وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم: ئێمە هیچ گرفتێک نابینین لە پێش پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی مانگی هەشتی 2024، شاندی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی کۆمیسیارانی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوە و هەردولا جەختیان کردەوە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کات و ساتی خۆیدا.وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمیش ڕاگەیاند،" ئێمە هیچ گرفتێک نابینین لە پێش پرۆسەی هەڵبژاردن و چاوەڕوان دەکەین هەڵبژاردنێکی ڕێک و پێک بەڕێوەبچێت."

ڕۆژی 26ی مانگی شەشی 2024، بۆ جاری پێنجەم سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دیاریکرد و بڕیاریدا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی مانگی دەی 2024 بەرێوەبچێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە ئامادەکاریەکانیان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لە کات و ساتی خۆیدا.

لە دوای کۆبوونەوەکەی نێوان ئەنجومەنی کۆمیسیارانی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دڵشاد شەهاب بە میدیاکانی ڕاگەیاند،" کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوانمان بەڕێوەچوو و پشتیوانی خۆمان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەربڕیوە و بە خۆشحاڵیەوە هەنگاوی باش نراوە و ڕێکاری باش لە کۆبوونەوەکە باسکرا."

وتیشی،" بە ئومێدێکی زۆرەوە تەماشای پرۆسەکە دەکەین کە پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بێت و ئەو هەنگاوانەی باس کران زۆر بەڕێکی بەڕێوە دەچن و ئێمە هیچ گرفتێک نابینین لە پێش پرۆسەی هەڵبژاردن و چاوەڕوان دەکەین هەڵبژاردنێکی ڕێک و پێک بەڕێوەبچێت."

لای خۆشیەوە عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەر بەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە میدیاکانی وت،" ئێمە ئەمڕۆ میواندارین کراین و کۆبوونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامدا پێمان ڕاگەیاند کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەکاری تەواوی کردوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و هاوڵاتیان و حزب و کاندیدە سەربەخۆکان دڵنیا دەکەینەوە بەو پەڕی پیشەی و بێلایانەنانەوە ئەم پرۆسەیە لە کاتی و ساتی خۆیدا ئەنجام دەدات."

وتیشی،" هەڵبژاردنەکە هەڵبژاردنێک دەبێت لە ئاست هەموواندا و زۆر شەفاف دەبێت و لە ئاستی نێو دەوڵەتی دەبێت و ماوەی هەفتیەکە لیژنەکانمان لەهەولێرن و پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت."

ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم یەکلایی کردەوە، کە لەلایەن سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم تۆمار کرابوو.

ئەنجامی سکاڵاکەی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی لێکەوتەوە کە بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی هەرێم دیاری کرابوون.

بەڵام ڕۆژی 20ی پێنجی 2024 دەستەى دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراقی گۆڕی و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی لە کۆی 100 کورسیی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بە شێوەیەک کورسییەکى ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسیی تورکمان و کریستیان بۆ هەولێر و دوو کورسى تورکمان و کریستیان بۆ سلێمانی تەرخان بکرێت.

کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆنسۆڵی ئەمەریکا

لەلایەکی دیکەوە هەر ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی مانگی هەشتی 2024، میدیای سەرۆکایەتی هەرێی کوردستان بڵاویکردەوە نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ستێڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، باسی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیان کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا بەردەوامیی پشتگیری و هاوبەشی و هاویەیمانیی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کوردستاندا دووپاتکردووەتەوە، هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و هیوایان خواست پرۆسەی دەنگدان سەرکەوتووانە بەڕێوەبچێت."

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا، دۆخى ناوخۆى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كەی نێوانیان‌ بووە.