆ یارمەتیدانی سۆماڵ لە شەڕەکەیدا دژی ئیسلامییە یاخیبووەکان.

هەفتەی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕایگەیاند وەزیرانی دەرەوەی سۆماڵ و ئیتیوپیا هەفتەی داهاتوو لە ئەنکەرە کۆدەبنەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی ناکۆکییەکانییان لەسەر ڕێککەوتنێکی بەندەرەکە کە ئادیس ئابابا پێشتر لەم ساڵدا لەگەڵ هەرێمی سۆماڵیالانددا واژۆی کردووە، هەرێمەکە لە سۆماڵ جیابووەتەوە.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا تورکیا بووەتە هاوپەیمانێکی نزیکی حکومەتی سۆماڵ. ئەنکەرە قوتابخانە و نەخۆشخانە و ژێرخانی لە سۆماڵ دروست کردووە و پڕۆگرامی خوێندنی پێشکەشکی سۆماڵییەکان کردووە تاوەکو لە تورکیا بخوێنن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا