لە دورگەی فلۆرێسی وڵاتی ئیندۆنیسیا ئێسکی بەردبووی جۆرێک لە باوانی مرۆڤ دۆزراوەتەوە کە قەبارەی زۆر بچووک بووە بە شێوەیەک باڵای کەسێکی پێگەیشتوو لەم کۆمەڵەیە بچوکتر بووە لە مەترێک.
ساڵی 2003 لەم دورگەیە ئێسکی بەردبووی ئەم جۆرە لە باوانی مرۆڤ دۆزرایەوە کەناوی هۆمۆ فلۆڕیسیەنسە و پێشبینی دەکرا تەمەنی ئێسکەکان 50 هەزار بۆ 100 هەزار ساڵ بێت. ئەوکات زانایان وتیان ئەم جۆرە لە مرۆڤ باڵای نزیکەی مەترێک بووە.
بەڵام ئێستا توێژەران لە هەمان دورگە ئێسکی بەردبووی نوێی ئەم جۆرە لە باوانی ئێمەیان دۆزیوەتەوە کە دەیسەلمێنێت ئەوان نزیکەی 700 هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاون و باڵایان تەنانەت لە مەترێک بچوکتر بووە.
یۆسوکێ کایفو لە زانکۆی تۆکیۆی وڵاتی یابان کە بەشدار بووە لە لێکۆڵێنەوەکە بە ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس دەڵێت، "پێشبینیمان نەدەکرد کە پاشماوەی خەڵکی بچوکتر لەو ناوچە شوێنەوارییە کۆنەوە بدۆزینەوە."
ئەندامانی ئەم توێژینەوەیە پێیان وایە ئەم کۆمەڵە کورتەباڵایە لە کۆمەڵەی هۆمۆ ئیرێکتەس پەرەیانسەندووە کە نزیکی 2 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر ژیاون و بەوە ناسراون هاوشێوەی مرۆڤی ئێستا توانای ڕێک وەستان و ڕێک ڕۆیشتنیان هەبووە.
یۆسوکێ کایفو دەڵێت، "ئێمە دەزانین هۆمۆ ئیرێکتەس 1.1 ملیۆن ساڵ لە دورگەی جاڤا هەبوون. بە جۆرێک لە جۆرەکان توانیویانە لە زەریا بپەڕنەوە و بگەن بەم دورگانە و لەوێ گۆشەگیربوون و پەرەسەندنێکی سەیریان بەسەرداهات."
سەبارەت بە هۆکاری بچووکبوونەوەی جەستەیان، زانایان دەڵێن لە ئەنجامی پرۆسەیەکی پەرەسەندنە کە ناسراوە بە "فیلێتیک دوارفیزم." لەم پرۆسەیەدا ئەو زیندەوەرانەی لە دورگەیەک دەگرسێنەوە کە مەترسی ڕاوکەرانیان لەسەر نامێنێت، بەگوێرەی کات قەبارەیان بچوک دەبێتەوە. زانایان ئەم پرۆسەی بچووک بوونەوەیان لە ئاسک و فیل و ئەسپی ئاوی و چەندین تری ئاژەڵ تۆمارکردووە کە لەسەر دورگەکان گیرساونەتەوە و دەڵێن پرۆسەی بچووک بوونەوەکە زۆر خێرا ڕوودەدات.
یۆسوکێ کایفو لە زانکۆی تۆکیۆ دەڵێت ئەم جۆرە لە باوانی مرۆڤ کەناوی هۆمۆ فلۆڕیسیەنسە بە خێرایی قەبارەیان بچووک بووەتەوە چونکە دوای ئەوەی لە دورگەی فلۆرێس گیرساونەتەوە، ڕووبەڕووی هیچ ئاژەڵێک نەبوونەتەوە کە بتوانێت ڕاویان بکات.
یۆسوکێ کایفو دەڵێت، "بەبێ هەبوونی هیچ ڕاوکەرێک لە دژیان، زیندەوەران هیچ سودێک نابینن لە هەبوونی جەستەی قەبارە گەورە چونکە پێویست بەوە ناکات شەڕ لەگەڵ هیچ شتێک بکەن... هێشتنەوەی جەستەیەکی قەبارە گەورە پێویستی بە خواردنی زۆر هەیە و کاتی وەچەخستنەوە درێژدەکاتەوە، بۆیە لە ڕووی پەرەسەندنەوە جەستەی قەبارە بچووک سودی زیاترە."
ئەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە لە جۆرناڵی پەیوەندییەکانی سروشت بڵاوکراونەتەوە.