نیگەرانییەکان سەبارەت بە هەوڵی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لە عێراق

هەوڵی ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە لە پەرلەمانی عێراق بۆ هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی وڵاتەکە کە لەوەتای ساڵی 1959 کاری پێدەکرێت، خەڵکێکی زۆری لەو وڵاتەی خستووەتە نیگەرانییەوە، بەو پێـیەی هەموارکردنەکە بە ئامانجی چەسپاندنی مەزهەبە لە یاساکەدا کە وەک دەڵێن بوار دەکاتەوە بۆ بە شوودانی کچانی تەمەن خوار 18 ساڵ، هەروەها لە حاڵەتی ڕوودانی ناکۆکی و کێشە لە نێوان دوو هاوسەردا پیاوانی ئاینی دەتوانن لە بری دادگاکان بڕیار بدەن.

دەپرسین:

چۆن ئەم هەموارکردنە دەبێتە هۆی کردنەوە دەرگا بە ڕووی بە شوودانی کچانی تەمەن خوار 18 ساڵ؟

لە بڕگەیەکی هەموارکردنەکە هاتووە کە هەردوو هاوسەر دەتوانن بڕیار بدەن لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە یان مەزهەبی سوونە هاوسەرگیری دەکەن. ئەمە لێکەوتەکانی چی دەبێت ئەگەر بێت و هەموارکردنەکە پەسەندبکرێت؟

هاوسەرگیری کاتی کە لە مەزهەبی شیعەدا ڕێگەپێدراوە، ئایا بە پەسەندکردنی هەموارکردنی یاساکە، هاوسەرگیری کاتی دەکاتە فەرمی لە تەواوی عێراق؟

ئەگەر پرۆژەی هەموارکردنەکە پەسەندکرا، هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکات؟

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتەکانی لەسەر عێراق چۆن دەبێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

دکتۆر بەشیر حەداد، شارەزای شەریعەتی ئیسلامی و جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و چالاکوانی بواری ژنان.

هێمن عومەر، پارێزەر.

Your browser doesn’t support HTML5

نیگەرانییەکان سەبارەت بە هەوڵی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لە عێراق

دکتۆر بەشیر حەداد:

ئەمە بابەتێکی هەستیارە چونکە دەستبردنە بۆ یاسایەک کە هەندێک تایبەتمەندی هەیە، ئەم یاسایە جیاوازی هەیە لەگەڵ یاساکانی تر چونکە یاسای باری کەسی سیاسەتی ئەندازەیی کۆمەڵایەتی دەکات واتە لە هەر کۆمەڵگەیەک ئەندازەی کۆمەڵایەتی تێکچوو شیرازەی کۆمەڵگە تێک دەچێت بۆیە پێویستە بەوردی و بە حیکمەتەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ئەم یاسایە پەیوەندی بە لایەنی کۆمەڵایەتی و لایەنی خێزانیەوە هەیەکە سەرەکیترین یەکەی کۆمەڵگەیە بۆیە پێویستە پتەوبوون و بەهێزبوونی خێزان بپارێزرێت هەر لەبەرئەوەیە ئەوەندە مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەلایەکی ترەوە کاری پەرلەمان یاسادانانە ئەو وڵات و کۆمەڵگەیە پێویستی بە چ یاسایەک هەبێت ئەو یاسایانە دەردەکات یان هەمواری دەکاتەوە بەشێوەیەک کە خزمەتی کۆمەڵگە و خزمەتی پێشکەوتنی کۆمەڵگە دەکات بۆیە دەبێت بزانین کە ئایا ئەم یاسایانە یاسایەکی پێویستە بۆ کۆمەڵگە یان لە بەرژەوەندی کۆی وڵاتە یاخود یاسای بەرکاری ژمارە 188 کەموکورتی تێدا بوو یان پێویستی بە گۆڕین هەیە لەوانەیە پێویستی بە هەمووار هەبێت بەڵام هەمووار بۆ باشترکردن و بۆ زیاتر زامنکردنی مافی ئەندامانی خێزان بەشێوەیەکی گشتی نەک بۆ تێکدان.

ئەگەر ئەم پرۆژەیاسایە سەربگرێت دەبێتە هۆکارێک بۆ تێکدانی لایەنی خێزانی کۆمەڵگەی عێراقی لەسەر بنەمای ئەوەی کە یاسای بەرکار یاسایەکی خراپ نییە واتە لە یاسا باشەکانی ناوچەکەیە کە زۆربەی زۆری ماددەکانی ئەم یاسایە لە فیقهی جەعفەریی شیعە و لە فیقهی حەنەفی وەرگیراوە.

یاسای باری کەسی پشت دەبەستێت بە مەسەلەی شەریعە بەڵام لەچوارچێوەی یاسادا داڕێژراوە کە بۆ هەمووان وەک یەک بێت

پێموایە ئەم پرۆژەیاسایە جگە لەبۆنی مەزهەبیی هیچی تر نییە کە زۆر لە کۆنەوە پێکهاتەی شیعە هەوڵی ئەوە دەدات کە بیسەپێنێت بەسەر کۆمەڵگەدا لەدوای ساڵی 2003 وە لە ساڵی 2014 وە دیسان ئەم پرۆژەیاسایە هاتەئاراوە و ویستیان ماددەی 57 هەمووار بکەنەوە و زۆر بە توندی وەستاینەوە لە پەرلەمان لەگەڵ ژمارەیەک لە پەرلەمانتار نەمانهێشت تێپەڕێت.

ئێستا بارودۆخەکە بۆ ئەوان گونجاوە چونکە سونە لەناوخۆیاندا پەرت و بڵاون، کوردیش لەناو خۆیاندا پەرت و بڵاون، سونە و کورد هەندێک داواکاریان هەیە، شیعەش دەیەوێت ئەم بابەتە ئاڵوگۆڕی پێ بکەن واتە شتێک بەرامبەر شتێک، بە سونە دەڵێن ئەگەر ئێوە داوای یاسای لێبوردنی گشتی دەکەن ئەوا پێویستە ئەوانیش ئەم پرۆژەیاسایە تێپەڕێنن، بە کوردیش دەڵێن ئەگەر دەتانەوێت هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا دەبێت ئەم پرۆژەیاسایە تێپەڕێنن وەکو ئەوەی کە تەنها بۆ خوێندنەوەی پرۆژەیاسایەک جەژنی (غەدیر) یان تێپەڕاند لەبەرئەوە من پێموایە ئەمە گەڕاندنەوەیە لە پرۆسەی دیموکراسی و لە پرۆسەی مەدەنیەتی دەوڵەتی عێراقی

ئەم پرۆژەیاسایە کۆمەڵگەی عێراقی دابەش دەکات بەسەر چینی مەزهەبی شیعە و سونە، لەئێستادا بابای شیعە دەتوانێت لە دادگا لەسەر مەزهەبی خۆی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و سونەش بەهەمان شێوەیە کەواتە هیچ کێشەیەک نییە بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە شیعە تەنها یەک مەزهەب نییە بەڵکو چەندین مەرجەعیان هەیە لەناو شیعە، ئایا دادگا بە کام مەرجەعیەتی شیعە بڕیار بدات لەوانەیە شنەکە مەرجەعێک بێت و مێردەکەی مەرجەعێک بێت کە ئەوە ناکۆکی و فەوزا دروست دەکات بەڕاستی ئەمە دەبێتە کێشەیەکی گەورە

ئەوەی من بیزانم هەموو ئاین و ئاینزاکانی تریش دژی ئەو پرۆژەیاسایەن چونکە تەنها باسی پێکهاتەی شیعە و سونە دەکات

دەوترێت با یاسا کۆنەکەش هەر بمێنێت واتە هەرکەس ویستی بە کام یاسا دەیەوێت حوکم بکات کە هەندێک شتی سەرسوڕهێنەری یاسایی و دەستوری تێدایە کە پێچەوانەی لەگەڵ دەستور و یاسایە

ئەمڕۆ پێکهاتەی شیعە باڵادەستە و دەرفەتێکی زۆرباشە بۆیان کە سەرۆکی پەرلەمان نییە و بۆ خۆیان پەرلەمان بەڕێوە دەبەن و دەیانەوێت ئەم پرۆژەیاسایە تێپەڕێنن.

ڕێزان شێخ دلێر:

یاسا دەبێت دەقێکی ڕوون بێت و پێویستی کۆمەڵگە بێت، دەبێت بەپێی بنەمای یاسادانان بێت ئەوەی کە دەبینرێت بەدەر لەکاری یاسادانانە و چۆتە سەر مەزهەبەکان چونکە یاسای بەرکاری ژمارە 188 سەرچاوەکەی شەریعەتی ئیسلامە کە بۆ موسوڵمان دانراوە، وە یاسای باری کەسی هەیە بۆ پێکهاتەکانی تری عێراق ئیتر چ پێویست دەکات بچینەوە سەر مەزهەبە دینیەکان.

هەر کەسێک کە بچێتە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە پێویستە بەڕوونی مافەکانی خۆی چیە، هەموو موسوڵمانێک بە عورف لای مامۆستایەکی ئاینی مارەدەبڕێت و دواتر دەچێتە دادگا و بەشێوازێکی فەرمی گرێبەستی هاوسەرگیری دەکات بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نەبێت کە ڕێز بۆ دادگا دانەنرێت دادگا تەنها بۆ پەسەندکردنی گرێبەستی هاوسەرگیری بێت، کێ هەیە چاودێر بێت بەسەر ئەو مامۆستا ئاینیەی کە لە دەرەوەی دادگایە هەندێکجار نەک تەنها کچ دەبێتە قوربانی لەم بابەتەدا بەڵکو کوڕیش دەبێتە قوربانی ئەوەیە کە نیگەرانی دروستکردووە لای ئێمە.

نیگەرانیەکی تر ئەوەیە کە جیاوازی دەکات لەنێوان ژن و پیاو چونکە لە مەزهەبی جەعفەریدا هاتووە ئەگەر کچێکی سونی شوی کرد بە کوڕێکی مەزهەبی جەعفەری ئەگەر هاتوو کێشە کەوتە نێوانیانەوە ئەوکات کوڕەکە ڕەچاوی مەزهەبی کچەکە ناکات حەنەفی بێت یان شافعی بەڵکو دەبێت بچێتە سەر مەزهەبی پیاوەکە لەبەر ئەوە ژن ناتوانێت بەرگری لە مافەکانی خۆی بکات

کاتێک دەبینرێت بەرامبەر دەیەوێت مەزهەبێکی ئاینی بسەپێنێت و لەناو ئەو مەزهەبەشدا دادپەروەری کەمتر بێت لەوکاتەدا ئەم قبوڵ ناکرێت

هاوسەرگیریی بابەتێکی هەمیشەییە و بابەتێکی کاتی نییە و ژیانێکی بەردەوامە بەڵام کە کێشە دەکەوێتە نێوان ژن و مێر دەبێتە جیابوونەوە، هەندێک لە مەزهەبەکان ڕێگەیانداوە بە هاوسەرگیری کاتی وەکو (متعە) و (سیغە) کە ئەمەش وادەکات ڕێزگرتن لە خێزان کەم بێتەوە تەنانەت باسی ژن هێنانەوەی دووەم و سێیەم و چوارەم کە مەرجدارە لە یاسادا ئەوکاتە ئەو مەزهەبانە ڕەچاوی ئەو مەرجانە ناکەن و لەدەرەوەی دادگا جیابوونەوە ڕوودەدات و بە ئاسانیش دەتوانرێت ژنیش بهێننەوە ئیتر ئەوکات لێک هەڵوەشاندنەوەی خێزان ئاسان دەبێت.

ئەوەی کە دەتوانێت جیابوونەوە کەم بکاتەوە و هاوسەرگیری پێشوەختە نەکرێت بەهۆشیاری کۆمەڵگە دەبێت.

لە ساڵی 2010 وە هەتا ئێستاش پرۆژەیاسای ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی لەناو عێراقدا نەتوانراوە خوێندنەوەیەکی گشتی بۆ بکرێت.

لەئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێژەی پەرلەمانتارەکانیان زۆرە و بەهێزن هەندێک لەو پەرلەمانتارانەی کە شیعەن و خۆیان بەسەربەخۆ هێناوەتە ناو پەرلەمان بەداخەوە هەموویان دەرکەوت کە زیاتر بەرگری لەوان دەکەن و زۆربەی زۆری پەرلەمانتارە شیعەکان کڕدراون

لە ئێستادا کورد هێزێکی گەورە نییە لەناو پەرلەمانی عێراقدا بەڵام لەکاتی خۆیدا هێز بووین و ڕۆڵمان هەبووە.

بۆجاری دووەم ئەوانەی لەناو پەرلەمان بوون ژمارەیان زۆر کەم بوو ئەگەر بەتەنها کورد بهاتایە دەرەوە ئەو پرۆژەیاسایە نەدەخرایە خشتەی کارەوە هەرچەندە لەحزبی سیاسی واهەبووە تەنانەت پەرلەمانتارە ژنەکانیشان نەهاتوونەتە دەرەوە.

ئەو یاسایە ئەگەر بچێتە سەر مەزهەبەکان و مامۆستایانی ئاینی و مەرجەعەکان بڕیار بدەن مەترسی گەورەیە بۆ سەر مرۆڤایەتی بەتایبەتی بۆ ژنان و مناڵان لەناو دەوڵەتی عێراقدا بۆ کاتی ئێستا بەهەموو شێوەیەک گەڕانەوە بۆ مەزهەب مەترسیدارە، لەگەڵ ئەوەشدا لەئێستاوە نوێنەرانی وڵاتان و یۆنامی نیگەرانن لەم یاسایە، چونکە عێراق دەوڵەتێکی مەدەنیە و خۆی چەندین ڕێککەوتننامەی تایبەت بەپاراستنی مافەکانی مرۆڤ پەسەندکردووە، هەرئێستا خۆی یاساکان دادپەروەری تێدانیە، جا وەرە ئەم یاسایە پەسەند بکرێت کەبەئاشکرا پێشەلکاری مافەکانی مرۆڤی تێدایە.

هێمن عومەر:

ئەو تەیارە شیعەی کە لەئێستادا باڵادەستە لەناو پەرلەمان هۆکارێکە بۆ پێشنیارکردنی پرۆژەیەکی لەوجۆرە، هەموو یاسایەک کە دەردوچێت لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانانەوە یەک ئامانجی هەیە ئەویش ڕێکخستنی پەیوەندییەکانە، ئەم یاسایە پەیوەندی نێوان ژن و مێرد ڕێک دەخات و پەیوەندی نێوان ئەندامانی خێزان ڕێک دەخات

ئەو لایەنەی ئەو پرۆژەیاسایەی پێشنیار کردووە دەڵێت پێچەوانەی یاسا و دەستور نییە بەو پێیەی کە لەماددەی (1،2،3) ی دەستوری عێراقیدا دەڵێت عێراق دەوڵەتێکی فیدڕاڵیە و دەکرێت لە چەند هەرێمێک پێک بێتکە لەسەر بنەمای ئاینی دابەش دەبن هەروەها دەڵێت ئاینی هەمەجۆر و مەزهەبی هەمەجۆرە کەواتە تاک مافی ئەوەی هەیە ئەو مەزهەبە هەڵبژێرێت کە بنەمای خێزانی خۆی لەسەر دادەمەزرێت

بەشوودانی کچ لەتەمەنی نۆ ساڵیدا پێچەوانەی یاسایە چونکە یاسا تەمەنی پێگەیشتنی داناوە بە 18 ساڵ، ڕێگە پێدراویشە بە مۆڵەتی دادگا لەهەندێک حاڵەتدا کچ لەتەمەنی 15 ساڵیدا بدرێت بە شوو

ئەم پرۆژەیاسایە ڕۆڵێکی ئەوتۆ ناهێڵێتەوە بۆ دادگا و ڕۆڵی دادگا زۆر لاواز دەکات بەو پێیەی گرێبەستی هاوسەرگیری دەکرێت و دادگا تەنها پەسەندی دەکات

ئەم بابەتە پێویستی بە سەرپەرشتیکردنی لایەنێکی قەزائی یان کارگێڕی و حکومی زۆر باش هەیە، دەبینرێت کۆمەڵێک مناڵی زۆر هەیە دەناڵێنن بەدەست نەخۆشی تالاسیماوە ئەمەش بەرئەنجامی ئەوەیە کە لەکاتی خۆیدا ئەو ژن و مێردەی هاوسەرگیریان کردووە پشکنینی خوێنیان بۆ نەکراوە

بەبڕوای من ئەم پرۆژەیاسایە کارەسانی لێدەکەوێتەوە، لێکەوتە خراپەکانی ئەم جۆرە یاسایانەپەیوەندی بە کەسەکەوە هەیە کە کاریگەری لە پاش چەند دەیە دەبینرێت ئەو کات دەبینرێت ڕێژەی جیابوونەوە زۆر دەبێت.

لەم جۆرە هاوسەرگیریانە پێویست بە شایەت ناکات و پێویستیش بە تەڵاق ناکات چونکە خۆی ماوەکەی هەڵدەوەشێتەوە ،شوێنەواری جیابوونەوەی ژن و مێر لەسەر مناڵ زۆر زیاتر دەبینرێت.

مەترسی ئەو پرۆژە یاسایە ئەوەیە کە وڵات بەسەر دوو مەزهەبی سەرەکی دابەش دەکاتو ناسەقاکگیری دروستدەکاتەوە لە عێراقداهەروەها ململانێی مەزهەبەکان و تۆخ دەکاتەوە و دەستەواژەی بەهاوڵاتی بوون تەواو کاڵ دەبێتەوە و کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دادەنێت ئەو کاتە حکومەتێکی لەرزۆک و شلۆقیش دەبێت، هاوسەرگیری کاتی ناڕاستەوخۆ لەم پڕۆژە هەموارەدا دانی پێدانراوە، جگەلەوەی بەپێی هەندێک لەمەزهەبەکان کەهەڵیدەبژێرن مەزهەبەکان بۆچونیان جیاوازە سەبارەت بەتەمەنی هاوسەرگیری کە هەندێک لەو مەزهەبانە ڕێگەی داوە بەخوار پانزە ساڵ هاوسەرگیری بکات ئەوە بەپێی ڕای جیاوازی مەزهەبەکان، بەڵام ئەمە هێشتا تەنها پڕۆژەیە بەدڵنیایی کەچووە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و ئەگەری دانانی کۆت و بەند و گۆڕانکاری هەیە، هەروەها مەترسییەکی ئەم پڕۆژە هەموارە تێکەڵبوونی(نەسەبە)بەدڵنیایی ئەمە گرفتی گەورەیە چونکە دواتر بەپێی ئەم هاوسەرگیرییانەی دەرەوەی دادگا ڕەنگە ماوەی شەرعی تەواو نەکات ئافرەتەکە هاوسەرگیری دەکاتەوە ئەوکات منداڵێک دروست دەبێت کەنازانرێت لەکام هاوسەرەیانە.