سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی تورکیا ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە بەرپرسانی باڵای تورکیا و عێراق لە ئانکەرە وتوێژیی ئاست بەرز ئەنجام دەدەن بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان سەبارەت بە پرسە ئاسایشییەکان.
هەردوو وڵاتی دراوسێ لە ساڵانی ڕابردوودا لەسەر ئۆپراسیۆنە سەربازییە سنووربەزێنەکانی ئانکەرە لە دژی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناکۆکییان هەبووە.
عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو ئۆپەراسیۆنانە پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەیە، بەڵام تورکیا دەڵێت بۆ پاراستنی خۆی پێویستن.
پەیوەندییەکان لە ساڵی ڕابردووەوە باشتر بوون، کاتێک هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی دانوستانی ئاست بەرز لەسەر پرسە ئاسایشییەکان، دوای ئەوەی ئەردۆغان لە مانگی چواری ئەمساڵدا سەردانی بەغدای کرد و ڕایگەیاند، پەیوەندییەکان چوونەتە قۆناغێکی نوێوە.
ئانکەرە و بەغدا هەتا ئێستا سێ خولی کۆبوونەوەیان لە چوارچێوەی میکانیزمی گفتوگۆکاندا ئەنجامداوە، عێراق لە دوایین کۆبوونەوەکانی مانگی سێدا بڕیاریداوە پەکەکە بە "رێکخراوێکی قەدەغەکراو لە عێراق" ناوزەد بکاتە تورکیا پێشوازی لەم هەنگاوە کرد.
ئەو سەرچاوە تورکە ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەی ڕۆژی پێنجشەممە، یەکەم کۆبوونەوەی "گرووپی پلاندانانی هاوبەش" دەبێت، کە لەکاتی گەشتەکەی ئەردۆغان بڕیاری لەسەر دراوە و وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات سەرۆکایەتی دەکەن.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە گفتوگۆکان بۆ دانانی هاوکاریی نێوانیان لە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی و بەردەوامدا دەکرێن، شاندەکان تاوتوێی جێبەجێکردنی 27 ڕێککەوتننامە دەکەن کە لە سەردانەکەی ئەردۆغان واژۆ کراون، هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دەستپێشخەری هاوبەشی زیاتر دەکەن.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز